رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سلێمانی دەڵێ، زیاتر لە 70٪ـی دەرچووانی بەشەکەی لە زانکۆی سلێمانی کاریان دەست دەکەوێ، چونکە لەکاتی خوێندندا دەچنە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کاری میدیایی و لەوێ شارەزای کارکردن دەبن.
د. دڵشاد مستەفا، سەرۆکی بەشی فیلمسازی لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی، ئەمڕۆ 26ـی ئابی 2026 لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات، گوتی: "وانەیەکمان لە قۆناخی چوارەمی بەشی فیلمسازی هەیە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە و ناوی ئەزموونی کارە. لەم وانەیەدا دەبێت خوێندکار بەشێوازی خۆبەخشی بچێتە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کاری میدیا یان تەلەڤزیۆنێک بۆئەوەی شارەزای کارکردن بێت. ئەو وانەیە وەک وانەکانی دیکە نمرەی لەسەرە و لە زانکۆ چاودێری دەکەین، ئەمەش وایکردووە خوێندکارەکانمان ئەزموون پەیدابکەن و کاریان دەستبکەوێ".
د. دڵشاد مستەفا دەڵێ: "محەممەد مستەفا دەرهێنەری فیلمی (ماڵی نەنە) یەکێک بووە لەو خوێندکارانەی بەشی فیلمسازی تەواو کردووە. جگە لە فیلم، دەرچووەکانی دیکەمان لە ریکلام و کارە میدیاییەکاندا دەبینینەوە".
ئەمڕۆ لە سلێمانی رێوڕەسمی فەرشی سوور بۆ فیلمی (ماڵی نەنە) بەڕێوەدەچێت. د. دڵشاد مستەفا دەڵێت: "ئەم فیلە کۆمیدی و خێزانییە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێ بینەری زۆری هەبێت. هۆکارێکی دیکەی ئەوەش کە چاوەڕێ دەکەین بینەری فیلمەکە زیاتر بێت ئەوەیە کە رووداو سپۆنسەری میدیایی دەکات و بەرهەمەکە زیاتر بە خەڵک دەناسێنیت".
لەبارەی ئەوەی هونەر دەبێتە سەرچاوەی داهات، د. دڵشاد مستەفا دەڵێت: "فیلم هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەچێت. ئێستا فیلمەکانمان لەنێوخۆدا دەبینرێن، بەڵام نەمانتوانیوە فیلمەکانمان بە جیهانی بکەین و بیانگەیێنینە ئاستێک کە بینەری وڵاتانی دیکە بتوانن سەیری فیلمەکانمان بکەن".
د. دڵشاد مستەفا باس لەوەدەکات کە "پێویستە خەڵک پشتیوانی زیاتری فیلم و بەرهەمی نێوخۆیی بکەن و بچن بلیتی فیلمەکان بکڕن بۆئەوەی داهاتی بەرهەمەکان زیاتر ببێت و هونەرمەندان بتوانن بەردەوام بن لە کارکردن. بەم شێوەیەش بازاڕێکی باشتر بۆ هونەر دروست دەبێت".
بەگوتەی د. دڵشاد مستەفا، بەشە هونەرییەکانی زانکۆی سلێمانی مەترسی داخستنیان نییە، چونکە خواست لەسەر خوێندن لەو بەشانە زیاد بووە. بۆ نموونە، لە بەشی فیلمسازی ساڵانە تەنیا 20 خوێندکار وەردەگیرێن، بەڵام داواکارییەکە بۆ وەرگرتن زۆر لەوە زیاترە.

