رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە دوای جەنگی 40 رۆژە و داخستنی تەنگەی هورمز و سەپاندنی رێوشوێنی نوێ لە لایەن ئێرانەوە، سنووری دەسەڵاتیان لە تەنگەکە بەرفراوانتر بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئایاری 2026 محەممەد ئەکبەرزادە، جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: "لە رابردوودا تەنگەی هورمز وەک ناوچەیەکی سنووردار لە دەوروبەری دوورگەکانی هورمز و هەنگام پێناسە دەکرا، بەڵام ئێستا لە چوارچێوەی پرۆژە نوێیەکەی سوپای پاسداراندا، سنووری تەنگەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرفراوان بووە."
بە گوتەی جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، "ئێستا سنووری تەنگەی هورمز لە کەناراوەکانی بەندەری جاسک و سیریک لە دیوی رۆژهەڵاتی تەنگەکە دەستپێدەکات و تاوەژو ئەودیوی دوورگە گەورەکان لە رۆژئاوای تەنگەکە درێژ دەبێتەوە."
محەممەد ئەکبەرزادە گوتی: "بە واتایەکی دیکە، تەنگەی هورمز گەورەتر بووە و گوڕدراوە بۆ ناوچەیەکی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان، کە ئەمەش پانتاییەکی ستراتیجییە."
لە 5ی ئایاری 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا نەخشەی نوێی ئەو ناوچانەی خستەڕوو کە لە تەنگەی هورمز لە ژێر کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەدا دەبن.
بابەتی پەیوەندیدار
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، هێڵی یەکەم لە باشووری ئێران و رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز هەڵکەوتووە و لە چیای موبارەک لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو باشووری بەندەری فۆجەیرە لە ئیمارات درێژ دەبێتەوە. هێڵی دووەمییش لە رۆژئاوای تەنگەکە هەڵکەوتووە و لە دوورگەی قیشم لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی ئێرانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کەناراوەکانی ناوچەی ئوممولقەیەوین لە ئیمارات بەردەوام دەبێت.
لە 28ی شوباتی 2026 و سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و تەنیا رێگە بە کەشتی و نەوتهەڵگرەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی دەدات بە تەنگەکەدا تێپەر ببن. تاران بۆ تێپەربوونی کەشتییەکانی دیکە، مەرجی وەرگرتنی باجی سەپاندووە و دەڵێت، هیچ کەشتییەک بە بێ مۆڵەتی ئەوان مافی ئەوەی نییە بە تەنگەکەدا تێپەربێت.
لە بەرامبەر ئەوەدا لە 13ی نیسانی 2026ـەوە ئەمریکا گەماڕۆیەکی تووندی بەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە.
