رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، تاوەکو ئەمڕۆ هاوکاریی هاوپەیمانان نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان. بەرپرسێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەری زۆرە "دابەشکردنی هاوکارییەکە بکەوێتە دوای جەژن."
لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکانی ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هاوکاریی هاوپەیمانان نەخراوەتە سەر هەژمارەی وەزارەتمان."
لەبارەی کاتی ناردنی هاوکارییەکەوە، لیوا توانا سدیق ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئەمڕۆ نازاندرێ کەی پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە.
هاوکات بەرپرسێکی دیکە لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی گوت، "کاتی ناردنی پارەی هاوپەیمانان دیار نییە کەیە و مانگانە رۆژەکەی دەگۆڕدرێت."
ئەو بەرپرسە گوتی، "وەزارەتی پێشمەرگە دوای ناردنی پارەی هاوکاریی هاوپەیمانان لانیکەم دوو رۆژی پێویستە بۆ دابەشکردن، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە دابەشکردنەکە دەکەوێتە هەفتەی یەکەمی دەستپێکی دەوام لە دوای جەژنی قوربان.
