رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، خواردنەوەی کوپێک قاوە لە رۆژێکدا رەنگە دڵ بپارێزێت لە تووشبوون بە "ناڕێکیی لێدانی دڵ" (Atrial Fibrillation - AF) کە دەکرێت ببێتە هۆی سستبوونی دڵ، جەڵتەی مێشک و مردنی پێشوەختە.
بەپێی توێژینەوەیەکی هاوبەشی زانکۆی ئەدێلاید لە ئوسترالیا و زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە قاوە دەتوانێت زۆر بەسوودبێت بۆ تەندروستیی دڵ.
لە یەکەم تاقیکردنەوەی کلینیکیدا، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەو نەخۆشانەی کە تووشبووی AFن و رۆژانە لانیکەم یەک کوپ قاوە یان شۆتێکی ئێسپرێسۆیان خواردووەتەوە، مەترسیی دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکەیان بە رێژەی 39% کەمتر بووە، بە بەراورد بەو کەسانەی کە بە تەواوی خۆیان لە کافایین بەدوور گرتووە.
بابەتی پەیوەندیدار
تەندروستی 28/04/2026
تەندروستیی جیهانی یەکەم چارەسەری مەلاریای بۆ منداڵانی ساوا پەسند کرد
تەندروستی 28/04/2026
پسپۆڕێکی منداڵان: دواخستنی کوتانی منداڵەکانتان مەترسیدارە
توێژینەوەکە بۆ ماوەی شەش مانگ و لەسەر 200 نەخۆش لە ئوسترالیا، ئەمریکا و کەنەدا ئەنجامدراوە.
کریستۆفەر وۆنگ، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئەدێلاید و سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە، رایگەیاند: "لەسەر بنەمای ئەم ئەنجامانە، ئەو نەخۆشانەی AFیان هەیە و قاوە دەخۆنەوە، دەتوانن بە سەلامەتی بەردەوام بن. تەنانەت رەنگە پێویست بکات لێکۆڵینەوە لەوەش بکرێت کە ئایا ئەو نەخۆشانەی قاوە ناخۆنەوە، دەبێت دەستپێبکەن یان نا."
پرۆفیسۆر گرێگۆری مارکوس، لە بەشی نەخۆشییەکانی دڵ لە زانکۆی کالیفۆرنیا، هۆکارەکەی باس دەکات و دەڵێت: "قاوە چالاکیی جەستەیی زیاد دەکات کە ناسراوە بەوەی مەترسیی AF کەمدەکاتەوە. هەروەها کافایین وەک میزپێکەرێک کاردەکات، کە دەتوانێت فشاری خوێن دابەزێنێت و بەمەش مەترسییەکە کەمتر بکاتەوە."
