رووداو دیجیتاڵ
دەشتە پان و بەرینەکانی پشدەر، تاوەکو چاو بڕبکات بە سەوزایی و گوڵ و بەری بامیە تەنراون. ئەم زەویانە تەنیا زەوی کشتوکاڵی نین، بەڵکو بوونەتە سەرچاوەی بژێوی سەدان خێزان کە لە ناوچە جیاوازەکانەوە روویان تێکردووە.
حوسێن مەحەممەد، جوتیارێکی خەڵکی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو ئەمساڵ لەگەڵ خێزانەکەی رووی لە دەشتی پشدەر کردووە و بە نیوەکاری، دوو دۆنم زەوی کردووەتە بامیە. ئەو باس لە سەختیی کارەکەیان دەکات و دەڵێت: "چاندنی بامیە لە مانگی یەکەوە دەستپێدەکات، ئیشی بامیە سەختترین ئیشە و پێویستی بە خەریکبوونێکی زۆر ورد و رێک و پێک هەیە."
وەرزی چنینەوەی بامیە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت. دوو جۆر بامیە لە ناوچەکە دەچێنرێن: گەڵا باریک و گەڵا پان.
فارووق رەسوڵ، جوتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە و دەڵێت: "بەرهەمەکەیان بە زۆری دەنێرن بۆ عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی و لەوێ بەپێی قەبارە بۆ خواردنگە و بازاڕەکان جیا دەکرێتەوە".
نرخی بامیە لە بازاڕەکاندا جێگیر نییە و پەیوەستە بە رێژەی بەرهەمەوە. لە سەرەتای وەرزدا کیلۆی بە زیاتر لە پێنج هەزار دینار دەفرۆشرێت، بەڵام لە مانگی ئابدا کە بەرهەم زۆر دەبێت، نرخەکەی بۆ نزیکەی 1250 دینار دادەبەزێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی راپەڕین، ساڵانە نزیکەی هەزار و 500 دۆنم زەوی لەم سنوورە دەکرێتە بامیە و کۆی بەرهەمی ساڵانە دەگاتە زیاتر لە پێنج هەزار تۆن. بەپیتیی خاک و گونجاویی کەشوهەوا وایکردووە دەشتەکانی پشدەر و بیتوێن ببنە باشترین ناوچە بۆ بەرهەمهێنانی بامیە.

