رووداو دیجیتاڵ
بارەگاکانى حەشدى شەعبی لە سێ پارێزگاى عێراق بۆردوومان کران و کوژراوێک و "بریندار" هەیە. گرووپێکیش بەرپرسارێتى 69 هێرشی بۆسەر هەرێمى کوردستان لە ئەستۆ گرتووە.
لە کەمتر لە 12 کاژێردا ئەو هێرشانە بۆ سەر بارەگاکانى حەشدى شەعبی ئەنجام دراون.
یەکێک لە بۆردوومانەکان شەوى رابردوو بارەگایەکى حەشدی شەعبی لە قەزاى دووبز لە کەرکووک کردە ئامانج.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە 7ى نیسانیش بارەگایەکى لیواى 45ى حەشدی شەعبی لە قەزاى قائیم لە ئەنبار بۆردوومان کرا. دەستەى حەشدى شەعبی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەی ئەنبار هاجر عیتابی، چەکدارى لیواى 45 کوژراوە.
لیواى 45ى حەشدى شەعبی سەر بە کەتبیەکانى حیزبوڵڵاى عێراقە کە یەکێکە لە گرووپە وابەستەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێرانە.
بەیانى ئەمڕۆش بارەگایەکى دیکەى حەشدی شەعبی لە قەزاى ئامرلی سەر بە پارێزگاى سەلاحەدین بۆردوومان کرا.
سێشەممە 7ى نیسانى 2026 یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ئامرلی بۆردوومان کرا و زیان بەر فەرمانگەی کشتوکاڵ کەوتووە.
یاسین داودی گوتی، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەوە بریندار هەیە و ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، پشوو لە قەزاکە راگەیێندرا.
لیواى 52ى حەشدی شەعبی لە سنوورى ئامری باڵا دەستە کە سەر بە رێکخراوى بەدرە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەستەی حەشدی شەعبیی عێراق بڵاویکردوونەتەوە، لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە، 92 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی حەشدی.
هێرشەکان زیاتر 24 لیوای حەشدی شەعبییان کردووەتە ئامانج کە سەر بە گرووپە چەکدارە جیاوازەکان بوون.
زۆرترین گرووپی چەکدار کە لە 38 رۆژی رابردوودا بۆردوومان کراون، لیواکانی سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بوون کە دە جار بۆردوومان کراون؛ حەوت بۆردوومانیان لیوای 45 و دوو بۆردوومان لیوای 47ی سەر بەو گرووپە شیعییەی کردووەتە ئامانج کە زیاتر لە رۆژئاوا ئەنبار باڵادەستن.
ئەحمەد حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقە و فراکسیۆنی (حقووق)ی هەیە لە پەرلەمانی عێراق کە 6 کورسی هەیە.
بابەتی پەیوەندیدار
دووەم زۆرترین هێرش کراوەتە سەر لیوای 30ی حەشدی شەعبی کە شەش هێرش بووە. لیوای 30 کە بە لیوای حەشدی شەبەک ناسراوە، لەلایەن محەممەد جەمیل (ئەبو ئەحمەد)ـەوە سەرپەرشتی دەکرێ و لە دەشتی نەینەوا باڵادەستن.
لیواکانی 31 و 52 حەشدی شەعبی سێیەمین زۆرترین بۆردوومان کراون کە یەکى چوار هێرش بووە.
لیواى 31 سەر بە گرووپی ریسالیونە و عەدنان شەحمانی ئەمینداری گشتییەتی. لیوای 52ی حەشدی شەعبی سەر بە رێکخراوی بەدرە و مەهدی تەقی ئامرلی فەرماندەیەتی و زۆرینەی چەکدارەکانی تورکمانی شیعەن.
لەو 38 رۆژەدا و بەپێی ئاماری دەستەی حەشدی شەعبی، 75 چەکدار لە هێزە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی کوژراون و 65 چەکداریش بریندار بوون.
ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر بنکە و بارەگای گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، بابل، سەلاحەدین، نەینەوا، بەغدا و دیالە بوون.
بارەگای گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە هەریەک لە نەینەوا و ئەنبار یەکى 13جار بردوومان کراون. پارێزگای سەلاحەدین 12 جار و بابل حەوت جار بۆردوومان کراوە. لە کەرکووک پێنج جار هێرش بۆسەر بارەگای ئەو گرووپانە کراوە.
لەبەرامبەردا گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە لە ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقیی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکهاتوون، لە 28ی شوباتەوە بەرپرسیارێتی لە سەتان هێرش راگەیاندووە.
بەگوێرەی ئاماری ئەو گرووپە، لە 38 رۆژدا 812 هێرشیان لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە کردووە.
زۆرترین هێرش کە ئەو گرووپە بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ گرتووە لە 17ی ئاداردا بووە کە 47 هێرش بووە، کەمترین هێرش لە 12ی ئاداردا بووە کە 13 هێرش بووە.
گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" کە خۆی وەک بەشێک لە (مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەناسێنێت، ئاماری هێرشەکانی بۆ 34 رۆژى جەنگ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 181 هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە. زۆرترین هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بووە.
بەگوێرەی ئامارەکەی ئەو گرووپە کە وابەستەى کۆمارى ئیسلامى ئێرانە زۆرترین هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان کە 69 هێرش بووە و 65 هێرشیان بە درۆن و چواریان بە مووشەک بووە.
