رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی گەلی عێراق و هەموو مسوڵمانان کرد و هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ هەمووان.
زەیدی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ناوچەکە لە ناو بارودۆخێکی هەستیاردایە و هیوای خواست ئاسایش و سەقامگیری لەرێگەی پەنابردن بۆ لۆژیکی دیالۆگ و دیپلۆماسی بەدی بێت، دوور لە شەڕ و دەستدرێژی. ئەو گوتی: "پێویستە لەرێگەی دیپلۆماسییەوە ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێنرێتەوە."
سەرۆکوەزیران ئەم بۆنەیەی بە دەرفەت زانی بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندییەکانی حکومەت و جەختی کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی ئاسایش، سەروەری و بڕیاری سەربەخۆی عێراق.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، حکومەت بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی گەل، تاوەکو ژیانێکی شایستە لە سایەی سیستەمێکی دیموکراتی و دەستووریدا مسۆگەر بکەن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، زەیدی نزا و هیوای خواست کە خودا حەج و عیبادەتی میوانانی ماڵی خودا قبووڵ بکات، کە لەم رۆژە پیرۆزانەدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی فەریزەی حەجن.
