رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، لە رۆژانی جەژنیشدا دابەشکردنی مووچە لە دوای کاژێر 10:00ی بەیانیەوە بەشێوەی کاش و لە رێگای هەژماری من بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26-5-2026، وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "دوای ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئایار و راپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگی نیسان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق لەکۆتایی هەفتەی رابردوو، لە پێناو ئەوەی هەرچی زووە مووچەی مانگی ئایار بنێردرێت و بەر لە جەژن دابەش بکرێت، سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە (25ی ئایاری 2026) وەکو وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕی 50 ملیار دینارمان وەکو نیوەی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار بە نووسراوی ژمارە (5477,4,7) کە لە رۆژی (24ی ئایاری 2026) واژۆ کراوە، خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ژمارە ( 70018) لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".
وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئەوە لە هیچ سیستمێکی ژمێریاری دنیادا نەبووە، هێشتا مانگەکە شەش رۆژی ماوە بۆ کۆتایی بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی ئەو مانگە بکات، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی هیچ بیانویەک ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی رەوانە بکات".
"سەرەڕای هەموو ئەو رێوشوێن و رێکارانە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە کۆی بڕی (970,741,514,914) نۆ سەد و حەفتا ملیار و حەوت سەد و چل و یەک ملیۆن و پێنج سەد و چواردە هەزار و نۆ سەد و چواردە دینار، لەکاتی کۆتایهاتنی دەوامی فەڕمی بانکی ناوەندی عێراق و لە کاژێر 15:00 بڕی تەنیا (890,502,000,000) هەشت سەد و نەوەد ملیار و پێنج سەد و دوو ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بەوەش دەردەکەوێت کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە (80,000,000,000) هەشتا ملیار دینار کەمتری لەکۆی تەمویلی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە"، وەزارەتی دارایی و ئابووری وا دەڵێت.
وەزارەتی دارایی لە درێژەی راگەیێندراوەکەیدا باس لەوە دەکات، سەرەڕای نەبوونی دەوامی فەرمی و پشوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک و گەنجینە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی راسپاردووە کە دوای وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق و گواستنەوە بۆ بانکە ئەهلیەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
ئەوەش هاتووە کە دوای راگەیاندنی لیستی مووچە کە هەر ئەمڕۆ بڵاودەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، لە رۆژانی جەژنیشدا دابەشکردنی مووچە لە دوای کاژێر 10:00ی بەیانییەوە بە شێوەی کاش و لە رێگای هەژماری من بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، "بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی پارە لە هەولێرەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و شار و قەزاکان پێویستی بە کاتە، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو مووچەخۆرانە دەکەین کە لە خشتەی مووچەدا مووچەکانیان دەکەوێتە ئەمڕۆ و بە شێوەی کاش مووچە وەردەگرن، لە کاژێر 05:00ی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانکەکان بکەن و ئەو مووچەخۆرانەشی لەڕێی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرن لە کاژێر 03:00ی دوانیوەڕۆ بەدواوە دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM)ـەکان بکەن و مووچەکانیان رابکێشن، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێکیش نەتوانێت لە ماوەی ئەو سێ رۆژە مووچەکەی وەربگرێت، دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام مووچەکەی وەربگرێت".
وەزارەتی دارایی تێبینییەکی لەگەڵ راگەیێندراوەکەیدا داناوە و دەڵێت، "لەپێناو ئەوەی بەرەجەژنانە و تاوەکو سەرجەم مووچەخۆران بتوانن شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن و هیچ مووچەخۆرێک بێبەش نەبێت لە وەرگرتن و دواکەوتنی مووچەکەی، وەک وەزارەتی دارایی بڕیارماندا ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست بووە لەڕێی وەرگرتنی قەرزەوە پڕی بکەینەوە".
