رووداو دیجیتاڵ
لە گفتوگۆیەکدا لە بەرنامەی دیاسپۆرا لەسەر بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە هونەر و بەرهەمهێنانی موزیکدا، بەتایبەتی لە گۆرانیی "گولێ" کە دەنگدانەوەی جیهانیی هەبووە، دوو هونەرمەندی کورد بۆچوونی خۆیان خستەڕوو. سەرەڕای ئەوەی هەندێک رەخنە لەوە دەگرن کە دەنگی دەستکردی (هیڤا) ناگاتە هەستی مرۆڤ، بەڵام دروستکەرەکەی، بارش کۆرکماز ناسراو بە پایکس، جەختی کردەوە کە ژیریی دەستکرد تەنها وەک ئامرازێک بەکارهاتووە.
کارزان مەحموود، ئاوازدانەر رایگەیاند، هونەر بۆ چێژ وەرگرتنە، تاوەکو خەڵک چێژ لەم جۆرە بەرهەمانە ببینن، مەترسی نییە. ئەو ئاماژەی بەوە دا کە پایکس بە سەلیقەیەکی باشەوە ژیریی دەستکردی وەک ئامراز بەکارهێناوە، کە هۆکاری سەرکەوتنی گۆرانییەکەیە. بە بڕوای ئەو، هونەر لە زانست و رۆح پێکدێت و ژیریی دەستکرد تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە رۆح بخاتە بەر هونەر.
بابەتی پەیوەندیدار
کولتوور و ستایل11/05/2026
رۆمانی "قاوەخانەی قوشتومر"ی نەجیب مەحفوز کرا بە کوردی
کولتوور و ستایل02/05/2026
ئەکادیمیای ئۆسکار: ئەکتەر و نووسەرانی ژیریی دەستکرد مافیان نییە خەڵات ببنەوە
هەروەها ئەو ئاوازدانەرە گوتیشی، لە سوێد مۆسیقای 100% بە ژیریی دەستکرد دروستکراو مافی کۆپیڕایتی پێنادرێت، هەروەها ژیریی دەستکرد ناتوانێت لەسەر شانۆ نمایشی راستەوخۆ پێشکێش بکات.
هونەرمەند شازاد حەمەجەزا سەرکەوتنی گۆرانییەکەی بە ژمارەی زۆری بینەرەکانیەوە بەستەوە و گوتی، پایکس توانیویەتی بە شێوەیەکی ئەرێنی سوود لە ژیریی دەستکرد وەربگرێت؛ بەڵام هۆشداریی دا کە ئەگەر کەسێکی ناشارەزا لە مۆسیقا ئەم تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنێت دەکرێت میلۆدییەکە تێکبدات.
شازاد، ژیریی دەستکردی وەک ئاڵنگارییەک بۆ هونەرمەندان و مۆسیقاژەنان بینی، چونکە لەوانەیە پێویستی بە ستۆدیۆ و ئامێرەکان کەم بکاتەوە. هەروەها نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە نوێکردنەوەی هەندێک گۆرانی و سروودی رەسەن، کە بووەتە هۆی تێکدانی رۆح و میلۆدییە رەسەنەکانیان.
