رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتەکەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، پارتی هەمیشە دەستپێشخەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و جەختیش لە پێشخستنی حوکمڕانی دەکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی، خانەوادەی شەهیدان، سەرکردایەتی، کادیران و جەماوەری پارتەکەی کرد و رایگەیاند: "لە ههشتا ساڵهى یادی دامەزراندنی پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بە شکۆدارییەوە بارزانیی نەمر و تەواوی ئەو قارهمان و شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە نەبەردانە بەبیر دەهێنینەوە کە بە بڕوا و فیداکارییەوە لەپێناو ئازادیی کوردستاندا گیانیان بەخشی."
سەبارەت بە مێژوو و ئامانجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، پارتی بەر لە هەشتا ساڵ وەک پێویستییەکی مێژوویی لە هەناوی خەون و خواستەکانی گەلی کوردستانەوە لەدایک بوو تاوەکو رێبەرایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازيی کوردستان بکات. دەشڵێت: "ئەمڕۆش دوای هەشت دەیەی پڕ لە قوربانیدان و دەستکەوتی مەزن، بە هەمان گوڕوتین و بەرپرسایەتیی مێژووییەوە، له خهباتى بەردەوامدايە بۆ پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان و بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ گهلى كوردستان."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی جەخت لەسەر بەرپرسیاریەتیی نیشتمانیی پارتەکەی دەکاتەوە وەک پێشەنگ و داینەمۆی پتهوکردنی تەبایی و پێکەوەژیان، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ پاراستنی ئەو کاروانە دەبێت بەردەوام خۆیان لەگەڵ گیانی سەردەم و پێشکەوتنەکاندا نوێ بکەنەوە و دەڵێت: "دەبێت برەو بە دامەزراوەییبوون و پێشخستنى حوکمڕانی بدەین، تاوەکو پارتی وەک هەمیشە متمانە و گەرهنتیی سەرەکیی مافە رەواکانی گەلی کوردستان بێت."
دەقی راگەیێندراوەکە
لە ههشتا ساڵهى یادی دامەزراندنی پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بە شکۆدارییەوە بارزانیی نەمر و تەواوی ئەو قارهمان و شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە نەبەردانە بەبیر دەهێنینەوە کە بە بڕوا و فيداكارييهوه لەپێناو ئازادیی کوردستاندا گیانیان بەخشی. سەری رێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکی شەهیداندا دادەنوێنین و سڵاو بۆ خێزان و کەسوکاری سەربەرزیان دەنێرین.
ئەم یادە پیرۆزە لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، لە تەواوی گەلی کوردستان، لە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکان، کادیران، ئەندامان، لایهنگران و جەماوەری دڵسۆزى پارتيمان پیرۆز دەکەم. لەم وێستگە مێژوویییەدا، بە ئومێد و بڕوایەکی بههێزهوه بەڵێنی بەردەوامیی کار و کۆشش لەپێناو ئامانجە باڵاکانی گەلى كوردستاندا دووپات دەکەینەوە.
پارتی بەر لە هەشتا ساڵ، وەک پێویستییەکی مێژوویی لە هەناوی خەون و خواستەکانی گەلی کوردستانەوە لەدایک بوو تا ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازيی کوردستان بەرەو ئازادی بکات. ئەمڕۆش دوای هەشت دەیەی پڕ لە قوربانیدان و دەستکەوتی مەزن، بە هەمان گوڕوتین و بەرپرسایەتیی مێژوویيیەوە، له خهباتى بەردەوامدايە بۆ پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان و بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ گهلى كوردستان.
لەم یادە پیرۆزەدا، جەخت لەسەر بەرپرسياریەتیی نیشتمانیی پارتی دەکەینەوە وەک پێشەنگ و داینەمۆی پتهوکردنی تەبایی، پێکەوەژیان و کۆکهرهوهى گهلى كوردستان به تهواوى پێكهاتهكانييهوه. پارتی هەمیشە دەستپێشخەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و گۆڕینیان بۆ دەرفەتی خزمەتکردنی نيشتمان.
لهم يادهدا دووپاتى دهكهينهوه كه بۆ پاراستنی ئەم کاروانە پڕ لە شانازییە، دەبێت بەردەوام خۆمان لەگەڵ گیانی سەردەم و پێشکەوتنەکاندا نوێ بکەینەوە، برەو بە دامەزراوەییبوون و پێشخستنى حوکمڕانی بدەین تا پارتی وەک هەمیشە متمانە و گەرهنتیی سەرەکیی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بێت.
سڵاو لە یادی 16ی ئاب، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
16ی ئابی 2026

