رووداو- تەندروستی
د. سامی وەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، چەند رێنوێنییەکی گرنگی لەبارەی هەڵبژاردن و بەکارهێنانی سابوون بۆ پاراستنی تەندروستیی پێست خستەڕوو.
د. سامی وەلی، رایگەیاند پێکهاتەی سابوون زۆر گرنگە و پێویستە رێژەی ترشی و تفتییەکەی (pH) نزیک بێت لە پێست، واتە دەوروبەری pH6 بێت. هەروەها گوتی: "پێویستە سابوون مادەی بۆن و رۆنە بنەڕەتییەکانی تێدا نەبێت، چونکە ئەمانە دەبنە هۆی دروستبوونی هەستەوەری پێست."
ئەو پسپۆڕەی پێست جەختی لەوە کردەوە کە بوونی مادەی شێدارکەرەوە لە سابووندا زۆر گرنگە. سەبارەت بە سابوونی دژەبەکتریا، د. سامی گوتی: "دەکرێت سابوونی دژەبەکتریا بەکاربێت، بەڵام نابێت زێدەڕۆیی تێدا بکرێت، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی هەستەوەری."
د. سامی وەلی روونکردەوە کە "زۆر کەفکردنی سابوون دەرخەری باشییەکەی نییە، بەڵکو باشی سابوون بە پێکهاتەکەی دیاریدەکرێت."
سەبارەت بە جیاوازیی نێوان سابوونی رەق و شل، د. سامی وەلی گوتی: "سابوونی رەق ئاسانتر بەکتریا لەسەری دەنیشێت، بەڵام لەگەڵ شوشتندا نامێنێت، باشترە لە شوێنێکی وشکدا هەڵبگیرێت، بۆ دەستشوشتن، سابوونی شل گونجاوترە، بەمەرجێک لە قوتووی خۆیدا بەکاربێت و دواتر فڕێبدرێت، چونکە ئەو قتوانەی دووبارە پڕدەکرێنەوە، ئەگەری گەشەکردنی بەکتریایان تێدا بەرزە."
لە کۆتاییدا، د. سامی وەلی گوتی بۆ شوشتنی رووخسار، پاککەرەوەی تایبەت بە جۆری پێست (چەور یان وشک) بەکاربهێنرێت، چونکە پێکهاتە و pHـیان بە شێوازێکی وردتر و تایبەت بۆ پێستی دەموچاو دروستکراوە.



