رووداو دیجیتاڵ
نەهرۆ محەممەد و هەردی محەممەد
بەگوێرەی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجوومەن دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی "بەپەلە"ی ئەنجوومەنەکە. پەیامنێری رووداو لە کەرکووک دەڵێت، رێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکووک دەست لەکار دەکێشێتەوە.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رۆژی چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە ئاگادار کراینەوە کە سبەی کاژیر 12:00ی نیوەڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکرێ".
لە نووسراوەکەی محەممەد ئیراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاتووە: "پاڵپشت بە مادەی 11/چوارەم و مادەی 38/ یەکەم لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ساڵی 2015ی هەموارکراو، داواتان لێدەکەم بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ رۆژی پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن بن".
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنەکەوە بە رووداوی گوت، لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە پۆستی پارێزگار هەیە.

