رووداو دیجیتاڵ
هۆزان دینۆ، هونەرمەندی کورد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو کۆنسێرت لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا سازدەکات و بەشی زۆری داهاتەکەیان وەک هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان دەنێرێ. هۆزان دینۆ گوتی، وەک هاوخەمییەک بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەو کۆنسێرتانەدا گۆرانیی شاد و هەڵپەڕکێ ناڵێ و نێوەڕۆکی کۆنسێرتەکانی تەنیا گۆرانیی شۆڕشگێڕی دەبن.
لە کاتێکدا خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان بە رۆژانی سەختدا تێدەپەڕن، هۆزان دینۆ، هونەرمەندی ناسراوی کورد بڕیاریدا بۆ هاوسۆزی و پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستان دوو کۆنسێرتی جیاواز لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا ساز بکات.
هۆزان دینۆ، رۆژی هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026 لەبارەی ئامانجی ئەو دوو کۆنسێرتە و نێوەڕۆکەکەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد. هۆزان دینۆ رایگەیاند، کۆنسێرتی یەکەم رۆژی 25ی ئەم مانگە لە شاری ئۆترێختی هۆڵەندا دەکرێ و گوتی، هەموو بلیتەکانی ئەو کۆنسێرتە فرۆشراون و بەشێک لە داهاتەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەنێرێ.
ئەو هونەرمەندە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، کۆنسێرتی دووەمی رۆژی 31ی کانوونی دووەمی 2026 لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیایە و گوتی: "هێشتا 7 بۆ 8 رۆژ بۆ ئەو کۆنسێرتە ماوە و بلیتەکانیشی دەفرۆشرێن.
بابەتی پەیوەندیدار
کولتوور و ستایل26/04/2026
شاخەوان کەرکووکی دوو شیعری نالی و بێخود بەئاوازێک دەچڕێت
کولتوور و ستایل23/04/2026
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ لە ئامەد بە دروشمی "دیالۆگ بۆ ئاشتی" دەستی پێ کرد
هەموو ئەو داهاتەی لەو کۆنسێرتەوە دەستدەکەوێ، وەک هاوکاری بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەنێردرێ."
هۆزان دینۆ رایگەیاند، وەک هاوخەمییەک بۆ ئازاری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، لە کۆنسێرتەکانیدا گۆرانیی شاد و هەڵپەڕکێ ناڵێ و تەنیا گۆرانیی شۆڕشگێڕی پێشکێشی هەوادارانی هونەرەکەی دەکات.
هۆزان دینۆ بانگەواز لە بازرگان و هونەرمەندانی دیکەی کوردیش دەکات و دەڵێت: "بەداخەوە لە رۆژئاوا دۆخەکە باش نییە و خەڵکەکەمان بە رۆژانی سەختدا تێدەپەڕن. بەڵام دەبێت ئێمە لەسەر پێی خۆمان بین، بەهێز بین و لە خەباتمان بەردەوام بین. کێ چی لەدەست دێت پێویستە بیکات، بەتایبەتی دەبێت هونەرمەندان هاوکاری گەلەکەمان بن؛ هەروەها بازرگان، رۆشنبیر و کۆمەڵناس، هەرکەسێک بێت دەبێت چی لەدەستی دێت بۆ گەلەکەمان بیکات. چی لەدەستم بێت لە داهاتوودا بۆ گەلەکەمان دەیکەم."
هەروەها گوتیشی، دەیەوێ لە داهاتوودا لە رۆژئاوا، باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیش کۆنسێرت سازبکات و هونەرەکەی پێشکێشی گەلەکەی بکات.
