رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى هەرێمى کوردستان زیاتر لە مانگێکە چاوەڕێى رەزامەندیى ئەنجوومەنى وەزاریى ئابووریى عێراقە بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو لێکتێگەیشتنەى لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى گومرگەوە لەنێوانیان کراوە، بە نووسراوى فەرمییش داواى لە حکومەتى فیدراڵى کردووە بۆ یەکلاکردنەوەى کۆبوونەوە بکرێت.
بەکارهێنانی زمانی کوردی لە پێناسی گومرگیدا، بە فەرمی ناساندنی خاڵە سنوورییە نافەرمییەکان، چارەسەری رێکارەکانی دەستگەیشتنی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بە دۆلاری بانکی ناوەندی؛ گرنگترین ئەو خاڵانەی لێکتێگەیشتنی نوێی نێوان بەغدا و هەولێرن.
لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا و یەکخستنی پێناسی گومرگی، چاوەڕێی پەسندکردنیەتی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقەوە، هەرچەندە زیاتر لە مانگێکە هەردوولا لەبارەوەیە پێى گەیشتوون.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری نەکراوە بۆ پەسندکردنی لێتکێگەیشتنەکە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 19ی نیسان بە نووسراوی فەرمی پێشنیازی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان و تەواوکردنی پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە "بەبێ دواکەوتن"، لەپێناو یەکخستنی رێکارەکانی باج لەنێوان هەولێر و بەغدا و بۆ چارەسەری دۆخی کۆمپانیاکان و یەکخستنی رێکارە پەیوەندیدارەکان.
لێکتێگەیشتنی بەرایی نێوان هەولێر و بەغدا لە 8ی نیسانی ئەم ساڵ واژۆ کراوە، بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی یاسا و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان.
نووسراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا وردەکاریی لێکتێگەیشتنی نێوانیانی تێدایە کە لە کۆبوونەوەکانیاندا پێی گەیشتوون، کە تێیدا هاتووە: دۆسیەی یاساکانى حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەست دەکرێت بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەسترێت لە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و هەردوولاش رێککەوتوون بۆ ئەوەی پشت بە یاساکانی هەرێمی کوردستان ببەسترێت و لیژنەیەکى یاسایی هاوبەش پێکدەهێنرێت بۆ تاوتوێکردنی.
یەکێک لە خاڵەکانی دیکەی رێککەوتنەکە ئەوەیە، فەرمانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بۆ پێکهێنانی تیمی هەرێمى بۆ سیستمی ئەسیکۆدا دەربچێت و دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی لە رێگەی لیژنەی تەکنیکیی هاوبەشەوە بێت.
بابەتی پەیوەندیدار
هەروەها هەردوولا رێککەوتوون کە لە پێناسی نوێی گومرگیدا هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بێت و یاسای پێناسی گومرگیی ساڵی 2010 جێبەجێ بکرێت و لە رێگەی لیژنە تەکنیکییە هاوبەشەکانیشەوە وردەکارییە تەکنیکییەکان یەکلا بکرێنەوە.
بەغدا و هەولێر بۆ تەواوکردنی وردەکاریی لێتێگەیشتنەکان چوار لیژنەی هاوبەشیان پێکهێناوە، لەوانە لیژنەی بازرگانی، رێکارە یاساییەکان و سیستەمی ئەسیکۆدا.
خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە کۆنترۆڵکردنی گومرگ لە دەروازە سنوورییەکان و ناوەندەکانی گومرگ بێت و گفتوگۆکان بەردەوام بن لەبارەی میکانیزمی دانانی پارەکە و چۆنێتیی بەشداریکردن و دیاریکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە چوارچێوەی رێککەوتنی گشتیی حکومەت بە ئامانجی بەشداریکردن لە داهاتی نانەوتی.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، هەردوولا کۆک بوون لەبارەی ئەوەی کە پشت بە ناسنامە و ئەستۆپاکی بازرگانی ببەسترێت کە لە هەر لایەکیان دەرچووبێت (هەولێر و بەغدا)، لەگەڵ پشتبەستن بە سیستەمی ئەلیکترۆنى بازرگانی لە پێناسی گومرگیدا، کە لە هەرێمی کوردستان پشتی پێدەبەسترێت.
هەروەها یەکێک لە خاڵەکانی دیکەی لێتێگەیشتنەکە ئەوەیە لیژنەی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێکبهێنرێت بۆ چارەسەری دۆخی ئەو دەروازە سنوورییانەی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا بە فەرمی نەناسێنراون، ئەوەش لە رێگەی سەردانی مەیدانی و بەرزکردنەوەی راسپاردە بۆ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو هەفتەی رابردووش کۆبوونەوەی لیژنە هاوبەشەکان لەبارەی ئەو لێتێگەیشتنە بەردەوام بووە.
لە نووسراوەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە کە رێکاری گونجاو و واقیعی بگیرێتەبەر لەوەی پەیوەندیدارە بە دەستپێڕاگەیشتنی بازرگانان بە دۆلار بە نرخی فەرمی.
لەدواى لێتێگەشتنى نێوان بەغداو هەولێر، یەک کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریى عێراق لە 4ى ئایار کراوە کە بە سەرۆکایەتى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بووە لەبرى فوئاد حوسێن ، وەزیرى دەرەوەو جێگرى سەرۆکوەزیران کە پێشتر سەرۆکایەتى ئەو ئەنجوومەنەکەى دەکرد، بەڵام لەو کۆبوونەوەیەدا پرسى لێکتێگەیشتنەکە لەبارەى پێناسیى گومرگ و سیستمى ئەسیکۆدا باس نەکرا.
