رووداو - تەندروستی
پزیشکانی سکۆتلەندی و ئەمریکی، لە پێشهاتێکی مێژووییدا کە دەکرێت شۆڕشێک لە چارەسەری جەڵتەی مێشکدا دروستبکات، بۆ یەکەمجار لە جیهاندا نەشتەرگەریی لابردنی کڵۆی خوێنیان لە مێشک لەڕێگەی رۆبۆتەوە لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە ئەنجامدا.
سەرەتا پڕۆفیسۆر ئایریس گرونواڵد لە شاری داندی لە سکۆتلەندا نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامدا، چەند کاژێرێک دواتریش، پزیشکێکی پسپۆڕی ئەمریکی لە ویلایەتی فلۆریداوە و لە دووریی زیاتر لە 6400 کیلۆمەتر، هەمان نەشتەرگەریی لەسەر جەستەیەکی مرۆڤ لە شاری داندی دووبارە کردەوە.
تیمە پزیشکییەکە ئەم هەنگاوە بە "گۆڕانکارییەکی یەکلاکەرەوە" دادەنێن کە دەتوانێت چارەسەری جەڵتەی مێشک بە تەواوی بگۆڕێت، چونکە دواکەوتن لە وەرگرتنی چارەسەر کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چاکبوونەوەی نەخۆش هەیە.
تەکنەلۆژیاکە رێگە بە پزیشکی پسپۆڕ دەدات لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، لەڕێگەی ئامێرێکی تایبەت و رۆبۆتەوە، نەشتەرگەریی لابردنی کڵۆی خوێن (thrombectomy) بۆ نەخۆشێک ئەنجام بدات کە لە نەخۆشخانەیەکی دوورە.
بابەتی پەیوەندیدار
تەندروستی 28/04/2026
تەندروستیی جیهانی یەکەم چارەسەری مەلاریای بۆ منداڵانی ساوا پەسند کرد
تەندروستی 28/04/2026
پسپۆڕێکی منداڵان: دواخستنی کوتانی منداڵەکانتان مەترسیدارە
لە تاقیکردنەوەکەدا، پزیشکە ئەمریکییەکە بە دواکەوتنێکی کەمتر لە چاوتروکانێک توانی نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدات.
پڕۆفیسۆر گرونواڵد رایگەیاند، ئەم داهێنانە وەڵامێکە بۆ دوو کێشەی سەرەکی: کەمیی ژمارەی پزیشکی پسپۆڕ و سنوورداریی جوگرافی. گوتیشی: "چارەسەری جەڵتە زۆر هەستیارە بە کات و هەر شەش خولەک دواکەوتن، چانسی چاکبوونەوە بە رێژەی 1% کەمدەکاتەوە. ئەم تەکنەلۆژیایە چیتر ناهێڵێت شوێنی نیشتەجێبوون رێگر بێت لە وەرگرتنی باشترین چارەسەر." بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردوو لە سکۆتلەندا تەنیا 2.2%ی تووشبووانی جەڵتە توانیویانە ئەم نەشتەرگەرییە وەربگرن، ئەمەش گرنگیی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە زیاتر دەردەخات.
