رووداو - تەندروستی
لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە رۆژهەڵاتی کۆنگۆ، ژمارەیەک گەنج هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەیەک و داوای تەرمی کەسوکارەکانیان دەکرد، بەهۆیەوە کارمەندانی تەندروستی ناچاربوون لەژێر دەنگی تەقەدا نەخۆشەکان بگوازنەوە.
د. ڕیچارد لۆکودو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی مۆنگبوالو گوتی هێرشکارەکان داوایان دەکرد دوو تەرمی کەسوکاریان رادەست بکرێت، لۆکودو گوتیشی "نەخۆشخانەکە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و تەقە لە ناوچەکەدا هەیە."
ئەمە سێیەم هێرشە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەکرێتە سەر بنکە تەندروستییەکانی تایبەت بە ئیبۆلا، کە کارمەندانی تەندروستی بە کەمیی کەرەستە و پێداویستییەوە چارەسەری تووشبووان دەکەن، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەی وەک بارێکی نائاسایی تەندروستیی جیهانی ناساندووە.
