رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک، گەنجێک بەهۆی گازی خەڵووزەوە گیانی لەدەستدا. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قەزاکە دەڵێت، گەنجەکە خەڵوزی بۆ گەرمکردنی گەرماو بەکارهێناوە و خنکاوە.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئاکرێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەنجەکە پێش ئەوەی بچێتە گەرماو، خەڵوزی بۆ گەرمکردنی گەرماوەکە بردووەتە ژوورەوە، دوایی کە ویستوویەتی خۆی بشووات بە گازی خەڵوزەکە خنکاوە".
گەنجەکە ناوی ئازاد حەسەن محەممەدە و لەدایکبووی ساڵی 2000ـە و خەڵکی گوندی گەلوکە لە ناحیەی بجیل لە قەزای ئاکرێ.
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئاکرێ، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە گەرماوەکە ماوەتەوە، کەسوکاری هەستیان پێکردووە و دوای بانگکردن و وەڵامنەندانەوەیان دەرگای گەرماوەکەیان شکاندووە و تاوەکو گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە، بە کاریگەریی هەڵمژینی گازی یەکەم ئۆکیسدی کاربۆنەوە گیانی لەدەستداوە.
ئازاد حەسەن شەوی رابردووە گیانی لەدەستداوە، دوای رێکارە یاساییەکان، تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.
