رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و سووریا بە رێژەی 16% زیادی کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی رابردوو ئاستی بازرگانیی نێوانیان گەیشتووەتە نزیکەی 3.7 ملیار دۆلار.
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا، لە کاتی کردنەوەی پرۆژەیەک لە دەروازەی سنووریی "جێلڤەگۆزو" لە شارۆچکەی رەیحانلی سەر بە پارێزگای هاتای، ئامارە نوێیەکانی بازرگانیی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "ساڵی رابردوو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان 45% زیادی کرد و گەیشتە سێ ملیار و 750 ملیۆن دۆلار. لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا، گەشەکردنەکە 16% بەردەوام بووە."
وەزیری بازرگانیی تورکیا جەختی لە گرنگیی شوێنی جوگرافیی هەردوو وڵات کردەوە و گوتی، تورکیا و سووریا دەکەونە سەر رێڕەوێکی ستراتیژیی گواستنەوە کە کەنداوی بەسرە بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە. گوتیشی: "دووبارە دەستپێکردنەوەی بازرگانیی ترانزێت لە رێگەی سووریاوە، دەرفەتێکی گەورەی بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ناوچەکە رەخساندووە."
بە گوتەی عومەر بۆڵات، ئێستا جموجۆڵێکی زۆر لە دەروازە سنوورییەکان هەیە و تەنیا لە یەک رۆژدا 398 بارهەڵگر بە مەبەستی ترانزێت لە سووریاوە تێپەڕیون، هەروەها رۆژانە نزیکەی 1500 بارهەڵگر لە دەروازەی جێلڤەگۆزووە دەچنە نێو خاکی سووریا.
لەبارەی دەروازە سنوورییەکانیشەوە، وەزیری بازرگانیی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی 911 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ سووریا هەیە و لە کۆی 11 دەروازەی سنووری، ئێستا شەش دەروازەیان چالاکن و کارکردنیش بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی گومرکی بەردەوامە.
لە رێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەکەدا، قوتەیبە ئەحمەد بەدەوی، سەرۆکی دەستەی گومرک و سنوور و بەندەرەکانی سووریا ئامادە بوو، کە نیشانەی هەماهەنگیی نوێی نێوان هەردوو وڵاتە لە کەرتی بازرگانیدا.


