رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، پڕۆژەی گواستنەوەی گشتیی (سیتی پاس)ـی بۆ رێکخستنی هاتووچۆ لە شارەکان دەستیپێکردووە.
ئانۆ جەوهەر ئاشکرای کرد کە پڕۆژەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت ئەنجام دراوە و بە سیستەمی ئەپلیکەیشن کار دەکات.
سەبارەت بە تاکسییەکانیش گوتی، 95%ی پڕۆژەی رێکخستنی تاکسییەکان تەواو بووە و بەمزووانەش پڕۆژەی (تاکسیمیتەر) بە قیستی درێژخایەن بۆ شۆفێران دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو چیدیکە کێشەی نرخی گواستنەوە نەمێنێت.
سەبارەت بە فڕۆکەخانەی دهۆکیش، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن گوتی: "نەخشەی فڕۆکەخانەکە گەیشتووەتە قۆناخــی کۆتایی، بەڵام بەهۆی دۆخی دارایی و بوونی شوێنەواری مێژوویی لە ناوچەکەدا، کارەکان بە وردی بەڕێوە دەچن و هەر کاتێک تەمویل هەبێت، دەست بە دروستکردنی دەکەین."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەیانییان کە هەمووان دەچین بۆ سەرکان، بە قەرەباڵخی دەچین، بە قەرەباڵخی دەست پێدەکەین، با ئێمەش بەوە دەست پێبکەین، چونکە دەزانیت ئیتر لە کاژێر 8 تاوەکو کاژێر 9 بەتایبەتی، جگە لە کۆتایی دەوام، لە هەرێمی کوردستان هەمووشی وایە، جا لە هەولێر، سلێمانی، یان دهۆک، قەرەباڵخی زۆر هەیە. پرسیارەکەم ئەوەیە، کابینەی نۆـی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی لە ناو شارەکان بە تایبەتی چی کردووە؟ ئینجا لە دەرەوەی شارەکانیش هەیە، بەڵام لە ناو شارەکان لە سیستەمی گواستنەوەی گشتیدا بە تایبەتی چی کردووە؟
ئانۆ جەوهەر: زۆر زۆر سوپاستان دەکەم کاک هیوا، هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن لەگەڵ هاوکارەکانتان لە رووداو، زۆر سوپاستان دەکەم کە بەم بەیانییە بەم بابەتە گرنگە دەستمان پێکرد. جەنابتان دەزانن لە هەموو جیهان لە کاتی دەستپێکردنی دەوام قەرەباڵخی دروست دەبێت، ئێمە لە کابینەی نۆ بەتایبەت لە بابەتی رێگاوبان، جەنابتان ئاگادارن رێگاوبانەکانمان، لە ناو شارەکان، یان لە دەرەوەی شارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتە جیاوازەکانەوە، هەموویان، هەر یەک بە ئەرکی خۆی کاری خۆی کردووە. جگە لەمەش، ئێمە توانیمان لەم کابینەیەدا کاری گواستنەوەی گشتی رێکبخەین، یەک، بواری تاکسی، دوو، بواری پاسەکان، یاخود ستی پاس، کە سیستەمەکە هەمووی دیزاین کراوە و ئێستا پاسەکان لە رێگان و پڕۆژەی تاقیکارییەکە لە سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێت، پاسی 2026 و مۆدێلی نوێ بە سیستەمێکی مۆدێرن دەگات، هەمووی بە ئەپلیکەیشن کار دەکەن لە سەنتەری شاری هەولێر. ئەمە دەبێتە پڕۆژەی تاقیکاری، وەک بەڕێزتان ئاگادارن، لێکۆڵینەوە لە خاڵە لاوازەکان و بەهێزەکان دەکرێت تاوەکو بتوانین لە شارەکانی دیکەی کوردستان هەنگاو بە هەنگاو ئەم پڕۆژەیە جێبەجێی بکەین. لەسەر ئاستی تاکسییەکان..
رووداو: باسی تاکسی دەکەین، بەڵام با لە بابەتی پاسەکان بمێنینەوە، چونکە ئەمە هەواڵێکی باشە، پێوستی بە هەندێ وردەکاریی هەیە.. پاسەکان کە لە رێگەن و دێن، ژمارەیان چەندە و چۆن کاریان پێدەکرێت؟ ئایا دەدرێتە کەرتی تایبەت یان کەرتی گشتیی؟ گواستنەوەکە چۆنە؟
ئانۆ جەوهەر: گرێبەست لەگەڵ کەرتی تایبەت کراوە، هەر کەرتی تایبەت ئەم پاسانە دەهێنێت، بە شێوەی هاوبەش بەڕێوەدەبرێت، لەبارەیەوە دواتر بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر و ئەو کۆمپانیایەی کە گرێبەستی لەگەڵ کراوە لەکاتی گەیشتنی پاسەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە خزمەتی رای گشتی وردەکاریی ئاشکرا دەکەن، ئەوەش پاش ئامادەکردنی ئەپلیکەیشنەکان، گشت بابەتەکان بە تێر و تەسەلی بۆ خەڵکی کوردستان بۆ رای گشتی رادەگەیێنین.
رووداو: پاسەکان کەی دەگەن؟
ئانۆ جەوهەر: بەمزووانە.
رووداو: واتە بەم زووانە دەچێتە سەری ساڵ؟
ئانۆ جەوهەر: من نامەوێت، ئەمڕۆ لە خزمەتی جەنابتانم، زۆر بابەتم باس کرد، بەڵام لە وەزارەت بڕیاردراوە، زانیارییەکان نادرێتە هیچ کەناڵێک تاوەکو لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باس نەکرێن، ئەوەش بەیەکسانی هەمووان سوودی لێدەبینن.
رووداو: باشە، بەڵام رێگەوبان بۆ پاسەکان ئامادەکراوە؟
ئانۆ جەوهەر: رێگەوبانەکانی هەولێر دەتوانین باس بکەین یەکێکن لە باشترین رێگەوبانەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڵێ ئامادەن بۆ پڕۆژەی ستی پاس.
رووداو: ئێستا بۆ نموونە ئەگەر پاسەکان بەڕێوە بن، ئەگەر لە چینیش بێت، مانگێک، زۆر زۆری پێ نەچێت، ئەوپەڕی مانگێکی پێ دەچێت بۆ نموونە.
ئانۆ جەوهەر: ئینشائەڵڵا
رووداو: ئینجا پرسیارەکەم ئەوەیە، لەسەر شەقامەکان شوێنی پاس نابینین تائێستا دیاریکرابێت، هێڵکاری بۆ شەقامەکان دەکرێت؟
ئانۆ جەوهەر: هێڵکارییەکان دواتر بەڕێوەبەری گشتی روونی دەکاتەوە، هێڵی سوور هەیە، هێڵی زەرد و هێڵی سپی، هەر یەکە و هاونیشتمانییان بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو دەگوازنەوە، لە چوارچێوەی ئەو زانیارییانەی لەنێو ئەپلیکەیشنەکەدا تۆمار کراون.، واتە کاتێک لە هێڵی سوور سەردەکەویت دەتگەیەنێت شوێنێکی دیاری کراو بەگوێرەی ئەپڵیکەیشنەکە، رەنگەکانی دیکەش بەهەمانشێوە.
رووداو: بەڵام هێشتا شەقامەکان هێڵکاری نەکراون؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ هێڵکاری دەکرێت، نەخشەسازییەکە ئامادەیە، بەڵام لەنێو ئەپلیکەیشنەکەدا نەک لەسەر شەقامەکان، وەکو گوتم کە دەتەوێ لە ناوچەیەک بۆ شوێنێکی دیاریکراو بڕۆیت بەگوێرەی ئەو هێلە رەنگکراوانەی نێو ئەپلیکەیشنەکە دەتوانی بۆی بچیت، دواتر پێمخۆشە بەڕێوەبەری گشتی لە خزمەتتاندا بێت، ئەو ئەندازیارە، باشتر دەزانێت ئەم شتانە شی بکاتەوە.
رووداو: وادیارە لەمەدا ناتەوێت زانیاری زیاتر بدەیت بەڵام..
ئانۆ جەوهەر: ببوورە نەک نامەوێت زانیاری زیاتر بدەم، من ئەندازیاری گواستنەوە نیم و بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەش نیم. پێمخۆشە هاوکارم لە وەزارەت کە ئەمە ئەرکی ئەوە و باشتر لەمن دەزانێت، بۆ خەڵک و رۆژنامەڤانانی روون بکاتەوە.
رووداو: دوایین پرسیار لەبارەی ئەمە بکەم. کێشەیەک هەیە، بۆ نموونە، من کاژێر 8:30 خولەک دەمەوێت لە فڵان شوێن بم، دووری ئەو شوێنە لە ماڵەوە 15 خولەکە، من دەبێت 45 خولەک زووتر دەربچم. پرسیارەکەم ئەوەیە، ئەم ستی پاسە، ئەم پاسە مۆدێرنانە، ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەن؟ واتە کێشەی درەنگ کەوتن نامێنێت؟
ئانۆ جەوهەر: لە کاری گواستنەوە و گەیاندن، ئەنجامی رەها نییە، هەوڵ دەدەین چەندمان پێبکرێت، بەگوێرەی ئەو ئامرازەی لەبەردەستن، خزمەتی هاووڵاتییان بکەین، کاتەکەیان بپارێزین، ئەوەی پێمان بکرێت ئەوە بکەین. هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، زاخۆ، ئاکرێ، راپەڕین، گەرمیان، بتوانین بیانکەینە ئەو شارانەی کە بتوانن لە رووی گواستنەوە و گەیاندنەوە بە پێشکەوتووترین شێوە لە خزمەتی هاووڵاتییان بن.
رووداو: ویستت باسی تاکسی بکەیت، کە تاکسی میتەریشی پێدەڵێن، ئەم پڕۆژەیە گەیشتووەتە کوێ؟
ئانۆ جەوهەر: ئێمە لە کابینەی نۆیەم رێکخستنی کەرتی تاکسیمان دەستپێکرد، ئەوەش بە پڕۆژەی لۆگۆ، لەزگە و کارتی زانیاری بۆ گشت تاکسییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەمە زۆر گرنگ بوو لەبەرئەوەی چەندین کێشە رووی دەدا، تاکسی و شۆفێرانی تاکسی چینێکی زۆر زۆر گرنگن، کار دەکەن بۆ خزمەتکردنی بنەماڵەکانیان، خێزانەکانیان، بەڵام کەمینەیەکی زۆر بچووک کێشەیان دروست دەکرد. بۆیە ئێمە دەستمان بە پرۆژەکە کرد، کارتی زانیاریمان دروست کرد. بۆ ئەوەی کارتی زانیارییان بۆ دروست بکەین، هەر شۆفێرێکی تاکسی سەردانی بنکەی پۆلیس، موختار، ئاسایش، نەهێشتنی تاوان و دواتر سەردانی بەڵگەی تاوانیان دەکرد. هەر کەسێک کە پێشینەی تاوانی هەبووبێت، وەکو گێچەڵ یان دزی، مافی نەما وەکو شۆفێری تاکسی کار بکات. کارتی زانیاری دروست کراوە و کارتەکە بەردەستە، لۆگۆ و ژمارەی بۆ دروست کراوە. ئێستا لەم پڕۆژەیە گەیشتینە قۆناخی کۆتایی، یان دەتوانین بڵێین زیاتر لە 95% تەواو بووە، ئێستا کارتی زانیاری، لۆگۆ و ژمارە هەمووی تەواو بووە.
رووداو: زۆر بوون ئەوانەی کە مافی ئەوەیان نەبوو ببنە شۆفێری تاکسی؟
ئانۆ جەوهەر: ئەوانەی کە مافیان نەبوو، بابەتێکی تایبەتە بە کەسایەتیی خۆیان، ئەوەی کە پێشینەی تاوانی هەبوو، بۆی نییە ببێتە شۆفێری تاکسی.
رووداو: ژمارەیان زۆر بوو؟
ئانۆ جەوهەر: ژمارەیان زۆر کەم بوو، بەگوێرەی ئەو ژمارانەی بۆمان هاتووەتەوە، کێشەی هاووڵاتییان لە کەرتی تاکسی، زۆر زۆر کەم بووەتەوە.
رووداو: ئێستا لە هەرێمی کوردستان چەند کەس مافی ئەوەی هەیە شۆفێری تاکسی بێت؟ ژمارەیان چەندە؟
ئانۆ جەوهەر: ئەوانەی ئێستا مۆڵەتی شۆفێری تاکسییان هەیە زیاتر لە 70,000ـن، بەڵآم مافی شۆفێری تاکسی مافی هەموو هاونیشتمانییەکە.
رووداو: مەبەستم ئەوەیە کە ئەوەی ئەو مۆڵەتەی ئێوەی وەرگرتووە، بە پڕۆسێسەکەدا رۆیشتووە.
ئانۆ جەوهەر: زیاتر لە 70 هەزارن لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەنگاو بە هەنگاو کاری لەسەر دەکەین. ئێستا باسی تاکسیمیتەر دەکەین. ئێستا ئامێرەکان گەیشتوون و لیژنەیەکی تایبەت دروست دەکرێت لە نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، وەزارەتی ناوخۆ، پارێزگاکان و هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوە و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە دڵنیاییەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەندیکا، بۆ ئەوەی دەست بە دانانی پڕۆژەی تاکسی میتەر بکەین.
رووداو: لیژنەکە هێشتا دروست نەکراوە؟
ئانۆ جەوهەر: لیژنەکە دروست دەکرێت بەمزووانە.
رووداو: ئامێرەکان هاتوون؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ هاتوون.
رووداو: ئەمانە بە پارە دەدرێت بە شۆفێرەکان، بە خاوەن تاکسییەکان، یاخود بەبێ بەرامبەر دەدرێت؟
ئانۆ جەوهەر: نا، ئەوانە بە بڕە پارەیەک، بە قیستێکی درێژخایەن دەدرێت.
رووداو: گران دەکەوێت لەسەریان؟
ئانۆ جەوهەر: نا.. بە هیچ شێوەیەک.
رووداو: ئەمە لە قازانجی خەڵکدایە یان...
ئانۆ جەوهەر: بە دڵنیاییەوە لە قازانجی خەڵکدایە، لە قازانجی شۆفێری تاکسیشە لە هەمان کاتدا.
رووداو: چۆن لە قازانجی هەردووکیانە؟ یەکێکیان پارەدەرە ئەوەی دیکەیان پارە وەرگر.
ئانۆ جەوهەر: بە دڵنیاییەوە، ئێستا جەنابت کە دەچیت کاڵایەک دەکڕیت، ئەم گڵاسە دەکڕی ( پەرداخێک لەبەردەم وەزیر دانراوە)، ئەگەر کوالێتی باش بێت، لە قازانجی خۆتدایە و لە هەمان کات ئەو بەڕێزە (بازرگانە)ی ئەم گڵاسەشی هێناوە، ئەویش هەر قازانج دەکات. جەنابت وەک هاووڵاتی قازانج دەکەیت، بازرگانیش قازانج دەکات و ئەمە لە هەموو جیهانیش هەروایە، پێی دەڵێن مامەڵە (خواست و خستنەڕوو)، بۆیە رێکخستنی هەر بوارێک لە کۆمەڵگە، بەتایبەت لە بواری گواستنەوە ئەمە لەبەرچاودەگیرێت... جا بێگومان ئەو ئامێرانە GPSیان تێدا دەبێت، ئەم GPSە بەکاردەهێنرێت لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان بۆ ئەوەی هەمیشە ژیانی هاووڵاتییان و ژیانی شۆفێرانیش لە هەمان کاتدا پارێزراو بێت.
رووداو: بەڵام ئەمە هەندێکجار گلەیی لێدەکەوێتەوە لەلایەن شۆفێرەکانەوە. یەکێک لە گلەییەکان ئەوەیە، بۆ نموونە، تۆ GPS دادەنێیت لە ئۆتۆمبێلی کەسێکدا، ئەو کەسە ئەمڕۆ کاری تاکسی ناکات، ئەم هەفتەیە هەر تاکسییەکەی بۆ کاروباری تایبەتیی خۆی بەکاردەهێنێت. دەکرێت بە دوایەوە بیت بزانیت دەچێت بۆ کوێ و ناچێت بۆ کوێ؟
ئانۆ جەوهەر: دەزگای ئەمنی هەمیشە کە GPS بەکاردەهێنێ، بە بڕیاری دادوەرە، لە پێناو خزمەتی ئاسایشی هاووڵاتییان بەکاریددەهینێت. خۆ ئەگەر باسی لەندەنیش بکەی، CCTV، لە ماڵی خۆت بێیتە دەرەوە تاوەکو دەگەڕێیتەوە ماڵی خۆت، کامێرات لەسەرە، دەزانن چوویە کوێ و هاتییە کوێ. خۆ ئەوە بەریتانیایە.
رووداو: کامێرا لەدەرەوە لەسەرت بێت جیاوازە لەوەی جی پی ئێس لەنێو ئوتومبێلەکەت دانرابێت..
ئانۆجەوهەر: لە بابەتی پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان، هەموو شتێک لە رێی داروەر و یاسا دەکرێت.
رووداو: شتێک بڵاوبووەوە کە ئەم تاکسیمیتەرانە، یەکسەر باسی نرخ کرا، شۆفێرەکان گوتیان ئەمەی کە دانراوە، گوتیان ئەوەی کە گوێمان لێ بووە دادەنرێت، ئەوەی کە دانراوە لە بەرژەوەندییان نییە.
ئانۆ جەوهەر: من سوپاسیان دەکەم ئەو گردبوونەوەیەیان کە کردبوو بۆ ئەوەی دەنگیان بە حکومەت بگات، ئێمە دەرگای وەزارەتەکەشمان کراوەیە، بەڕێوەبەرایەتیی یاسایی لە وەزارەت ئامادەیە هەر کاتێک بێن لەگەڵیان دادەنیشین و بزانین داواکارییەکانیان چییە. بەڵام هێشتا لیژنەکە دروست نەکراوە.
رووداو: دەڵێن هەر دەرگەی تاکسییەکە بکەیتەوە 3000 دینارت لێ دەستێنن، وایە؟
ئانۆ جەوهەر: (بەدەست و رووخسار رەتی دەکاتەوە) دەزانیت چۆنە لیژنەکە ئەندازیاری تێدایە، نوێنەری سامانە سروشتییەکانی تێدا دەبێت، نوێنەری پارێزگا، نوێنەری سەندیکای تێدا دەبێت، ئەوان بڕیار دەدەن.
رووداو: واتە هەتاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە و هیچ نرخێک دانەنراوە؟
ئانۆ جەوهەر: نەخێر! بڕیارەکە، هی وەزیر نییە، بڕیارەکە لیژنەیەکی تایبەتمەندە لە پێناو بەرژەوەندیی هەم شۆفێری تاکسی، هەم هاونیشتمانی دەبێت. ئەمە داهینانێکی گەورە نییە لە هەموو وڵاتاندا هەیە ئێمە ئەزموونی وڵاتان وەردەگرین، ئەم ئەزموونە بە کوردستانی دەکەین، لە خزمەت هاونیشتمانییانی خۆمان.
رووداو: لەگەڵ ئەوەی کە ئەم ئامێرانە دابەش دەکرێ، ئایا تایبەتمەندیی تاکسییەکان لەبەرچاو دەگیرێت؟ بۆ نموونە تاکسییەک کە زۆر مۆدێلی لە خوارەوەیە، بە ئاسانی ناگاتە شوێنی خۆی، ئەمانە هیچ پەیوەندیی هەیە بە تاکسیمیتەرەکانەوە؟
ئانۆ جەوهەر: بێگومان هەندێک بابەت هەیە، بە سوپاسەوە، بەڕێزان لە وەزارەتی ناوخۆ لێی بەرپرسن و ئەوان بڕیار دەدەن ئایا ئەم تاکسییە شیاوە کار بکات یان نا. ئەمە دەبێت لەلایەن بەڕێزان لە وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاری لەسەر بدەن.
رووداو: هەر باسی گواستنەوەیە، با لەسەر زەوییەوە بچین بۆ ئاسمان. هەندێک پرسیار لە بابەتی فڕۆکەخانەکانیش دەکەین. چەند بابەتێک هەن، یەکێک لەوانە تائێستاش زۆر باس دەکرێت، باسی فڕۆکەخانەی دهۆکە. فڕۆکەخانەی دهۆک گەیشتووەتە کوێ؟ بە نیازن چی بکەن؟
ئانۆ جەوهەر: لێکۆڵینەوە لە دیزاینی فڕۆکەخانەی دهۆک تەواو بووە، دیزاینەکەی بە شێوازێکی نوێوە لەگەڵ کۆمپانیای (دارولهەندەسە) دادەڕێژرێتەوە، دیزاینەکەی کرابوو هەندێک شوێنەواری لێبوو هەندێک شوێن ناشیاوبوون بۆ دروستکردنی رێڕۆ، دیزاین و خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ کرا، بەڵام دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئاستەنگی دروستکردووە. چاوەڕوانین ئەوەی بتوانین ئێمە پارەدارکردنێکی فڕۆکەخانەکە بکەین.
رووداو: واتە رەت نەکراوەتەوە، فڕۆکەخانەکە هەر دروست دەکرێت؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ فڕۆکەخانەکە دروست دەکرێت.
رووداو: بەڵام هێشتا ئەویش لە نەخشەسازیدایە.
ئانۆ جەوهەر: نەخشەسازییەکەی تەواو بووە، بەڵام بەڕێزان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەو شارەزایانە و ئەو کۆمپانیایەی کە ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کردبوو بۆ ئەوەی دیزاینەکە نوێ بکاتەوە، چەندین بۆچوونی جیاوازیان هەیە، تائێستا دیزاینی کۆتایی رادەستی وەزارەت نەکراوە، لەبەرئەوەی چەندین شوێنی نەگونجاو بوون، شوێنەواری مێژوویی لێبوو، بۆیە ئەوان بە شێوەیەک دیزاینەکەیان کرد کە ئێمە نابێت نزیکی ئەو شوێنەوارانە ببینەوە.
رووداو: کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ ئەوەی نەخشەکەتان رادەست بکەن؟
ئانۆ جەوهەر: نەخشەکە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، بەڵام ئەوەی کە گرنگە پارەدارکردنە و بەڕێزتان ئاگادارن ئێستا زیاتر ئامانجی حکومەت ئەوەیە مووچەی فەرمانبەران دابین بکات. بۆیە ئێمە هەر کاتێک پارە هەبوو دەستپێدەکەین و بەمزووانەش ئەم نەخشەسازییە تەواو دەبێت، واتە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، ئێمە لە خزمەتی هاووڵاتییان دەبین. چەندین بۆچونی نوێ هەیە لەسەر شوێنی فڕۆکەخانەکە، بەڵام هەموو رایەکان جێگای لێکۆڵینەوەن.
رووداو: هێشتا شوێنی دروستکردنی دیاری نەکراوە؟
ئانۆ جەوهەر: شوێنەکەی دیاریکراوە، بەڵام بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەری، لەبەر ئەوەی زۆر شوێنەواری تێدایە و شوێنی رێڕۆ پێویستی بە تێچووی زیاترە لە رووی ئەندازەییەوە بۆ ئەوەی رێڕۆکەی چاک بکرێت، تێچووی زۆری دەوێت. بۆیە چەند بۆچوونی جیاواز هەیە.
رووداو: واتە ئەو شوێنەوارانە تێک نادەن؟
ئانۆ جەوهەر: شوێنەوارەکانیش کەس ناتوانێ تێکی بدات.
رووداو: ئەم فڕۆکەخانەیە نێودەوڵەتی دەبێت؟
ئانۆ جەوهەر: بە دڵنیاییەوە.
رووداو: نێودەوڵەتیبوونی فڕۆکەخانەکە کاریگەری لەسەر فڕۆکەخانەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نابێت؟
ئانۆ جەوهەر: نەخێر، فڕۆکەخانەکانی کوردستان یەک پاکێجن. کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بگاتە ژمارە یەکی عێراق، ئەمە بۆ هەموو کوردستان جێگای شانازییە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مام جەلالیش (جەلال تاڵەبانی) هەروەها جێگای شانازییە. ئێمە بە یەک چاو سەیری هەموو هەرێمی کوردستان دەکەین، نەک بە چاوی ئەوەی دهۆک یاخود هەولێر یاخود سلێمانی یاخود هەر شارێکی دیکەی کوردستان. پێشکەوتنی هەر فڕۆکەخانەیەک، پێشکەوتنی هەموو فڕۆکەخانەکانە.
رووداو: بۆچی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دۆلاری پاڵپشتیکراو نییە؟ ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر کەرتی فڕۆکەوانی هەبووە لە هەرێمی کوردستان؟
ئانۆ جەوهەر: ئەگەر دەرفەتم پێبدەیت، ئەوە ستراتیژ نییە، ئەوە ستەمە، جیاوازیکردنە. لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (هەولێر)، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مام جەلال، وەکو هەموو فڕۆکەخانەکانی دیکە لە عێراق و دەکرا ئەم سەنتەری گۆڕینەوەی دراوە لە هەموویان هەبووایە.
رووداو: دوو سێ جار گوترا لێرەش دەکرێتەوە؟
ئانۆ جەوهەر: ئێمە نووسراومان کردووە، رێزدار فارس عیسا وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەت لە بەغدا بەدواداچوونێکی تەواوی بۆ کردووە و گەیشتووەتە جێگای مەبەست و نوێنەرایەتی لە بەغدا، چەندین ئەندام پەرلەمان، ئەندام پەرلەمانی کوردستانی لە بەغدا، ئەوانیش بەدواداچوونی بۆ دەکەن تاوەکو ئەم سەنتەرانە لە هەردوو فڕۆکەخانە، لە هەولێر و لە سلێمانیش بکرێنەوە.
رووداو: یاسایەک هەیە کە وای کردبێت ئەم سەنتەرانە لە هەولێر و لە سلێمانی نەکرێنەوە کە دۆلاری پاڵپشتیکراو دەدەن؟
ئانۆ جەوهەر: یاسا؟
رووداو: بەڵێ.
ئانۆ جەوهەر: نەخێر هەرگیز، ئەوە جیاوازیکردنە، ئەوە ستەمە لەو خەڵکە دەکرێت.
رووداو: چەند زیانی گەیاندووە بە هەرێمی کوردستان؟
ئانۆ جەوهەر: زیانی گەیاندووە، ژمارەی گەشتیاران کەم بووەتەوە، خەڵک دەچێتە کەرکووک گەشت دەکات. بەڵام ئەم بابەتە کاتییە و چارەسەر دەکرێت و ستەمیشە.
رووداو: کەی چارەسەر دەکرێت؟
ئانۆ جەوهەر: ئێمە نووسراومان کردووە، بەدواداچوونی بۆ دەکەین.
رووداو: گەیشتووەتە شوێنی خۆی؟
ئانۆ جەوهەر: ئێستا نووسراوەکە گەیشتووەتە شوێنی خۆی، لە بانکی ناوەندییە، بەڕێزان لە نوێنەرایەتی، بە تایبەت بەڕێز کاک فارس عیسا، بەدواداچوونی بۆ دەکات.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ CMC لە چ ئاستێکدایە؟
ئانۆ جەوهەر: پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی گەیاندنی عێراقی، لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی، لەگەڵ CMC، لەگەڵ دەستەی ئەمینداران، ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی کۆمسیارانی CMC، پەیوەندییەکی باشمان هەیە و پەیوەندییەکی پیشەییە، لەسەر چەند بابەتێک هاوڕاو لە چەند بابەتێکییش هاوڕانین و هەوڵدەدەین ئەم بابەتانەی کە لەسەری هاوڕاین کاری هاوبەش بکەین و بتوانین بەهێزتری بکەین و ئەم بابەتانەی کە لەسەری رای جیاوازمان هەیە، بگەینە رێککەوتن.
رووداو: لەبارەی چییەوە رێک نەکەوتوون؟ بۆ نموونە، ئێستا کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان، چوار کۆمپانیا هەن هیچ لەم کۆمپانیایانە لە عێراقدا مۆڵەتیان نییە و عێراقیش دان بە مۆڵەتی هەرێمی کوردستاندا نانێت. ئەمە گرفت نییە؟
ئانۆ جەوهەر: بە دڵنیاییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش حکومەتی فیدراڵ دامەزراوە، پەرلەمانی کوردستان پێش پەرلەمانی فیدراڵ دامەزراوە. ئێمە یاسامان هەبووە لە کوردستان پێش ئەوەی دەستوور هەبێت لە عێراق و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دامەزراوە پێش ئەوەی دەستوور هەبێ لە عێراق. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن مۆڵەتی داوە بە کۆمپانیاکان پێش ئەوەی کۆمپانیایەکی عێراقی هەبێت.
رووداو: بەڵام ئەوان دان بەمۆڵەتەکەی ئێوەدا نانێن!
ئانۆ جەوهەر: ئێمە بەپێی دەستوور، پێویستیمان بەوە نییە کە ئەم بابەتانەی کە لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە، دانپێدانانی بەغدامان هەبێت و ئەم بابەتە جێگای گفتوگۆیە. سەردانی بەغدامان کرد، لەگەڵ CMC کۆبووینەوە، لیژنەیەکی هاوبەشمان دروست کردووە ئێستا لەگەڵ وەزارەت لەسەر هێڵین و لیژنەی هاوبەشیش دروست دەکەین لەگەڵ CMC و لەگەڵیان لەسەر هێڵ دەبین.
رووداو: سزای داراییی ئەم کۆمپانیایانە نەدراوە؟
ئانۆ جەوهەر: ئەوان لیژنەیەکی گوێگرتنیان هەیە، بڕیارێکیان داوە منیش بەوانم گوتووە، ئێمە کۆنووسی هاوبەشمان هەیە پێش زیاتر لە 12 ساڵ، لە نێوان CMC و وەزارەت لەو کاتەدا و هەروەها وەزارەت کە ئەگەر بەغدا لە ماوەی ساڵێک یاسای CMC پەسەند نەکات، وەزارەتی گواستنەوە مافی هەیە کە مۆڵەت بداتە کۆمپانیاکانی پەیوەندی. ئەمە ساڵی 2012 یان 2013، بوو، کۆپییەک لەم کۆنووسە درا بەوان و ئێمە هێشتا چەندین رێگەی یاسایی و کارگێڕی و هەروەها سیاسیش هەن دەیگرینەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.
رووداو: واتە تائێستا کێشەیە، سزای داراییش هاتووەتەوە؟
ئانۆ جەوهەر: سزای دارایی ئەوان بە تاکڕەوی داویانە، خۆ ئێمە لەسەری رێکنەکەوتووین.
رووداو: بەڵام بۆ نموونە ئەم کۆمپانیا گەورانەی هەرێمی کوردستان لە بواری ئینتەرنێت کە چوویتە ئەودیوی پردێ کار ناکات.
ئانۆ جەوهەر: بۆچی دەچن بۆ ئەو دیوی پردێ؟
رووداو: بۆ نموونە من وەک هاونیشتمانییەک، ئینتەرنێتی یەکێک لە کۆمپانیاکانم کڕیوە، دەچمە کەرکووک سێ رۆژ دەمێنمەوە، ئینتەرنێتەکە لەوێ کار ناکات.
ئانۆ جەوهەر: لەبەر ئەوەی ئەو کۆمپانیایە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستانە، گرێبەستەکەی بۆ هەرێمی کوردستانە.
رووداو: ئەگەر هاونیشتیمانییەک بیەوێت سێ رۆژ لە کەرکووک بێت و هێڵێکی هەرێمی کوردسانی هەبێت بێ ئینتەرنێت دەمێنێتەوە!
ئانۆ جەوهەر: نەخێر کار ناکات، لەبەر ئەوە ئەو کۆمپانیایە تەنها هی هەرێمی کوردستانە، جەنابیشت سیمکارتی ئەو کۆمپانیایە بەکاردێنی، دەزانی کە ئەوە بۆ هەرێمی کوردستانە. کە دەچیتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەبێت هی کۆمپانیاکانی دیکە بەکاربێنیت.
رووداو: کۆمپانیای دیکە هەیە لە سەرانسەری عێراقدا کار دەکات و هی هەرێمی کوردستانیشە.
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ، ئەوە مافی خۆیانە.
رووداو: ئایا ئەم کۆمپانیایانەی ئینتەرنێت نایانەوێت مۆڵەت لە بەغدا وەربگرن؟
ئانۆ جەوهەر: کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتی هەرێمی کوردستان بەپێی گرێبەستیان لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. ئەگەر بیانەوێت مۆڵەتێک لە بەغدا وەربگرن، دەتوانن بچن وەریبگرن و لە عێراقیش ئیش بکەن، بەڵام بەپێی گرێبەستەکانیان لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. ئەمە بابەتێکی جیاوازە. هەروەها لە دانیشتنمان لەگەڵ بەغدا چەندین جار باسمان کردووە، کۆمپانیاکان نزیکەی 6 ملیۆن هاوبەشیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمە داهاتێکی گەورەی داراییە بۆ (CMC) و بۆ حکومەتی عێراقی و دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ژمارەی هاوبەشان، ئەگەر وەک پارەش نەدرێت، وەک داهات لەگەڵ بودجەی هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێت. ئەمەش کە بۆ هەرێمی کوردستان نییە.
رووداو: ئەم کۆمپانیایانە هیج قازانجێکیان بۆ هەرێمی کوردستان نییە؟
ئانۆ جەوهەر: نەخێر، تەنانەت لە قازانجی ئەم کۆمپانیایانە تائێستا باجیش نادرێت بە هەرێمی کوردستان.
رووداو: وابزانم ئێوە نێوەندگیرییەکتان کردووە لە نێوان کۆڕەک و حکومەتی عێراقی؟
ئانۆ جەوهەر: نەخێر، ئێمە نێوەندگیریمان نەکردووە، ئێمە بەرگریمان لە مافی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان کردووە. کۆرەک تیلیکۆم یەکەمین کۆمپانیایە کە دەستی بە کاری مۆبایل کرد لە هەرێمی کوردستان. وەکو کۆمپانیایەکی نیشتیمانی، نزیکەی 3 ملیۆن و نیو هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان سیمکارتی کۆرەک بەکاردێنن. سیمکارتی کۆرەک بووەتە بەشێک لە کار و ژیانیان. بۆیە داوامان کرد لە برایان لە (CMC) کە کێشەکەیان لە دادگە و حکومەت چارەسەر بکەن، نەک بێن هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان سزا بدەن. قەدەخەکردنی کاری کۆرەک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان سزادانی هاووڵاتییانە. کێشەکە داراییە، با لەگەڵ کۆمپانیاکە چارەسەری بکەن.
رووداو: حکومەتی عێراق دەیەوێت باج بخاتە سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت، ئەمە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟
ئانۆ جەوهەر: تائێستا بابەتەکە بە فەرمی نەهاتووەتە لای ئێمە. کە بە فەرمی بێت، دیراسەی دەکەین. تەنانەت رەشنووسەکەس نەگەیشتووە، چەندین جار قسەمان کردووە کە ئەگەر هەر بڕیارێک بدەن، دەبێت رای هەرێمی کوردستانی تێدا بێت.
بۆ نمونە کە مستەفا سەند، وەزیری گەیاندنی عێراق باسی ترانزێتی ئینتەرنێتی کرد، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، سەردانی وەزارەت و رێزدار سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد. دەبێت بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێدابێت.
رووداو: مادام باسی فایبەر ئۆپتیکت کرد، وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت لە رێگەی عێراقەوە وڵاتانی کەنداو بە هێڵی فایبەر ئۆپتیک دەبەستنەوە بە ئەورووپاوە. ئەمە بە هەرێمی کوردستاندا دەڕوات. هیچ رێککەوتنێکتان هەیە؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ، لێکتێگەیشتنی نزیکمان هەیە، کۆبوونەوەیەکی زۆر ئەرێنیمان هەبوو. کێبڵی فایبەر ئۆپتیک کە بە کوردستاندا دەڕوات، زۆر گرنگە چونکە دەبینە بەشێک لە ترانزێتی نێودەوڵەتیی ئینتەرنێت. وەکو دوو حکومەت مامەڵە دەکەین، رێککەوتنەکە دەبێت لە نێوان وەزارەتی گەیاندنی عێراقی و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت. پێکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی عێراق و کوردستان بکەینە شوێنی یەکەمی ترانزێتی نێودەوڵەتی. ئەمەش قازانجی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت. تاوەکو ئەورووپا بە وڵاتانی کەنداو ببەستینەوە.
رووداو: ئەمە قازانجی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت؟
ئانۆ جەوهەر: بەدڵنیاییەوە.
رووداو: پڕۆژەیەکتان هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس بۆ ستارلینک. پڕۆژەکە بە کوێ گەیشتووە؟
ئانۆ جەوهەر: دوو کۆبوونەوەمان هەبووە لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای سپەیس ئێکس. کۆبوونەوەکان زۆر ئەرێنی بوون. هێشتا لە گفتوگۆداین لەگەڵیان و هەروەها لەگەڵ (CMC) تاوەکو بتوانین سپەیس ئێکس بە فەرمی و بە گرێبەستێکی روون لە هەرێمی کوردستان کار بکات، بە شێوەیەک کە زانیاریی هاووڵاتییانمان پارێزراو بێت.
رووداو: پڕۆژەیەک هەیە کە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت بەیەک هێڵی فایبەر ببەسترێنەوە. ئەمە پەیوەندی بە حکومەتی ئەلیکترۆنییەوە هەیە؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ، لەم کابینەیە گەورەترین تۆڕی (Fiber to the Government) دروست کراوە. کاریش دەکەین بۆ (Fiber to the School) و لە داهاتووشدا بۆ نەخۆشخانەکان. ئەمە بڕبڕەی پشتی حوکمڕانیی ئەلیکترۆنییە لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو خزمەتانەی کە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێشکیشی دەکات، ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو پێکەوە بەستراونەتەوە، پڕۆژەکە بەردەوامە.
رووداو: یەکێکی دیکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکان، رێگەی گەشەپێدانە. ئەم رێگەیە بە کوێدا تێدەپەڕێت؟
ئانۆ جەوهەر: پێشنیازی هەرێمی کوردستان زۆر ئاشکرایە بە رۆژهەڵاتی رووباری دیجلە، لە موسڵەوە بۆ حەمدانییە، ئینجا بۆ تلکێف، بۆ سێمیل، بۆ دێرەبوو، جا بۆ قەرەبولا، پاشان بۆ ئاڤاکۆی ( سنووری توورکیا). ئەمە پێشنیازی هەریمی کوردستانە 32 کیلۆمەتر کورتتر، نزیکترە، خێراتر، هەرزانترە و خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا دەکات، ئەمە شوێنیکی گرنگە نە پێوستی بە پردە و نە بە تونێل. رێککەوتنمان کرد و واژۆشمان کرد، بەڵام دوای پێنج رۆژ بە بڕیارێکی سیاسیی تاکلایەنە لە کابینەکەی سوودانی راگیرا.
رووداو: رێکەوتنەکە راگیراوە یان رێکەوتنێکی دیکە کراوە؟
ئانۆ جەوهەر: ئەوان رێگەیەکی درێژتر، ناسەلامەتتر و ناواقعیتر دەگرنەبەر کە بە بیاباندا دەڕوات، تاوەکو دەگاتە سنووری سووریا و دواتر بۆ پێشابوور، ئەگەر لە رووی هونەرییەوە تەماشای بکەیت ناتوانی هەر گۆڕەپانی ئاڵوگۆر دروست بکەیت.
روواو: ئەمە بۆچی هەر لەبەر ئەوەی بە خاکی کوردستاندا تێنەپەرێت؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ دیارە وایە، بەڵام ئینشاڵڵا وانەبێت.
رووداو: هەر لەبەر ئەوەی کورد سوودی لێ نەبینێت؟
ئانۆ جەوهەر: جا هەندێ لەوملاولا دەیانگوت، نەکا لەبەر کێشەی مووچە ئێمە بازگەیەک دابنێن، لەسەر هێڵەکە، گوتم بۆ بەنیازن مووچە هەر دوا بخەن و نەیدەن؟ گوتم بەراستیتانە، هەرێمی کوردستان بەو پێشکەوتنە و شەقامانە نابینن، ئەمە پرۆژەیەکی عێراقی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نێودەوڵەتییە، ئەمە پرۆژەیەکەی گرنگە. ئێمە هەوڵمانداوە، کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی عێراق زۆر ئەرێنی بووە و نەخشەکانمان پیشانداوە وەڵامی هەبوو، بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
رووداو: لە دوای گشتپرسییەوە، ناردنی پۆستە لە رێگەی دامەزراوە حکومییەکانەوە بۆ دەرەوەی هەرێم کارا نییە. چیتان کردووە؟
ئانۆ جەوهەر: لەگەڵ وەزیری نوێی گەیاندنی عێراق (مستەفا سەنەد) قسەمان کردووە و بەڵێنی داوە کە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت. بابەتەکە سیاسی بوو، نەک هونەری.
رووداو: بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی تاوەکو چەند لە رووی زانستییەوە پێشکەوتووە بۆ پێشبینیکردنی کەشوهەوا، پێمان بڵێ هەینی بچین بۆ سەیران یان نەچین؟
ئانۆ جەوهەر: پێشبینییەکان بە شێوەیەکی زانستی دەکرێن. بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی کەسێکی زۆر شارەزایە.، زۆر وردە و یەکێکە لە بەڕێوەبەرە سەرکەوتووەکان. ئێستا سەرقاڵی گرێبەستێکین لەگەڵ ئیتاڵیا بۆ دانانی چەندین وێستگەی ئەلیکترۆنیی نوێ. لە هەموو جیهانیشدا پێشبینی 100٪ راست دەرناچێت، بەڵام ئێمە ئەوەی پێمان بکرێت دەیکەین بۆ ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
رووداو: وەکو لە پێشەکی باسم کرد با لەبارەی کریستیانەکان هەندێ پرسیار بکەم، دوایین ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەدروستی چەندە؟
ئانۆ جەوهەر: کێشەکی گەورە لەکاتی سەرژمێری روویدا، لە سەرژمێریی عێراقدا سەرەتا پرسیاری ئایین و نەتەوە نەکرابوو، کە هەڵەیەکی گەورە بوو. بۆیە ئامارێکی فەرمی و ورد نییە. ئێستا هاتنە ماڵی ئێمە ئاینییان نەپرسی.
رووداو: فۆرمەکە تێیدا نەبوو.
ئانۆ جەوهەر: سەرەتا فۆرمەکە تێیدا نەبوو، کە باس کرا 80%ی سەرژمێری کرابوو، بۆیە ئێستا لە هەرێمی کوردستان 320 هەزار بێ ئاینن، ئەوانە زۆرینەیان مەسیحین، بەڵام بەپێی زانیاریی کەنیسەکان، ژمارەیان لە سەرتاسەری عێراق نزیکەی 300000 بۆ 350000 کەسە، کە 90%یان لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوان.
رووداو: لەم رۆژانە قسەیەکی بەڕێزتانم بیست کە دەڵێت حیزبتان بۆ خزمەتی پێکهاتەکان بەکارهێناوە، نەک بە پێچەوانەوە، دروستە؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ.
رووداو: چۆن ئەمەتان کردووە؟
ئانۆ جەوهەر: بڕوای ئێمە وایە کە حیزب ئامرازە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان، نەک هاووڵاتییان ببنە ئامرازێک بۆ خزمەتی حیزب. ئەوەش زۆر بە روونی گوتراوە و حیزب پێی رازییە، حیزب ئامانج نییە ئامرازە، بۆ ئەوەی خزمەتی نیشتیمان و هاونیشتمانی خۆتی پێبکەیت، هۆکارە بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان، نەوەکو بە پێچەوانەوە. ئەمە باوەڕمانە و کاری لەسەر دەکەین و کاریشمان لەسەر کردووە.
رووداو: هەست دەکەن پیلانگێڕییەک بەرامبەر بە پێکهاتەکان هەبێت؟
ئانۆ جەوهەر: پیلانگێڕی بەرامبەر بە نیشتمان هەیە، بەرامبەر بە کوردستان هەیە و کارتی پێکهاتەکان زۆر جار لەلایەن دووژمنانی کوردستانەوە بەکاردەهێنرێت، بۆ تێکدانی واقیعی جوانی پێکەوەژیان، کە بەشێکی گرنگی ئاسایشی نیشتیمانییە.
رووداو: ئایا لە رێگەی پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە کار بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان مەسیحییەکان دەکرێت؟
ئانۆ جەوهەر: بەر لە هەر شت بووەتە عورفێک کە وەزارەتی کۆج و کۆچبەران بۆ کریستیانەکان بێت، بەڵام کێشەیەکی گەورەمان لە کۆتای کریستیانەکان هەیە. من 10 ساڵ لەمەوبەر داوام کردووە کە بۆ کۆتا، تەنیا کریستیان دەنگ بە کریستیان بدات و سندوق و رۆژی تایبەتیان هەبێت. بەم شێوەیە نوێنەری راستەقینە هەڵدەبژێردرێت.
جا لەبارەی وەزارەتی کۆج و کۆچبەران، ئێستا دوو کوتلەی سەرەکی هەن، بابلیوون (دوو پەرلەمانتارن) و سۆیانا (سێ پەرلەمانتاران)، هەرچەندە لە هەڵبژاردن کێشەیەکیان دروستکرد بەڵام بەهەرحاڵ، بەپێی زۆرینە، مافی دانانی وەزیر هی کوتلەی سۆیانایە. بەڵام گوشار لە عەلی زەیدی دەکرێت کە لە بابیلۆن هەڵبژێردرێت، ئێستا گفتوگۆ هەیە لەسەر دانانی کەسێکی سەربەخۆ بە رەزامەندیی هەردوولا، بەڵام دەبێت سۆیانا لەسەری رازی بن، چونکە ئەوان زۆرینەن.
رووداو: کەواتە تاوەکو ئێستا کەسێک دیاری نەکراوە؟
ئانۆ جەوهەر: نەخێر ئاگام لێنییە کەس دیاریکرابێت.
رووداو: کەواتە رازین بەوەی کەسێکی سەربەخۆ ببێتە وەزیر؟
ئانۆ جەوهەر: بە رەزامەندی سۆیانا بەڵێ چونکە ئەوان زۆرینەن.
رووداو: ئایا مەسیحییەکان مەترسیی هاتنەوەی داعشیان هەیە؟
ئانۆ جەوهەر: بەڵێ. دوێنێ لە رووداو هەواڵێکم خوێندەوە کەسێک لە مزگەوتەکانی کفری نامەی هەڕەشەی گەیاندبوو، داعش تەنیا هێزی سەربازی نییە، بەڵکو فیکر و رێکخستنیشە. هەرچەند دەوڵەت بەهێز بێت، ئەو رێکخستنانە لاواز دەبن.
رووداو: ئێستا دەوڵەت لاوازە؟
ئانۆ جەوهەر؛ بەنیازین دەوڵەت بەهێز بێت.
رووداو: ئایا دروستکردنی پارێزگایەک لە دەشتی نەینەوا پارێزگاری لە مەسیحییەکان دەکات؟
ئانۆ جەوهەر: بێگومان، بوونی پارێزگایەک بۆ هەموو پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا گرنگە بۆ ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچەکە. دەبێت تایبەتمەندی دەشتی نەینەوا بپارێزرێت، کە زۆرینەی مەسیحییە، هەرچەندە مەسیحی هەر لە دەشتی نەینەوا نییە، بۆ نمونە لە عەنکاوا گەورەترین کۆمەڵگەی مەسیحی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، دەبێت دۆسیەی ئەمنی و ئیداری بدرێتە دەستی خەڵکی رەسەنی ناوچەکە و هێزە نایاساییەکان بچنە دەرەوە. ئەگەر لە دەشتی نەینەوا یەکەی بەڕێوەبردن بۆ نەتەوە و ئاینەکان دابمەزرێنن و هەر کەس بەگوێرەی تایبەتمەندی خۆی ناوچەکەی بەڕێوە ببات کارێکی باشە.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ بەشداریکردنت.
ئانۆ جەوهەر: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.
