رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا یاریی دێربیی کەتەلۆنیای بەرامبەر ئیسپانیۆل بە ئەنجامی 4-1 بردەوە، لە چوارچێوەی گەڕی 31ـی لالیگا بەڕێوەچوو.
بارسێلۆنا زوو دەستی بە گۆڵکردن کرد و لە خولەکی 9ـدا لە رێگەی فێران تۆرێسەوە پێشکەوت، پاشان هەمان یاریزان لە خولەکی 25ـدا گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەکەی تۆمارکرد.
ئیسپانیۆل لە خولەکی 56ـدا لە رێگەی پۆڵ لۆزانۆوە گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام ئەستێرە لاوەکە لامین یامال لە خولەکی 87 گۆڵی سێیەمی بۆ بارسێلۆنا کرد. لە کۆتایییەکانی یارییەکە و لە خولەکی 89ـدا، مارکۆس راشفۆرد گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد و سەرکەوتنەکەی مسۆگەر کرد.
ئەم یارییە گەڕانەوەی فرێنکی دی یۆنگی بۆ نێو یاریگاکان بەخۆوە بینی، کە هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ هاندەرانی یانەکە.
بابەتی پەیوەندیدار
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکەش، هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، دڵنیاییدا و رایگەیاند کە جێرارد مارتن سەلامەتە و هیچ کێشەیەکی نییە و بۆ یاریی داهاتوو بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید ئامادە دەبێت.
بەم سەرکەوتنە، بارسێلۆنا بە راهێنەرایەتی هانزی فلیک پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی بە 79 خاڵ بەهێزتر کرد، بە جیاوازی 9 خاڵ لەگەڵ ریال مەدریدی رکابەری کە لە پلەی دووەمە، ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا 7 گەڕ بۆ کۆتایی خولەکە ماوە.
بارسێلۆنا ئێستا زۆر نزیکە لە بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا و تەنیا پێویستی بە 4 سەرکەوتنی یەکلەدواییەک هەیە، کە یەکێکیان یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر ریال مەدرید دەبێت لە 10ـی مانگی 5ـی داهاتوو.
