رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە دابینکردنی گازوایل بۆ موەلیدە ئەهلییەکان بە خۆڕایی و کشاندنەوەی پرۆژەیاسای دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە پەرلەمان.
ئێوارەی رۆژی شەممە 20-06-2026 عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی حەوتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنەکانی وڵات و بابەتەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکە تاوتوێ کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، عەلی زەیدی گوتی، "دەبێت وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بایەخی تەواو بە دۆسیەی کارەبا بدەن، بەتایبەتی لە پرۆسەکانی چاککردنەوە و خێرا وەڵامدانەوەی هەر گرفتێکی تەکنیکی کە لە کاتی زیادبوونی خواست لەسەر وزە دێتە پێشەوە."
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ پرسی پیسبوونی ژینگە و پاراستنی ئاوی رووباری دیجلە کرد. لەو چوارچێوەیەدا، ئەنجوومەن رەزامەندیی دا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران هەڵمەتی لەناوبردنی "گوڵی نیل" و چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی وشکەساڵی لەو ناوچانە بکات، کە بەهۆی کەمئاوییەوە خەڵکەکەی کۆچیان کردووە.
بەبۆنەی یادکردنەوەی کوژرانی ئیمام حوسێن و رۆژی عاشوورا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا رۆژی پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، لە تەواوی وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکاندا پشووی فەرمی بێت.
بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا، بڕیاردرا بۆ مانگەکانی تەممووز و ئابی داهاتوو، بڕی 45 لیتر گازوایل بۆ هەر 1 کەیڤیئەی (KVA) بەخۆڕایی بدرێتە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان، بەو مەرجەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانییان لە 20 کاژێر لە رۆژێکدا کەمتر نەبێت.
هەروەها دەسەڵات درایە حکومەتە خۆجێیەکان بۆ دیاریکردنی نرخێکی دادپەروەرانە بۆ هەر ئەمپێرێک، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی نرخ و کوالیتیی خزمەتگوزارییەکە.
لە چوارچێوەی رێکخستنی خەرجییە گشتییەکاندا، بڕیاردرا بە راگرتنی هەموو گرێبەستە نوێیەکانی پڕۆژە وەبەرهێنانەکان لە وەزارەت و پارێزگاکان. سەبارەت بەو پڕۆژانەی گرێبەستیان بۆ کراوە و دەستبەکار نەبوون، کۆمپانیاکان سەرپشک دەکرێن لەوەی چاوەڕێ بکەن تاوەکو بودجەی پێویستیان بۆ دابین دەکرێت، یان بە رەزامەندیی هەردوولا گرێبەستەکان هەڵبوەشێنرێنەوە بەبێ داواکردنی قەرەبوو.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی دا لەسەر پڕۆژەیاسای "دەستەی چاودێریی نێوخۆیی فیدراڵی" و کشانەوەی پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانیی شارستانی لە پەرلەمان.



