رووداو دیجیتاڵ
دروێنەی گەنم لە ناوچە گەرمەکانی باشووری کوردستان دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ، پێشبینی دەکرێ ملیۆنێک تۆن گەنم لە سنوورەکە هەبێت.
بەهۆی زۆریی بارانی ئەم وەرزەی بارینەوە، بەراورد بە ساڵانی پێشوو دروێنەی دانەوێڵە دواکەوت. ساڵانی پێشوو لە ناوچە گەرمەکانی وەک گەرمیان و دەشتی هەولێر لە کۆتاییەکانی مانگی چواردا دروێنە دەستی پێدەکرد.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنوورەکەمان دروێنەی گەنم لە قەراج و کەندێناوە وەک یەکەمین ناوچەی پارێزگاکە دەستی پێکرد."
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە ئەم ساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هەبێ، لەکاتێکدا عێراق بڕیاری داوە تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێ.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی، "ئەم ساڵ پێشبینی دەکەین لە سنوورەکەمان بەرهەم بگاتە یەک ملیۆن تۆن گەنم."
هاوکات ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بارانەوە دروێنە دواکەوت، بەڵام ئێستا بەشێکی جووتیارانی سنوورەکەمان دروێنەیان دەستپێکردووە.
