رووداو دیجیتاڵ
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر لە 100 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە.
نرخی زێڕ کە لە 4213 دۆلار رۆژی هەینی داخرابوو. ئەمڕۆ دووشەممە بە جیاوازیی 50 دۆلاری کرایەوە و لە دوای ئەوەش بەردەوامی دا بە بەرزبوونەوەکانی.
بەوپێیەش نرخی زێڕ تەنیا ئەمڕۆ زیاتر لە 2.5٪ بەرزبووەتەوە. بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی نرخەکانی نەوت بە رێژەی 4٪ و دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی.
ئۆنسەی زێڕ ئێستا لە نزیکەی 4330 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەم ئاستە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا.
نرخی زێر بۆ رادەستکردنی لە مانگی 8 هەروەها بەهەمان رێژە بۆ 4344 دۆلار بەرزبووەوە.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی X رایگەیاند کە رێککەوتنەکە رۆژی هەینی بە فەرمی لە سویسرا واژۆ دەکرێت.
بەهای دۆلاری ئەمریکی بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا دابەزیوە، ئەمەش پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
تیم واتەرەر، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای (KCM Trade) لەو بارەیەوە دەڵێت: "دابەزینی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دۆلار، کە بەهۆی کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان و ئەگەری کرانەوەی خێرای تەنگەی هومرز روویانداوە، یارمەتیدەرن بۆ هێورکردنەوەی پێشبینییەکان لەسەر بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی هەڵاوسان کە لە کۆاتییدا لە قازانجی زێڕ تەواو دەبێت."
نرخی زێڕ لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، نزیکەی 20% دابەزیوە.
ئێستا بازاڕەکان پێشبینییەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بۆ 48% کەمکردەوە دوای راگەیاندنی رێککەوتنە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو 69% بوو.
ئێستا وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڕیار و لێدوانەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا (فیدراڵ ریزەرف) دەکەن کە رۆژی چوارشەممە دەدرێت و یەکەمین بڕیار دەبێت لەژێر سەرپەرشتی کێڤن وارش وەک سەرۆکی بانکەکە، بە شێوەیەکی بەرفراوانیش پێشبینی دەکرێت ڕێژەی سوود بێ گۆڕانکاری بمێنێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
