رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە دادگەی رەسافەی بەغدا، عەجاج "جەلادەکەی زیندانی نوگرەسەلمان" بە ئامادەبوونی دەیان شایەتحاڵی نێو زیندانەکە دادگەیی دەکرێت. گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، عەجاج دانی بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر کچانی زیندانەکە و برسیکردنی زیندانیکراوەکان دا ناوە.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەڕێگەی دانیشتنەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان، دانی بە چەندین تاواندا ناوە کە لە ماوەی کارکردنیدا لە نوگرەسەلمان ئەنجامی داون."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی وردەکاریی زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێت، "تۆمەتبار دانی ناوە بە لاقەکردنی کچی نێو دەستبەسەرکراوە کوردەکانی نێو نوگرەسەلمان و برسی کردنی زیندانیکراوان و رێگریکردن لە گەیشتنی خواردن پێیان."
ئەرشەد حاکم باسی لەوە کرد عەجاج دانی ناوە بە تاوانەکانی دەزگای هەواڵگری ئەوکاتی عێراق، لە هەڵمەتی لەنێوبردنی فەیلییەکان و ئەو کەسانەی کە حکومەتی بەعس بە لایەنگری ئێران (التبعیة) ناوی دەبردن. بەڵام گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت، "تۆمەتبار هیچ پڕۆسەیەکی لەنێوبردن (التصفیە)ی راستەوخۆی لەکاتی کارکردنی لە دەزگای ئەمن دا ئەنجام نەداوە."
ئەرشەد حاکم باسی لەوە کرد، جگە لە تاوانەکانی لە نوگرەسەلمان، "تۆمەتبار دانی بە ئەنجامدانی تاوانی دیکەدا نەناوە. بەوپێیەی 5 ساڵ خزمەتی سەربازی هەبووە؛ سێ ساڵی لە نوگرە سەلمان بەسەربردووە و دواتر خانەنشین کراوە."
"عەجاج بیهێننە بەردەمم بە چەقۆ پارچە پارچەی دەکەم"، ئەم ژنە پێنج کەسی ئەنفالە و دەڵێت، خەمبارین، نازانین گۆڕی ئازیزانمان کامەیە pic.twitter.com/Sb1tkQ1c7S
