رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید و جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی، رێکەوتنی تەواویان لەسەر هەموو خاڵەکانی گەڕانەوەی ئەو راهێنەرە بۆ مەشقدانی ریال مەدرید کردووە.
رۆژنامەی 'سپۆرت' ئاشکرایکردووە، رێکەوتنەکە کراوە و لەدوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی یانەکە، دەستبەجێ گەڕانەوەی سپێشەڵ وەن بۆ یانەکە رادەگەیێنرێت.
سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن، پەنابردنی سەرۆکی ریال مەدرید بۆ جۆزێ مۆرینیۆ، پەیامێکی ئەو سەرۆک یانەیەیە بۆ یاریزانانی یانەکەی، کە لە ماوەی وەرزی ئەمساڵدا کێشە و گرفتی زۆر لەنێوانیاندا سەریهەڵدا و ناکۆکیییەکانیان گەیشتە حاڵەتی لێکدان لە یەکدی.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، پێرێز پێیوایە ژووری جلگۆڕینی یانەکەی پێویستیی زۆری بەکەسایەتییەکی خاوەن کاریزمان و دەسەڵات، هەروەها توانادار لە سەپاندنی سیستم و رێککاری بەسەر یاریزانەکاندا هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، وەک هەمان ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، کەوتنی بەربژێرەکانی دیکە، رۆڵی گەورەی هەبووە لە سەقامگیربوونی پێرێز لەسەر مۆرینیۆ.
