رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، ئامادەکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون چڕکراونەتەوە و بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ نزیکەی 100 ملیۆن دینار بۆ کڕینی دەرمان تەرخانکراوە.
رۆژی چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 ملیۆن دیناری بۆ هەر یەک لە ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە بۆ کڕینی دەرمان. پارەکەش راستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاکان بۆ ئەوەی پرۆسەی کڕینی دەرمانەکان دوانەکەوێ."
بە گوتەی رابەر محەممەد، لە ئیدارەی زاخۆ پارەکە تەرخانکراوە و دەرمانەکانیش کڕدراون، لە هەموو پارێزگا و ئیدارەکانی دیکەش دەرمانی پێویست دەکڕدرێ.
لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری گوتی: "بەشێکی شۆردن و دەرزی لێدانی ئاژەڵەکانمان لە مانگی رابردووەوە دەستپێکردووە و بەردەوام دەبین تاوەکو هەموو ئاژەڵەکان دەشۆردرێن، چونکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون زیاتر دەبێت."
بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوونێک لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام ئەم رێکارانە وەک ئامادەکاریی پێشوەختەن.
