رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێک سوپای پاسدارانی ئێران چەند شانەیەکی چەکداریی نوێ و نهێنیی لە نێو خاکی عێراقدا دروست کردووە تاوەکو هێرش بکەنە سەر وڵاتانی کەنداو. ئەمەش وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەی خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن و لە ژێر گوشاری حکومەتی عێراق دان، خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
رۆژی هەینی 19ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری 8 سەرچاوەی عێراقییەوە بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران 3 بۆ 4 شانەی تایبەتیی پێکهێناوە، کە هەر یەکێکیان لە 10 چەکداری بژارەی شیعە پێکدێن. ئەم گرووپانە لە نێوان 20ـی نیسان بۆ 17ـی ئایار، لانیکەم 7 هێرشی درۆنییان لە بیابانەکانی بەسرە و موسەنا بۆ سەر ئامانجەکان لە کوێت، سعودیە و ئیمارات کردووە.
سەرچاوەکان دەڵێن چەکدارەکان راستەوخۆ فەرمان لە سوپای پاسداران وەردەگرن و لە دەرەوەی چوارچێوەی "گرووپی موقاوەمی ئیسلامی لە عێراق" کار دەکەن تاوەکو لە چاوی هەواڵگری ون بن.
گۆڕینی تاکتیکی تاران و دۆخی میلیشیاکان
جاسم بەهادلی، ئەفسەری خانەنشینکراوی سوپای عێراق، دەڵێ دروستکردنی ئەم گرووپە بچووک و تووندڕەوانە نیشانەی گۆڕینی تاکتیکی ئێرانە بۆ پاراستنی هێزی خۆی، بەتایبەت دوای ئەوەی گرووپە میلیشیا دیارەکانی سەر بە ئێران لەعێراق لاواز بوون.
گرووپەکانی وەک عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی رایانگەیاندووە، ئامادەن چەک رادەستی دەوڵەت بکەن. تاران دەیەوێت لە رێگەی ئەم شانە نوێیانەوە رێگریی لە هەر جۆرە پەککەوتنێکی سەربازیی بگرێت و لە هەمان کاتدا نکوڵی لە تێوەگلانی خۆی بکات.
بنکە ئەمنییەکان و وێستگەی ئەتۆمیی
بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئەم شانانە بنکەی ئاسمانیی (عەلی سالم) لە کوێت و تێرمیناڵێکی سەربازییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج. هەروەها لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت ئایا هێرشەکەی 17ـی ئایار بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی (بەراکە) لە ئیمارات لەلایەن ئەوانەوە کراوە یان نا.
سعودیەش رایگەیاندووە، لە هەمان رۆژدا 3 درۆنی تێکشکاندووە کە لە عێراقەوە هاتبوون. ئەم هێرشانە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و وڵاتانی کەنداوی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.
تاقیکردنەوەیەک بۆ زەیدی
ئەم پەرەسەندنە نوێیانە تاقیکردنەوەیەکی پێشوەختەن بۆ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، کە لەژێر گوشاری واشنتندایە بۆ چەککردنی هەموو گرووپە چەکدارە نایاساییەکان.
زەیدی هێرشەکانی سەر ئیمارات و سعودیەی سەرکۆنە کردووە و بەڵێنی داوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کێوماڵێکی وردی خاکی عێراق بکەن، تاوەکو بزانرێت کێ لە پشت ئەم "کارە تاوانکارییانەوەیە".
ئەمریکا راچاوەڕێیە حکومەتی عێراق هەموو ئامرازەکانی تێکدانی سەقامگیریی لە وڵاتەکەدا نەهێڵێت.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، لەو جەنگەدا گرووپەکانی سەر بە مقاوەمەی ئیسیلامی لە عێراق، پاڵپشتی خۆیان بۆ تاران دووپاتکردەوە و چەندین هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو.


.jpg&w=3840&q=75)