رووداو دیجیتاڵ
هه‌ر كه‌سێ چیرۆكی ژیانی عه‌لیره‌زا بەیرانوەندی گۆڵپارێزی كوردی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران بخوێنێتەوە، هه‌ست به خۆڕاگری ئه‌و یاریزانه كورده ده‌كات، كه له‌پێناو گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌ی به‌رگه‌ی هه‌موو مه‌ینه‌تی و ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی ژیانی گرتووه.
بەیرانوەند كێیه؟
عه‌لیره‌زا بەیرانوەند، خه‌ڵكی شاری سه‌رابیاسی سه‌ر به پارێزگای لۆرستانه، رۆژی 21ـی مانگی 9ـی ساڵی 1992 لەدایکبووە، كه له هه‌ڤپه‌یڤینێکدا له گه‌ڵ رۆژنامه‌ی گاردیانی بەریتانی، كه له سایتی FIFAـشدا بڵاوکرایەوە، گوتی "من كوردم".
بەیرانوەند وه‌ك گوڵپارێزی سه‌ره‌كی له لیستی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران‌دا به‌شداری له مۆندیالی 2018ـی رووسیادا کرد، كه لەو بۆنە گەورە و گرنگەدا شەرەفی ئەوەی پێ‌بڕا لێدانی سزای کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی بەنێوبانگی پۆرتوگالی بگەڕێنێتەوە.
ئەو کوڕە کوردە تاوەکو ئێستاش پارێزگاری لە تۆڕی هەڵبژاردەی ئێران دەکات.
له شوانییه‌وه دەستیپێکرد
بەیرانوەند له خێزانێكی كۆچه‌ره، كاری شوانی كردووه، دواتر له‌پێناو تۆپی پێ له‌ده‌ست خێزانه‌كه‌ی رایكردووه، هه‌موو كارێكی كردووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕه پاره‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی له تۆپی پێ خه‌رج بكات، له كارگه‌ی جلوبه‌رگ، شوشتنی ئۆتۆمبێل و پاككردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان كاریكردووه.
له خێزانێكی كۆچه‌ر له‌دایكبووه، كه به‌رده‌وام به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی زه‌وییه‌كی گیایی بۆ مه‌ڕ و بزنه‌كانیان ماڵیان گواستووه‌ته‌وه.
عه‌لیرەزا كوڕی گه‌وره‌ی خێزانه‌كه‌ی بووه، بۆیه ئاسایی بوو كه له ته‌مه‌نێكی بچووكه‌وه كاری پێبكه‌ن، كاری سه‌ره‌كی ئه‌و شوانی بوو، هه‌ر كاتێ عه‌لیرەزا كاتێكی پشووی دهستكهوتبووایه یاری تۆپی پێ و یاری (دال باران)ی ده‌كرد، كه یارییه‌كی كوردییه، بریتییه له به‌رد هاوێشتن، كه چه‌ند هاوڕێیه‌ك پێكه‌وه به‌رد ده‌هاوێژن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كامیان به‌رده‌كه بۆ دوورترین ماوه ده‌هاوێژێت.
زۆر كه‌س پێیانوایه ئه‌م یارییه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به تۆپی پێوه نییه، به‌ڵام له راستیدا ئه‌مه سوودێكی زۆری بۆ دواڕۆژی عه‌لیرەزا وه‌ك گۆڵپارێزی تۆپی پێ هه‌بووه و ماسوولكه‌كانی ده‌ستی به‌هێزكردووه، هەر بۆیەش بەوە ناسراوە کە بە دەست تۆپ بۆ مەودایەکی درێژ دەهاوێژێت.
هەموو شتێک لەپێناو تۆپی پێ
عەلیرەزا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته یاریزان هەموو کارێکی کردووە، كاری شوانی و شووشتنی ئۆتۆمبێل و پاككردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كانی كردووه.
دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی بەیرانوەند ده‌بێته 12 ساڵ خێزانه‌كه‌ی له سارابیاس نیشته‌جێ بوون، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی بۆ عه‌لیرەزا ره‌خساند ده‌ست به مه‌شق و یاری بكات، وه‌ك پێشتر گوتوویەتی "من سه‌ره‌تا وه‌ك هێرشبه‌ر ده‌ستم پێكرد، به‌ڵام جارێكیان گۆڵپارێزهكهمان تووشی پێكان بوو، من ناچاربووم ببمه گۆڵپارێز، ئیدی بۆم ده‌ركه‌وت كه گۆڵپارێزێكی باشم و بڕیارمدا وه‌ك گۆڵپارێز درێژه به كاروانه‌كه‌م بده‌م".
باوكێكی كه‌لـله‌ڕه‌ق
موڕته‌زا بەیرانوەندی باوكی عه‌لی، وه‌ك زۆربه‌ی باوكه ئێرانییهكانی دیكه، پێیوابوو تۆپی پێ هه‌رگیز كارێكی گرنگ نییه بۆ كوڕه‌كه‌ی، بۆیه ده‌یوست كوڕه‌كه‌ی بكاته كرێكارێكی سادده بۆ ئه‌وه‌ی داهاتی رۆژانه بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ربكات.
عه‌لیرەزا له‌و بارەیەوه دەڵێت "باوكم رێگه‌ی پێنه‌ده‌دام تۆپی پێ بكه‌م، پێی‌گوتم ده‌بێ ببیته كرێكار، ته‌نانه‌ت جله‌كانی یاری و ده‌سته‌وانه‌كانی منی دڕاندو ناچاربووم به‌بێ ده‌سته‌وانه یاری بكه‌م".
راكردن له‌پێناو تۆپی پێ
تاوه‌كو ته‌مه‌نی عه‌لیرەزا گه‌وره‌تر ده‌بوو، ویست و خۆشه‌ویستی ئه‌و بۆ تۆپی پێ پتر ده‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵیدا كه‌له‌ڕه‌قی و دژایه‌تی باوكیشی زیاتر ده‌بوو، بۆیه عه‌لی بڕیاریدا له‌پێناو ئامانجه‌كه‌یدا له ماڵه‌وه رابكات.
عه‌لیرەزا شه‌وێك بڕیاریدا رابكات به‌ره‌و تارانی پایته‌خت، ئه‌و پاره‌یه‌كی كه‌می بۆ كرێی رێگا له خزمێكی قه‌رزكرد و به پاس چووه تاران.
له‌نێو ئه‌و پاسه‌دا یه‌كه‌م زه‌نگی بهختباشی بۆ عه‌لیرەزا لێیدا، كاتێك له‌نێو پاسه‌كه‌دا راهێنه‌رێكی تۆپی پێی ناسی، ناوی حوسێن فایز بوو، راهێنه‌ری تیپێكی میللی بوو، ئه‌و به عه‌لی گوت رێگه‌ی پێده‌دات له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ی مه‌شق و راهێنان بكات به‌رامبه‌ر به 200 تومه‌ن، كه ئه‌وكات ده‌یكرده 30 دۆلاری ئه‌مریكی، به‌ڵام ئه‌و گۆڵپارێزه لاوه نه پاره‌ی هه‌بوو نه شوێنێك بۆ نووستن.
عه‌لیرەزا چه‌ندین شه‌وی له‌ژێر تاوه‌ری ئازادی له‌سه‌ر شه‌قام به‌ڕێكرد، كه له‌وێ ئاواره هه‌ژاره‌كان ده‌مێننه‌وه، شه‌وێكیان دوكاندارێك رازیبوو ژوورێكی ماڵه‌كه‌ی بداته عه‌لیرەزا له به‌رامبه‌ر یارمه‌تیدانی له دوكانه‌كه‌ی، ئه‌ویش قبوڵی كرد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بچێته ئه‌و تیپه‌ی كه فایزی راهێنه‌ر به‌ڕیوه‌ی ده‌برد. ئه‌و دەڵێت "من شه‌وێك له‌به‌ر ده‌رگای ئه‌و تیپه نووستبووم، كه هه‌ستامه‌وه بینیم خه‌ڵكی پاره‌یه‌كی زۆریان بۆ فڕێداوم، وایانزانیبوو من سواڵکەرم، باشه، هه‌ر چۆنێك بێت من ئه‌و رۆژه‌ی خواردنێكی زۆر به تامم خوارد، كه ماوه‌یه‌كی زۆربوو خواردنێكی خۆشم نه‌خواردبوو".
ده‌رگای ره‌حمه‌ت
ئه‌و ده‌رگایه‌ی فایز لێیكردبووهوه دواتر به‌سه‌ریدا داخست به‌هۆی نه‌بوونی پاره، جارێكی دیكه هه‌ر له‌لایه‌ن فایزه‌وه به رووی عهلیرەزادا كرایه‌وه.
فایز دڵی بۆ عه‌لیرەزا نه‌رم بوو، رازی بوو عه‌لیرەزا به‌بێ دانی پاره له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ی مه‌شق و راهێنان بكات، هەروەها فایزی راهێنه‌ر داوای له یاریزانێكی كرد یارمه‌تی بەیرانوەند بدات و 2 هه‌فته له ماڵی ئه‌و هاوڕێیه مایه‌وه، ئینجا هاوڕێیه‌كی دیكه داوای له باوكی كرد كه كارگه‌یه‌كی دروستكردنی جلی ژنانی هه‌بوو، عه‌لی وه‌ك كرێكار له كارگه‌كه‌ی وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی شه‌وان له‌وێ بخه‌وێت.
به‌سه‌رهاتی له‌گه‌ڵ عه‌لی دایی
بەیرانوەند كاری شووشتنی ئۆتۆمبێلی كردووه و به‌هۆی درێژی باڵای بوووه‌ته پسپۆر له شووشتنی ئۆتۆمبێله وه‌رزشییه‌كان، تاوه‌كو رۆژێك رووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستێكی زه‌حمه‌ت ده‌بێته‌وه، کە عه‌لی دایی ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێی ئێران و یاریزانی پێشووی یانه‌ى بایرن میونشنی ئه‌ڵمانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی برده لای عه‌لی بۆ ئه‌وه‌ی بیشوات، هاوڕێیه‌كانی پێیانگوت ئه‌وە ده‌رفه‌تێكی زێڕینه، داوای هاوكاری لێبكه بۆ ئه‌وه‌ی رێنماییت بكات، به‌ڵام بەیرانوەند ئه‌وه‌ی نه‌كرد. عه‌لیرەزا له‌و بارەیەوه دەڵێت "ده‌مزانی دایی یارمه‌تیم ده‌دات ئه‌گه‌ر داوای لێبكه‌م، به‌ڵام شه‌رمم كرد قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م و بارودۆخی خۆمی بۆ باس بكه‌م".
نه‌فتی تاران
دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، راهێنه‌ری یانه‌ی نه‌فتی تاران بەیرانوەندی برده یانه‌كه‌ی، سه‌ره‌تا رێگه‌یان پێدا له ژووری نوێژدا بخه‌وێت، به‌ڵام دواتر گوتیان چیدی ناتوانی له‌و ژووره‌دا بخه‌وی، بۆیه عه‌لیرەزا ناچاربوو له دوكانێكی پێتزا كاربكات و به پاره‌ی كاركردن شوێنێك بۆ خه‌وتن ده‌ستبخات. له‌وێ جارێكی دیكه بەیرانوەند رووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستێكی دیكه‌ی زه‌حمه‌ت بووه‌وه، كه ئه‌مجاره راهێنه‌ره‌كه‌ی هاته لای بۆ كڕینی پێتزا، بێئه‌وه‌ی بزانێت بەیرانوەند له‌وێ كارده‌كات، ئه‌و نه‌یویست خۆی پیشانی راهێنه‌ره‌كه‌ی بدات، به‌ڵام خاوه‌نی دوكانه‌كه ناچاریكرد خۆی پێتزا به راهێنه‌ره‌كه‌ی بدات، بۆیه دوای چه‌ند رۆژێك ئه‌و كاره‌شی جێهێشت.
كۆتایی خه‌ونه‌كه
به‌ده‌ستخستنی كارێكی دیكه زه‌حمه‌ت بوو، بۆیه عه‌لی ئه‌مجاره به ناچاری بووه پاككه‌ره‌وه‌ی شه‌قامه‌كان. ئه‌و ده‌ڵێت "هه‌ندێجار ناچاربووم به‌ته‌نیا باخچه‌یه‌كی گه‌وره پاك بكه‌مه‌وه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی هه‌بوو بۆ سه‌ر توانای جه‌سته‌یی من له یارییه‌كاندا".
یانه‌ی نه‌فت ده‌ریكرد له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تیپێكی دیكه یاری كردبوو و تووشی پێكان بووبوو. چووه یانه‌ی هۆما، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و یانه‌یه گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ نه‌كرد، ئه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وكات هه‌ستم كرد خه‌ونه‌كه‌م كۆتاییهات، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌فت په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و گوتی ده‌توانی بگه‌ڕێیته‌وه یانه‌كه، ئه‌وه‌ش خێری تێدابوو، چونكه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هۆما گرێبه‌ستم كردبا، له‌وانه‌یه ئێستا نهگهیشتبوومایه ئه‌م ئاسته".
ئه‌و گۆڵپارێزە کوردە ده‌شڵێت "مه‌ینه‌تی زۆرم چه‌شتووه له‌پێناو گه‌یشتن به ئاواته‌كانم، هه‌رگیز له‌بیریان ناكه‌م".
سه‌ره‌تای ناوبانگ
بەیرانوەند بۆ هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی ئێران بانگهێشتكرا. به‌ڵام هه‌ر یاری (دال باران) هۆكاری ناوبانگ ده‌ركردنی بوو، چونكه له ساڵی 2014 توانی له به‌رامبه‌ر یانه‌ی تراكتۆر، به‌ده‌ست تۆپێك بۆ ماوه‌ی 70 مه‌تر فڕێبدات، كه بێگومان ئه‌مه به‌هۆی ئه‌وه‌بوو كه چه‌ندین ساڵ به‌ردی ده‌هاوێشت و ده‌ست و مهچهكهكانی بووبوونه خاوه‌نی ماسوولكه‌ی به‌هێز، ئیدی به‌و تۆپ هاوێشتنه ناوبانگی له هه‌موو ئێران ده‌كرد و ته‌نانه‌ت ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی بیانیش بایه‌خیان پێدا.
بەیرانوەند له ساڵی 2015 بووه گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران و لە 2018 خه‌ونه گه‌وره‌كه‌ی هاتەدی و بەشداری لە مۆندیالدا کرد و ئاستێكی به‌رزی پێشکەشکرد و رووی لە ئەوروپا کرد.
بەیرانوەند له 16/5/2016 به‌پێی گرێبه‌ستێكى 2 ساڵی چووه ریزه‌كانی یانه‌ی پێرسپۆلیس و له 2017 گرێبه‌سته‌كه‌ی تاوه‌كو 2021 درێژكرایەوە، بەڵام دواتر چووە ریزەکانی یانەی رۆیال ئانتوێرپی بەلجیکی، ئینجا بەپێی گرێبەستێک چووە ریزەکانی یانەی بواڤیستای پۆرتوگالی.
بەیرانوەند و مۆندیال
عه‌لیره‌زا بەیرانوەند، گۆڵپارێزی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران، تاكه یاریزانی كورد بوو به‌شداری له مۆندیالی 2018ی رووسیادا بكات. هه‌رچه‌نده كۆمه‌ڵێك یاریزانی دیكه‌ش هه‌بوون، كه هه‌ندێك له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به كورد ناویان دەبەن، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه هه‌ندێكیان به رهچەڵەک كوردبن، به‌ڵام بەیرانوەند تاكه یاریزان بوو له‌نێوانیاندا كه راشكاوانه دان به ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆیدا بنێت و شانازی به كوردایه‌تی خۆی بكات. ئه‌و چەندینجار لە هەڤپەیڤینەکانیدا گوتوویەتی "من كوردم".
بۆ بەلجیکا و ئێستاش لە پۆرتوگال
عەلیرەزا بەیراوەند، چەندین ساڵ پارێزگاری لە تۆڕی گۆڵی یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی کرد، بەڵام دواتر بڕیاریدا وەک ایریزانێکی پیشەگەر روو لە ئەوروپا بکات، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی رۆیاڵ ئانتوێرپی بەلجیکییەوە کرد.
دوای دوو ساڵ، بەیرانوەند بەشێوەی خواستن بۆ یەک وەرز پەیوەندی بە بە ریزەکانی یانەی بواڤیشتای پۆرتوگالی کرد.
بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوان یانە بەلجیکی و پۆرتوگالییەکە کراوە، چەند بەندێک لە گرێبەستی نێوان هەردوولادا هەن، یەکێک لە بەندەکانیش ئەگەری کڕینەوەی هەمیشەیی گۆڵپارێزە کوردەکەیە دوای تەواوکردنی ماوەی خواستنەکەی لەگەڵ یانەی پۆرتوگالییەکە، ئەگەر رەزامەندیی یانەکەی لەسەربوو.
میدیا ئێران دەڵێت " ئەگەر بەیراوەند بە یەکجاری گرێبەستی لەگەڵ بواڤیشتا کرد گرێبەستەکەی بۆ ماوەی 3 ساڵ دەبێت و کاروانی داهاتووی لە خولی پۆرتوگال دەبێت".
بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە، رێککەوتنی نێوان رۆیاڵ ئانتوێرپ و بواڤیشتا بۆ گواستنەوەی بەیراوەند بەرامبەر ملیۆنێک و 200 هەزار یۆرۆ کراوە.
یەکێکی دیکە لە بەندەکانی گرێبەستی بەیراوەند بۆ یانەی بواڤیشتا ئەوەیە، لە ئەگەری کڕینەوەی هەمیشەی و فرۆشتنەوەی گۆڵپارێزەکە لەلایەن بواڤیشتاوە لە هەر کاتێکدا 20٪ پارەی گرێبەستەکە بۆ یانە بەلجیکییەکە دەبێت.
بەیراوەند ئێستا سێیەم یاریزانی هەڵبژاردەی ئێرانە لە خولی پۆرتوگال، کە هەریەکە لە مەهدی تاریمی و عەلی پۆری هاوڕێی لە یانەی پێرسپۆلیس لەو خولەدا یارییدەکەن، جگە لەو دوو یاریزانە چەند یاریزانێکی دیکەی ئێرانیش لە یانە جیاوازەکانی دیکە یارییدەکەن، بەمەش پێدەچێت خۆگونجاندن بۆ بەیراوەند لەگەڵ ئەو خولە ئاسانتربێت.
بواڤیشتا ناوێکی دیاری خولی پۆرتوگالە، وەرزی رابردوو لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەبوو، چەند یاریزانێکی دیار لەو یانەیەدا یارییدەکەن کە عادل رامی، بەرگریکاری پێشووی فەرەنسا و یانەکانی میلان، مارسیلیا، فێنارباخچە و چەند یانەیەکی دیکە یەکێک لەو یاریزانانەیە.