رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە مافی گەلی کورد و بونیاتنانی عێراقێکی دیموکراسیی فیدراڵی قوربانی داوە و بە پێویستی دەزانێت کە قوربانی و خەباتی خەڵکی عێراق ببێتە پاڵنەر بۆ چەسپاندنی چەمکی هاوبەشی نیشتمانی.
ئەو گوتانەی نووری مالیکی لە پەیامێکدا بوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئابی 2026 لە 80 ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد.
نووری مالیکی بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و پارتی کردووە و دەڵێت، یادی کاروانی خەبات و بەرگریی پارتی دەکەنەوە دژی سیستمی دیکتاتۆری و ئەو قوربانییانەی پارتی داویەتی بۆ بەرگریکردن لە "مافی گەلی کورد و رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی سەرکوتکردن و پاکتاو کە رژێمی پێشوو بەرامبەر گەلەکەمان پیادەی دەکرد".
مالیکی دەڵێ، خەڵکی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە خەباتیان دژی دیکتاتۆری کردووە و لەپێناو بونیاتنانی عێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵی قوربانییان داوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە ئەو وێستگە مێژووییانەى عێراق ببنە پاڵنەر بۆ بەردەوامیدان بە چەسپاندنی چەمکەکانی هاوبەشی نیشتمانی و بەهێزکردنی سەقامگیریی عێراق.


