رووداو دیجیتاڵ
یاریی لووتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و هەردوو یانەی هەولێر و نەورۆز لە دێربییەکی کوردستانیدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 35ـی خولەکەدا، کاژێر 20:00 یانەی هەولێر لە یاریگای فرانسۆ هەریری میوانداریی یانەی نەورۆز دەکات، خاوەن یاریگا دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت.
یانەی هەولێر لە هەژدە یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە گەڕی رابردوودا بە ئەنجامێکی گەورە لە یانەی نەجەفی بردەوە، ئەمشەو لە یاریگای خۆیدا دەیەوێت سوود لە هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی سێ خاڵی دیکە بەدەستبهێنێت و لە شورتەی دووەم دوورنەکەوێتەوە.
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لەبارەی یارییەکەوە گوتی " "ئێمە وەک هەولێر بەتەواوی ئامادەین و هیچ یاریزانێک نییە ئامادە نەبێت، هیوادارم یارییەکی بەهێز و شایستە بە ناوی هەردوو یانە پێشکێش بکەین". هەروەها گوتیشی "نەورۆز مافی خۆیەتی خەونی هەبێت، بەڵام خەونی ئێمە گەورەترە، چونکە ئەم سەرکەوتنە پاڵمان پێوە دەنێت بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەکە، ئەمەش هاندەرێکی گەورەیە بۆ یاریزانەکانمان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، راهێنەری هەولێر باسی لەوە کرد یانەی نەورۆز لە یاریی رابردوو 5 بۆ 6 یاریزانی سەرەکییان بەهۆی پێکان و سزاوە یاریی نەکردووە، بەڵام بێگومان بۆ ئەم یارییە ئامادە دەبن، بۆیە پێویستە هاندەرانی هەولێر بە ژمارەیەکی زۆرەوە لە یاریگە ئامادەبن، چونکە هەمیشە باشترین پاڵپشتی یانەکەن.
