رووداو دیجیتاڵ
لەپێناو بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان 8 پڕۆژەی بۆ پاراوكردنی ئاوی ژێرزەوی دروستكردووە و ئەم ساڵ بۆ یەكەمینجار سوودیان لێ بینراوە.
د. كاروان هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 8 پڕۆژەیە لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بووە، بە دیاریكراوی لە ناوچەكانی "دارەتوو و تارین لە نزیك هەولێر و قەزاكانی هەریر و ئاكرێ بووە، پڕۆژەكە زۆر سەركەوتوو بووە، بەشێویەكی گشتی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لەو ناوچانە لە دوو تاوەكو 23 مەتر بەرزكردووەتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، بۆ پارێزگای سلێمانیش، پڕۆژەیەكی هاوشێوەی ئەوەیان هەیە: "تەنانەت دەرخستە و دیزاینی پڕۆژەكە تەواوكرا و ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە سەرجەم ئەو پڕۆژانە بە ئەندازیار و توانای نێوخۆی خۆمان كراوە".
كەمبارانی پار، وەک ئەو بەرپرسەی سەرچاوەكانی ئاو باسی كرد، بەشێوەیەكی مەترسیدار لە زاخۆ تاوەكو خانەقین کاریگەری هەبووە.
