رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووک (سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقە)، بڕیاری یەکپۆشی دەرکرد. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی دەڵێت، بڕیارەکە خوێندنی کوردی ناگرێتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک سەبارەت بە یەکپۆشیی خوێندکاران و قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک رایگەیاند: "تا ئەم ساتە هیچ ڕێنماییەک لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە بۆ هەر گۆڕانکاریەک یان تایبەتمەندی بەخشین بە خوێندنی کوردی نەگەیشتووە"
سامان مەجید لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە "لە ئەگەری هەر لێکتێگەشتن و رێکەوتنێکیش لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەوا بە نوسراوی فەرمی سەرجەم هاووڵاتییان و ناوەندەکانی خوێندن ئاگادار دەکەینەوە".
پێشتر سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارەکە بۆ سەرجەم بەشەکانی سەر بە پەروەردەی کەرکووکە بە خوێندنی کوردیشەوە، هەر قوتابخانەیەک پابەند نەبێت رووبەڕووی رێکاری ئیداری و یاسایی دەکرێتەوە."
مامۆستا سامان مەجید گوتیشی: "کراسی سپی و پانتۆڵ و سەدرییەی رەساسی یان نیللی لە پەروەردەی کەرکووک بڕیاری لێدراوە و دەبێت سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک بەو یەکپۆشییەوە پابەند بن."
جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک داوای لە دایک و باوک و سەرپەرشتیارانی خوێندکارانیش کردووە کە لە کڕینی پۆشاک و پێداویستییەکانی یەکپۆشی پەلە نەکەن.
هاوکات کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە پەروەردەی کەرکووک لەسەرەتای دەرچوونی بڕیارەکەوە رایگەیاند، ئەو بڕیارە ئەوان ناگرێتەوە و پابەندی بڕیاری هەرێمی کوردستان دەبن بۆ یەکپۆشی.
کامەران عەلی دەڵێت، "دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی کەرکووک نووسراوێکی ئاراستەی کارگێڕیی قوتابخانە و خوێندنگەکان کرد سەبارەت بە پابەندبوون بە پۆشاکی یەکپۆشی ساڵی رابردوو. لای خۆمانەوە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان لە نووسراوەکە ئاگادار کردەوە".
باسی لەوەش کردووە، لە هەولێر و بەغداوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووکەوە کراوە و "روونکردنەوەی پێویست درا کە ئەم نووسراوە خوێندنی کوردی ناگرێتەوە".
کامەران عەلی سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگە کوردییەکان ئاگادار دەکاتەوە: "پابەندی هەمان ئەو بڕیار و رێنماییانەی پۆشاکی یەکپۆشی دەبن کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندراوە".


