رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خوێندنی نێو پۆلی راگرت و پڕۆسەکەی کردە ئۆنلاین، ئێستا لە بەشێکی زانکۆکان کاتی وێنەی دەرچوونە و چارەنووسی ئەو رێوڕەسمە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دیار نییە.
رۆژی دووشەممە 6ی نیسانی 2026، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەبێت ساڵانە لەنێوان 1 تاوەکو 20ی نیسان، هەموو قوتابیان ئاهەنگی وێنەگرتنیان تەواو کردبێت، بەڵام ئەم ساڵ بۆ سەروو 25 هەزار قوتابی هێشتا هیچ رێکارێکی نوێ دەرنەچووە و پڕۆسەکە دەستی پێنەکردووە."
د. یۆهان عوسمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی لەبارەی هەمان بابەت گوتی، "ئاهەنگی وێنەی دەرچوون لای ئێمە ساڵانە لە مانگی ئایاردا دەکرێ، بەڵام بۆ ئەم ساڵ جارێ هیچ پلانێکی نوێ دیار نییە، چاوەڕێی دۆخەکە دەکەین تاوەکو بزانین ئەگەر ئاڵۆزییەکان بەردەوام بن، دەبێت چ پێشنیازێکی نوێ بخەینەڕوو."
سەرکەوت رەشید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "هێشتا ئامادەکاری بۆ ئاهەنگی وێنە نەکراوە و چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵاین، چونکە بەهۆی خوێندنی ئۆنلاینەوە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر شێوازی وێنەگرتنی ئەم ساڵ نەدراوە.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان28/04/2026
وەزارەتی ئەوقاف: جەژنی قوربانی پیرۆز 26 یان 27ی ئایار دەبێت
کوردستان28/04/2026
دوو کەس لە پارێزگای ورمێ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
"
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک گوتی، "وێنەگرتنی قوتابییان لای ئێمە بە شێوەیەکی سرووشتی لە کۆتایی مانگی چوار و سەرەتای مانگی پێنج دەکرێ."
د. بەمۆ پەروێزخان، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، جەخت لە گرنگیی وێنەی دەرچوون دەکاتەوە و دەڵێت، "ئەگەر ئەم ساڵ وێنەگرتن بەهۆی دۆخەکەوە کەمێکیش دوابکەوێ کێشە نییە، بەڵام پێویستە رێوڕەسمەکە هەبێ، چونکە ئەو وێنانە هەنگاوێکی گرنگن بۆ تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان و دروستکردنی بەڵگەنامەکانی دەرچوون بۆ قوتابیان."
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، 29ـی ئاداری 2026 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا خوێندنی ئامادەبوون لەنێو پۆلەکان رابگیرێ و پڕۆسەی خوێندن تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.
