رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، ئەرکی سەرەکیی پارتی خزمەتکردنی گەلی کوردستانە و هیچ کۆسپ و ئاستەنگێک ناتوانێت رێگر بێت لە بەردەم ئەو ئەرکەدا.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی یادی 16ـی ئاب و 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان، پێشمەرگە و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژە بە مێژووی دامەزراندنی پارتەکەی دەکات و دەڵێت: "پارتی لەپێناو گەڕاندنەوەی هیوا و هێز بۆ گەلی کوردستان لە سەردەمێکی سەخت و دژواردا دامەزرا." دەشڵێت: "پارتی قوتابخانەی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانی کوردستان بووە و لە هەموو قۆناغەکاندا بەرگریکارێکی سەرسەختی مافە رەواکانی گەلی کوردستان بووە."
سەبارەت بە بنەماکانی کارکردنی پارتەکەی، سەرۆک مەسعود بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پارتی بڕوای پتەوی بە پێکەوەژیان، برایەتی و تەبایی نێوان هەموو پێکهاتەکان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق هەیە و رایدەگەیێنێت: "پرەنسیپی هاوبەشی و رێزگرتن لە دەستوور بە زامنی سەقامگیری، ئارامی و بووژانەوە لە هەموو عێراقدا دەزانێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بۆ جەماوەر و ئەندامانی پارتەکەی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پارتی سەرچاوەی هێزی گەلی کوردستانە؛ ئەرکی سەرەکیی پارتی خزمەتکردنی گەلی کوردستانە و پشت بە خوای گەورە و ئیرادە و هیمەتی ئێوە و هەموو خەڵکی کوردستان، هیچ کۆسپ و ئاستەنگێک ناتوانێت رێگر بێت لە بەردەم ئەم ئەرکە پیرۆزەدا."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی یادی ئەو شەهید، پێشمەرگە و تێکۆشەرانە بەرز رادەگرێت کە لە خەباتی پارتیدا قوربانییان داوە و پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی کادیران و جەماوەری پارتەکەی دەردەبڕێت کە وەک خۆی دەڵێت، "لە هەموو بارودۆخێکدا پشتیوانی پارتەکەیان بوون و مێژوو و شانازییان بۆ گەلەکەیان تۆمار کردووە."

