رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری مێری کە بە سپۆنسەری میدیایی رووداو لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، ئامادەیی حیزبەکەی بۆ رێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، یەکێتی نە دەیەوێت و نە دەشتوانێت بەبێ پارتی حوکمڕانی بکات؛ هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە کێشەکانی نێوانیان گەورە نین و لە ئەگەری رێککەوتن لەسەر پرەنسیپە سەرەکییەکان، دەتوانن لە ماوەی 24 کاژێردا کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنن.
بافڵ تاڵەبانی لە گفتۆگۆکەدا کە سەرهەنگ حەمەسەعید، شارەزای گفتوگۆ و ئاشتیسازی پێشکێشی کرد، پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی بە هیچ شێوەیەک بەبێ پارتی حوکمڕانی ناکات و گوتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نە دەیەوێت بێ ئێوە حوکم بکات، نە پێی دەکرێت؛ ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێوە."
سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند کە کێشەکانی نێوان هەردوولا گەورە و ستراتیژی نین، بەڵکو بابەتگەلێکی بچووکن و داوای کرد بە فەرمی و بە نییەتێکی باشەوە دانیشتنەکان دەستپێبکەنەوە: "وەرن با دانیشتنەکان دەستپێبکەینەوە بە فەرمی و بە نییەتێکی باش. ئەو دوو گرووپە [پارتی و یەکێتی] بکەین بە یەک، عێراق بەڕێوەدەبەین و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانین بگۆڕین."
پێکهێنانی حکومەت؛ "دەتوانین بە 24 کاژێر پێکیبهێنین"
سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند کە کات کێشە نییە و ئەگەر لەسەر پرەنسیپەکان رێکبکەون، دەتوانن لە ماوەی 24 کاژێردا حکومەت پێکبهێنن. ئەو هەروەها ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان قوباد تاڵەبانی و مەسروور بارزانی کرد و بە "دانیشتنێکی زۆر باش" ناوزەندی کرد.
هەروەها باسی لەوە کرد کە لە قۆناخە هەستیارەکاندا هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوولادا هەبووە بۆ پاراستنی کورد لە مەترسییەکان.
رێککەوتن لەگەڵ نەوەی نوێ و رەتکردنەوەی رۆڵی دەرەکی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی یەکێتی بەرگری لە رێککەوتنی حیزبەکەی لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ کرد و بە دەرفەتێکی گرنگی ناوبرد: "ئەمە دەرفەتێکە بۆ پارتی پێش ئەوەی بۆ یەکێتی بێت، گەورەترین ئۆپۆزیسیۆن ئەمڕۆ دەیەوێت بەشێک بێت لە پرۆسەکە و بێتە نێو حکومەت."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن دەستێوەردانی دەرەکی رێگرە لە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی ئەو بۆچوونەی رەتکردەوە و گوتی، "ئەوەی ئەو قسەیە دەکات لە سیاسەت تێناگات یان دەیکات بە بیانوو."
دەقـی گفتوگۆکـــە:
پرسیار: بەخێربێیت کاک بافڵ.
بافڵ تاڵەبانی: زۆر سوپاس.
پرسیار: بێگومان ئەم ساڵەی 2026، ساڵێکی زۆر سەخت بوو، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بۆ سەرجەم جیهان. هێشتا ساڵەکە بەبەرییەوە ماوە و نازانین بەرەو کوێ دەڕوات. ترسێکی زۆر لە ئارادایە کە ئایا شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران دەستپێدەکاتەوە یاخود دیپلۆماسییەت سەردەگرێت یاخود نا؟ هەندێک دیمەنی قورس هەبوو کە لە مێژووی کوردستاندا؛ سەرەی بەنزین و قورسیی ئابووری و دڵەڕاوکێی دۆلار، لەوانەیە لە مێژووی کوردستاندا هەموو ساڵێک شتێکی ناخۆش هەبووبێت، بەڵام بینیمان لە وڵاتانی دیکەش لەم ئەزموونەیان هەبوو و ساڵێکی زۆر زۆر قورسە. لەم ناوچەیەدا میللەتانێکی زۆر لە کاتی شەڕی داعشدا، پێکهاتەکان، کریستیانەکان، ئێزدییەکان هەستیان بە مەترسی کرد لەسەر بوونی خۆیان. هەرێمی کوردستان و باقی میللەتەکانی دیکەش، هەریەکە و بە شێوەیەک ترسی هەیە؛ ئێستا هەرێمی کوردستان دەمێک ساڵە دەڵێت قەوارەکەمان لە مەترسیدایە، سوننەکان هەست بە مەترسی دەکەن، شیعەکان دەڵێن ئێستا حاکمییەتی شیعە لە مەترسیدایە. دەبینین وڵاتێکی وەکو سعودیە هەست بە گوشار دەکات و رێککەوتننامەی مەککەی ئیمزا کردووە لەگەڵ پاکستان و لەگەڵ تورکیادا. بەرەو هاوپەیمانێتی و هاوبەشی، ئێستا چەندین کێشە هەیە بەڵام لێکنزیکبوونەوەش هەیە بە شێوازی جیاواز. لەم دیالۆگەدا لەگەڵ بەڕێزتان، دەمەوێت لەو ئاستانەوە قسە بکەین، کاک بافڵ وەکو سەرکردەیەک چۆن تەماشای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات ئەگەر لەوێوە دەستپێبکەین؟ دواتر بێینە سەر هەرێمی کوردستان و دووبارە بچینەوە ئاستە هەرێمییەکە؛ ئایا مەترسی دەبینیت، ترس دەبینیت، یان دەرفەت دەبینیت؟
بافڵ تاڵەبانی: زۆر سوپاس، هەڤاڵان زۆر سوپاس، بەخێربێن. زۆر ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و زیاتر وەکو کورد، بیر لەم بابەتانە دەکەینەوە. ئەوەی کە من دەیبینم، هەموو ناوچەکە لەژێر مەترسییەکی زۆر گەورەدایە. هەر لێرە دانیشتین و باسی ئەوەمان کرد و زانیمان وای لێدێت، زانیمان ئەمە وا تەواو نابێت، وا زوو. بۆ کوێ دەڕوات؟ دەتوانین دوایی بێینە سەر ئەوە، چونکە من بۆچوونی خۆمم هەیە ئەمە بۆ کوێ دەڕوات. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە ئێمەش وەکو وڵاتەکانی دەوروبەرمان فێربین، خۆمان ئامادە بکەین بۆ چەند شتێک، رێککەوتنی خۆمان بکەین لەگەڵ چەندین لایەن. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ ئەمەوێت تۆزێک باسی بکەم، دوایی لە دەرفەتێکدا باسی دروستکردنی حکومەتە، بەس ئەوەی کە من دەیبینم ئەوەیە کە خەتەرەکە هەر لەسەر ئێران نییە، تایبەت لە رووی ئابوورییەوە هەموو دونیا ئەمڕۆ دۆخی خراپە. لە ئەمریکا لە هەندێک شوێن دیزڵ گەیشتووەتە 10 دۆلار. دۆخی بەغدا زۆر خراپە، دۆخی بەغدا خراپ بێت دۆخی کوردستان خراپتر دەبێت. مەترسی ئەمنی هەیە، مەترسی ئابووری هەیە، هیچی بێ بەرنامە چارەسەر ناکرێت. با ئێمە دانەنیشین باسی کێشەکان بکەین، با هەوڵ بدەین پێکەوە چارەسەر بدۆزینەوە بۆ کێشەکان. پێم وایە لایەنەکان تۆزێک بە جۆرێکی تر ئیش لەگەڵ یەکتری بکەن، پێم وایە دەتوانین بەرامبەر ئەم شتانە بوەستین. بەس قەت لەبیرتان نەچێت برادەران: قەیران، مەترسی، دەرفەتیشە. من دەرفەتێکی زۆر گەورە دەبینم بۆ کوردان. ئەم پرۆسەی ئاشتییەی کە لە تورکیا هەیە، ئێمە هەموومان دەبێت پشتیوانی ئەو پرۆسەیە بین، و خۆشبەختانە لە یەکەم رۆژەکانی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی وا لەگەڵ خوشک و برا ئێرانییەکانمان، ئەمە شتێک بوو کە لە ئێران زۆر باسمان کرد و ئێران زۆر جوان وەریگرت و پشتیوانییان کردووە کە هاوکار بن لەوەی پرۆسەیەکی ئاشتیی گشتی دروست بێت لە ناوچەکە. جەختی لێکتێگەیشتن و ئەم دیالۆگە پێم وایە زۆر گرنگ بێت، وەکو هەموو جارێک ئێمە ئامادەین بۆی، لە هەر کوێیەک ئێمە بتوانین یارمەتیدەرێکی بچووک بین.
پرسیار: زۆر باشە، بێگومان ناونیشانی ئەم دانیشتنە و گفتوگۆیە، مێری ناوی ناوە "کوردستانێکی بەهێز، یەکگرتوو، ئاسایش و هاوبەشیی ناوچەیی و هەرێمی"، بۆیە من لە دیمەنە جیهانییەکەوە دەستم پێکرد، چونکە وەکو فەرمووت کوردستان بەشێکە لەم جیهانە. ئەگەر بێینەوە ناوخۆی عێراق و ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باسی ئەو پێکەوەکارکردن و شێوازی کارکردن و هاوبەشییە، چۆن کوردستان خۆی ئامادە بکات؟ من لە بواری ئاشتیدا ئیش دەکەم، پرسیارم لێ دەکەن هەندێک جار دەڵێن تۆ رەشبینیت یان گەشبینیت؟ من هەمیشە وەڵامەکەم ئەوەیە وەکو ئاشتیکارێک ئەرکی منە کە دەرفەتی گەشبینی دروست بکەم نەک ئەوەی کە...
بافڵ تاڵەبانی: من دووجار گەشبینم، لە تۆ خراپترم، من هەر بە سرووشت گەشبینم و بە جینات گەشبینم، جەنابی مام جەلال هەر گەشبین بوو، بۆیە من دووجار گەشبینم.
پرسیار: دروستکردنی هیوا ئەرکی سەرکردەیە و بەڕێزیشت حەز دەکەم ئەم دانیشتنە زۆر لەسەر دەرفەت دروستکردن و دروستکردنی هیوا بێت. لەناو هەرێمی کوردستاندا ئێستا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دەرفەت و تەحەددییانەی کە هەیە، هەنگاوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چییە و هەنگاوەکانی سەرکردایەتیی کورد چییە؟ یان چی بێت باشە؟
بافڵ تاڵەبانی: هەنگاوەکانی یەکێتی زۆر زۆر روونن. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمە چەند ساڵێکە ئیشی کردووە لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی خۆی. ئەو پەیوەندییانەی کە مام جەلال هەیبوو لەگەڵ وڵاتەکانی دەوروبەرمان، ئێمە توانیمان زیندووی بکەینەوە، لە چەند بوارێکیشدا زیاتریش بەرەو پێشەوەی ببەین. لە هەمان کاتدا لەگەڵ وڵاتە نێودەوڵەتییەکان، ئێستا دەتوانم پێتان بڵێم خۆشبەختانە باشترین پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ زۆربەی وڵاتەکان. پەیوەندیمان هەیە باش لەگەڵ وڵاتانێک کە لەگەڵ یەکتری پەیوەندییان باش نییە، توانیمان چەند جارێک هاوکار بین و یارمەتیدەر بین، پەیامی باش بینین، قسەی خێر بکەین لە بابەتەکاندا. بەڵآم ئەوەی کە زۆر دڵخۆش، منی زۆر دڵخۆش کردووە، پەیوەندییەکانی خۆمانە لەگەڵ زۆربەی حیزبە کوردییەکان و بەتایبەت لەگەڵ خوشک و براکانمان لە عێراق. سیاسەتی ئێمە زۆر روونە برادەران، ئێمە شانازی دەکەین بە کوردبوونی خۆمان، خەباتێکی زۆرمان کردووە بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو خەباتە بەردەوام دەبێت، بەس خەباتەکەمان نابێت لە عێراق بوەستێت هەڤاڵان. دەبێت خوشک و براکانمان لە سووریا و لە تورکیا و لە ئێرانیش لەبیر نەکەین.
ئەوەی کە توانیمان بیکەین کە زۆر دڵخۆشکەرە بۆ من، پەیوەندییەکانمانە لە بەغدا، لە زۆربەی گرووپەکان لە بەغدا. رێککەوتنیشمان نەبێت، پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە و لێکتێگەیشتنێکی گەورەمان هەیە. ئەمڕۆ خۆشبەختانە تەنانەت نەیارەکانمان لە بەغدا، رایەکیان هەیە لەسەر یەکێتی، بەلایەنی کەمەوە دەزانن قسەکەمان بەدڵ بێت یان نا، قسەی خۆی جێبەجێ دەکات و فێڵمان لێ ناکات. ئەم سیاسەتە ئەگەر لایەنەکانی دیکەش لە کوردستان بە جۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ سیاسەتی حیزبەکەی خۆیان، ئەگەر بتوانن سیاسەتێکی وا جێبەجێ بکەن، پێم وایە کوردستان دۆخی زۆر زۆر باشتر دەبێت. با لەبیرمان نەچێت، سەرۆکوەزیرانێکمان هەیە ئێستا لە بەغدا کە زۆر تازەیە، هیچ جۆرێکی رەگەزپەرستی بەرامبەر میللەتی کورد نییە. پیاوێکی بازرگانە، دەیەوێت وڵاتەکەی باش بڕوات بەڕێوە، دەیەوێت چەند گۆڕانکارییەکی جیدی و قورس بکات. ئەو برینە کۆنانەی نییە کە رەنگە چەند کەسێک پێشتر هەیبووبێت لە بەغدا بەرامبەر کورد و حکومەتی هەرێم و ئەم شتانە. دەرفەتێکی زێڕینە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دروست بوو، بتوانێت سوود لەوە وەربگرێت. تۆزێک ئێمە سیاسەتی خۆمان و زمانی خۆمان بگۆڕین، پێم وایە زۆر سەرکەوتوو دەبین لە بەغدا. بەڵام یەکەمین و گرنگترین پارچەی ئەوە ئەوەیە کە هەموو لایەنێک و هەموو حیزبێک تێبگات، کە ئەمڕۆ 2003 نییە، 2004 نییە. مامۆستا، رەنگە ئەوسا عێراقێکی لاواز یارمەتیدەر بووبێت بۆ کوردستانێکی بەهێز، تکاتان لێ دەکەم هەمووتان تێبگەن لەمە، ئەمڕۆ پێچەوانەکەیەتی؛ ئەمڕۆ عێراقێکی ئارام واتە کوردستانێکی ئارام، عێراقێکی دەوڵەمەند واتە کوردستانێکی دەوڵەمەند، عێراقێکی یەکڕیز واتە کوردستانێکی یەکڕیز. ئەم سیاسەتە تێبگەین و ئیشی لەسەر بکەین، بەڵێ زۆر دەتوانین قازانج بکەین لەم حکومەتە لە بەغدا. حکومەت ئامادەیە، با ئێمەش خۆمان ئامادە بکەین.
پرسیار: باشە، ئێمەش خۆمان ئامادە بکەین. ئەم "ئێمە"یە، بەشێکی ئەوەیە کە پەیوەندیی راستەوخۆی حیزبەکان و سەرکردەکانە، و بەشێکیشی ئەوەیە کە ئایا لە 2003 و 2004 و 2005 کاتێک هاوپەیمانیی کوردستانی هەبوو بە یەکڕیز دەچوونە بەغدا. لەم ساڵەدا ئەم یەکڕیزییە ناوخۆییەی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاشان مامەڵە لەگەڵ بەغدا، چۆن ئەم دیمەنە دەبینیت؟ ئایا حکومەت یەک ئاراستە و سیاسەتێکی کوردی دروست دەبێت، یاخود ئاراستەکەی بەرەو کوێ دەڕوات؟ حکومەت پێکهات ئەم سیاسەتە جێبەجێ دەکات، یاخود بە رێگەی هاوتەریبیش دەتوانن بەدی بهێنن؟
بافڵ تاڵەبانی: دەکرێت من لەلای جەنابت دانیشم و بڵێم وەرە من و تۆ دیالۆگ بکەین و هەموو جارێک کە تۆ روو دەکەیتە ئەولا، من ئاوت پێدا بڕێژم؟ یان هەموو جارێک جەنابت ستەیجەکە بەجێبهێڵیت، من دانیشم لێرە قسە بە جەنابت بڵێم؟ من تێناگەم لە بۆچوونی هەندێک لایەنەکان. ئێستا شتێکی زۆر سادە، ئێمە رێککەوتنێکمان هەیە لەگەڵ نەوەی نوێ. ئەم رێککەوتنە جیدییە برادەران، سرووشتی من فێر نەبووە دوای ئەم هەموو ساڵە من شتی لاوەکی ناکەم، شتی گاڵتە ناکەم. ئەمە دەرفەتێکە برادەران، دەرفەتێکە بۆ کێ؟ بەخوا بۆ پارتی دەرفەتە پێش ئەوەی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت. گەورەترین ئۆپۆزیسیۆن ئەمڕۆ تێگەیشتووە، دەیەوێت بەشێک بێت لە پرۆسەکە، دەیەوێت یارمەتیدەر بێت، رەنگە بیەوێت بێتە ناو حکومەت. باشە، ئەوە لەکوێ و دوو ساڵ پێش ئێستا لەکوێ بوو؟ لەبری ئەوەی بە شتێکی باش بیبینن، شەو و رۆژ لە راگەیاندن قسەیان پێ دەڵێن، شەڕیان پێ دەفرۆشن، پەشیمان دەبنەوە، یەکێتی فێڵیان لێ دەکات. برادەران ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ئێوە، ئەمە یارمەتیدەرە بۆ حکومەتێک. چەند کەمتر بەرد تێبگرن لەو حکومەتە، جامەکانی جوانتر دەبن، بۆ لەمە تێناگەن؟ من دووبارەی دەکەمەوە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قەت دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە، ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە رێککەوتنێک، رێککەوتنێکی دادپەروەرانە. مرۆڤێک نییە لەم ژوورە دانیشتبێت، بەوانەی لەناو حکومەتن، نەزانن ئەم حکومەتەی پێشتر کەم و کوڕیی هەبووە. زۆر ئاساییە. من کە بووم بە سەرۆکی یەکێتی، دڵنیاتان دەکەمەوە بۆ چەند شەش، حەوت، هەشت مانگ، ساڵێک، ساڵ و نیوێک، دەیان هەڵەم کرد. تەنیا خوای گەورە هەڵە ناکات. بەڵام دەبێت فێربیت لە هەڵەکانت، دەبێت لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە بکەیت، دەبێت بزانیت ئەمە هەڵە بوو با بە جۆرێکی تر ئیش بکەم. ئەم هەڤاڵانەش کە دەیانەوێت حکومەت دروست بکەن، با بزانین کامیان جدین؟ با دانیشین پێکەوە. کێشەکانمان زۆر نین، کێشەی ئەمنیمان هەیە کە تا ئێستا هەڤاڵان تێنەگەیشتوون چەند جیدییە ئەو کێشەیە، بەس ئێمە کێشەی پرەنسیپی هاوپەیمانیمان هەیە. بۆ نموونە سەیرکە، ئێمە رێککەوتنێکمان هەیە لەگەڵ نەوەی نوێ، دانی پێدا نانێن، تۆ کێیت دان بە رێککەوتنی من نانێیت؟ بە چ مافێک تۆ دانی پێدا نانێیت؟ بەم کەشوهەوایە، چۆن دەتوانین ئێمە رێکبکەوین؟ چۆن دەتوانین ئێمە رێکبکەوین؟ ئێمە دادەنیشین، باسی رێککەوتن دەکەین، چەندین مانگ کۆبوونەوەمان کرد، دانیشتنمان کرد، هاتووچۆمان کرد. تۆ دەزانیت من 16 جار هاتوومە بۆ هەولێر؟... 16 جار هاتوومەتە هەولێر، نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێک. بۆ نەگەیشتووینەتە هیچ ئەنجامێک؟ وا دوور نین لە یەک، بەخوا هیچی گەورەی وا نییە وەکو سیاسەت یان ستراتیژ کە ئێمە جیاواز بین لە یەکتری. وەکو ئەوە نییە لایەکمان چەکی ئەتۆمیی دەوێت و ئەوی تر باوەڕی بە چەکی ئەتۆمی نییە! شتی بچووکە. ئەو شتە بچووکانە نابێت وا بکەن کە وەزعەکە وا خراپ تێکبچێت و وەزعەکە بەرەو دواوە بڕوات.
کاکە، بەخوا ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە رێککەوتنێک، بەس بەخوا ئێمە بەڵێنمان داوە بەم میللەتە مامۆستا. من ساڵێک پێش ئێستاش دووبارەم کردەوە لەسەر ئەم ستەیجە، گوتم: ئێمە ئامادە نین لە ماف و یاسای میللەتەکەمان سازش بکەین. ئەمەنە سازش ناکەین. ماف و یاسای خۆمان؟ بەسەر سەر و بەسەر چاو، هەموو جارێک ئامادە بووینە بۆ سازش، بەڵام بۆ میللەتەکەمان ناتوانین سازش بکەین. ئێمە ئامادەین، لە کوێ دەتانەوێت قسەکان دەستپێبکەینەوە، دانیشتنەکان دەستپێبکەینەوە. دەتانەوێت دووقۆڵی دانیشین؟ دووقۆڵی دادەنیشین. ئەمریکییەکان دەیانەوێت یارمەتی بدەن؟ با دانیشن. ئینگلیزەکان دەیانەوێت یارمەتی بدەن؟ با بێن. گرووپێکی ئەکادیمی دەیانەوێت بێن؟ با بێن، وەرن دانیشن بزانین کاممان راست دەکەین. ئێمە دڵمان زۆر زۆر سافە، دووبارەی دەکەمەوە، هیچ پێویستی بەوە نییە قسەکانی ئێمە لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت، بنێردرێت بۆ دەزگای ئەمنی بزانن مەبەستیان چییە، سەیری پشت پەردە بکەن. پشت پەردە و پێش پەردە نییە، قسەکانمان کە دەیکەین ئەوەیە کە دەمانەوێت، زۆر زۆر سادەیە. رەوایە ئێمە بتوانین لەگەڵ بەغدا رێککەوین، لەگەڵ تورکیا رێککەوین، لەگەڵ ئێران رێککەوین، لەگەڵ ئەمریکا رێککەوین، نەتوانین لەگەڵ خوشک و براکانمان لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوین؟ مەحاڵە ئەوە. من رێککەوتنەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ بە شتێکی ئەرێنی دەبینم. شتێکی ئەرێنییە بۆ کوردستان، شتێکی ئەرێنییە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان. باوەڕم پێبکەن شتێکی ئەرێنیشە بۆ دروستکردنی حکومەتێک کە ئینشەڵڵا باشتر دەبێت لە هەموو کابینەکانی دیکە، بۆ هەر باسی کابینەکەی پێشتر بکەین. کەواتە بۆ ئەم جۆرە خەباتەش ئێمە ئامادەین و دەرگای گفتوگۆ قەت دانەخراوە، بەڵام با تۆزێک سەیری دووریش بکەین، کاتمان زۆر نییە. شت زۆر خێرا دەگۆڕێت برادەران، کاتمان زۆر نییە.
پرسیار: پرسیارێکم هەیە لەسەر گفتوگۆکان، بەڵام پێش ئەوە بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە سەر ئەوەی کە لە دەرەوەی گفتوگۆکان تەماشای دیمەنەکە دەکات، چی لەناو عێراق و هەرێمی کوردستان و چی لە دەرەوە؛ پرسیارێک هەیە دەڵێن: ئایا لەوەی فەرمووت وێنەیەکی ناوخۆییە کە یەکێتی و پارتین کە ناگەنە رێککەوتن، بەڵام هەندێک لە دەرەوە دەبینن دەڵێن ئایا هاوپەیمانە دەرەکییەکانی ئەو دوو حیزبە لە دەرەوەی عێراق، ئایا ئەوان سەدەهای ساڵە تورک و فارس کێبڕکێیانە لەم ناوەیەدا، ئایا ئەوان رێگرن بۆ ئەو رێککەوتنەی پارتی و یەکێتی؟
بافڵ تاڵەبانی: بێ زەحمەت، من بافڵم. روونتر قسە بکە تا روونتر وەڵامت بدەمەوە. مەبەست ئەوەیە ئێران و ئەم لایەنانە ناهێڵن رێککەوین؟
پرسیار: باسی دەکرێت، پرسیار دەکرێت.
بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی باسی ئەوە دەکات، ئەسڵەن لە سیاسەت نازانێت. ئەسڵەن لە سیاسەت نازانێت! یان خۆی سوور دەزانێت وا نییە و بیانووی نییە، ئەمە دەکات بە بیانوو. مامۆستا با من بە روونی شتێکت پێ بڵێم: من شانازی دەکەم بە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ ئێران، لەگەڵ رووسیا، لەگەڵ بەریتانیا، لەگەڵ چەندین وڵات. بەس بە خوای گەورە و میهرەبان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیاوی کەس نییە، قەت پیاوی کەس نەبووە و قەت پیاوی کەس نابێت. پەیوەندی زۆر جیاوازە لەوەی تۆ بە قسەی ئەم و ئەو بکەیت، قەت ئەوەمان نەکردووە و قەت ناکەین. باوەڕیش ناکەم هیچ لایەنێکی تر وا بکات، بۆیە من ئەو بۆچوونە و رایە چییە، رەتی دەکەمەوە.
پرسیار: زۆر باشە. لە دوو ساڵی رابردوودا چەند جارێک هیوا بەرزبووەوە کە گفتوگۆ هەیە لەنێوان هەردوو لایەنەکە و نزیکە لەوەی حکومەت بێت و دادەبەزییەوە. ئێستا لە کوێین؟
بافڵ تاڵەبانی: ئێستا لە نێوەڕاستین.
پرسیار: کەواتە بەم نزیکانە حکومەت نابینین هێشتا؟
بافڵ تاڵەبانی: دەتوانین بە 24 کاژێر حکومەت ببینین. کاتی بۆ دانانی کات نییە، کات نییە کێشەکە. چەند کێشەیەک هەیە چارەسەر بکرێن، زۆر دەچینە پێشەوە. چەند پرەنسیپ هەیە رێککەوین لەسەری، زۆر خێرا دەچێتە پێشەوە پرۆسەکە. دانیشتنی باش بووە لەم چەند رۆژانە، کاک قوباد لەگەڵ جەنابی کاک مەسروور دانیشتنێکی کرد، دانیشتنێکی زۆر زۆر باشی کرد. من زوو زوو لەگەڵ کاک شاسوار دادەنیشم، رۆژانەش بە تەلەفۆن قسە دەکەین، زۆر باش لەوە تێگەیشتووە. رەنگە یەک دوو دانیشتنیش هەبووبێت لەملاو ئەولاش کە من دڵنیاتان دەکەمەوە باش بوونە و هەر باش دەبن.
من پەیوەندیم هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی، حەز دەکەم پێتان بڵێم زۆریان برادەری منن، زۆریان هاوڕێی منن. رەنگە بۆ راگەیاندن نەبێت ئەوە، بەڵام پەیوەندی هەیە. هاوئاهەنگیش هەبووە لە شوێنی گرنگدا، لە قۆناخی قورسدا هاوئاهەنگی هەبووە. کاتێک شەڕەکە تازە دەستیپێکرد، لەگەڵ کاک قوباد، لەگەڵ کاک نێچیرڤان، لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی تر لەناو پارتیدا توانیمان شتێکی وا بکەین کە کورد رزگار بکەین لەو قوڕبەسەرییەی کە چەند وڵاتێک دەیانویست تووشی ببین. توانیمان چەند ئاگرێک بکوژێنینەوە پێکەوە. برادەران، چونکە ئێمە لە تەلەفزیۆن ماچ و مووچ ناکەین، وا دەزانن ئێمە پەیوەندیمان نییە و ئێمە دانانیشین و ئاگامان لە میللەتەکەی خۆمان نییە، حەزم دەکرد زیاتر بێت دانیشتنەکانمان، حەزم دەکرد هەندێکیشی لەبەر راگەیاندن بێت تا میللەتەکەمان دڵەڕاوکێی نەبێت و ئارام بێتەوە، بڵێن وەڵڵا ئەمە شتێکی زۆر باشە. ئینشەڵڵا ئەمجارە شەڕ دەستپێناکاتەوە، ئەگەر دەستیشی پێکردەوە دڵنیا بن ئێمە بەرنامەیەک دادەنێین پێکەوە، ئامادەیی ئێمە هەیە، دڵنیاشم هی پارتیش ئامادەیە و قورس نابێت بیکەینە یەک، بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، بۆ بەرگریکردن لە میللەتەکەمان و لە ئابووریی میللەتەکەمان بەوەی کە دەتوانین بیکەین. بەس تکاتان لێ دەکەم لەبیرتان نەچێت: ئەمڕۆ ئەڵمانیا قەیرانی ئابووریی هەیە، بەریتانیا وەزعی خراپە، ئەمریکا وەزعی خراپە، باوەڕمەکەن کە ئێمە بتوانین، کە لە نێوەڕاستی شەڕەکەین، کە ئێمە بتوانین خۆمان بپارێزین 100٪ لەو قەیرانانە.
پرسیار: دوو وشەی سەرەکیت بەکارهێنا کاک بافڵ: بەرگری و ئابووری. ئەگەر بەوە پەیوەندیدار بکەینەوە بە بەغداوە، ئێستا سەرۆکوەزیران لە پەیامی حکومەتەکەیدا کە هات بۆ واشنتن سەرۆک ترەمپی بینی و دەچێتە وڵاتان قسەی لەسەر دەکات، بابەتی خۆپارێزی بەشێکی بە مەترسیی دەرەوەیە لەم شەڕەی کە لە ئارادایە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەشێکی دووەمی لەو مەترسییە ناوخۆییانەیە، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت مەترسی بوون بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکان. لەم مەسەلەیەدا هیوایەکی زۆر هەبوو کە سێ مانگ ببێتە ئەو مەودوایەی کە ئەمریکا دەڕواتە دەرەوە و ئەو گرووپانەش چەک دادەنێن، بەڵام ئەوەی لە وردەکاریی عێراق بزانێت، دەبینێت ئاڵۆزترە لەوە.
بافڵ تاڵەبانی: ئەمریکا ناچێت بۆ مەریخ! ئەمریکا دەچێت بۆ ئوردن، 17 خولەکە بە فڕۆکە. بیەوێت بێتەوە بە چەقەنەیەک دێتەوە. ئەم "ئەمریکا رۆیشتنە دەرەوەیە" زۆر خۆتان تێک مەدەن باوەڕ بکەن، وەڵڵا، وانییە مامۆستا؟ راست ناکەم؟ ئەوەندەیە. ئەوەیان زۆر سادەیە، زۆر سەری خۆتان بەوەوە نەیەشێنن. پرسیارەکەی دیکەت چی بوو؟
پرسیار: پرسیارەکەی تر ئەوەیە کە ئێستا بابەتی ئەو گرووپە چەکدارانە کە چەک دابنێن...
بافڵ تاڵەبانی: ئا، گرووپە چەکدارەکان، ئەو سێ مانگە باش روون نەکرابووەوە. هەڤاڵان، 30ی مانگ بە واتای چەک دانان نییە. وەکو پرەنسیپ، رازی بوون چەک رادەست بکرێتەوە بۆ حکومەت، ئەمە پرەنسیپێکە کە رێککەوتوون لەسەری. پرۆسەکە دەستیپێکردووە لە سێ مانگ، دانیشتنەکان دەستپێدەکات لە سێ مانگ، وردەکارییەکە دەستپێدەکات لە 30ی مانگ. بە بڕوای من، زۆربەی ئەم گرووپانە چاو لە گرووپەکانی تر دەکەن، تێگەیشتوون کە ئەمە بۆ ئەوان باشە. تێگەیشتوون کە مەرجەعییەت رای وایە ئەسڵەن ئەمریکا بێنە خەڵک ئەمریکای هەژار دەکاتە کێشەی هەموو شتێک، مەرجەعییەت رای وایە. مەرجەعییەت رای وایە و ئەم برادەرانە خەڵکی بەدینن. هەندێکیشیان حەزتان لێی بێت یان حەزتان لێی نەبێت، ئەمانە خەباتیان کردووە، شەڕی داعشیان کردووە، هەزاران شەهیدیان هەیە. بە رێزەوە دەتوانین لەگەڵیان دانیشین، گفتوگۆکانمان سەرکەوتوو بن بە هاوکاریی ئێران. بە هاوکاریی ئێران نەبێت ناکرێت، بە هاوکاریی ئێران دەتوانین جەوێک دروست بکەین، یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کە ئەم لایەنانە بێنە ناو پرۆسەی فەرمی، چەک لە دەرەوەی حکومەت نەبێت. دەکرێت، مەحاڵ نییە، بەس کاتی دەوێت، متمانەی دەوێت.
پرسیار: ئەو گرووپانە لە بەغدا ئێستا بەشێکیان تێکەڵاوی سیاسەتن بە شێوەیەک لە شێوەکان یان نوێنەرایەتییان هەیە لە پرۆسەکەدا. کورد هاوبەشە لە بەغدا، کاتێک ئێوە گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەن، حەتمەن لێیان دەپرسن رووی چەکەکانیانتان بۆ دەکەنە هەرێمی کوردستان؟ چیتان وەڵام دەدەنەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: با من شتێکتان بۆ روون بکەمەوە، ئێران وڵاتێکی زۆر گەورەیە، دەزانێت ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ چ وڵاتێک هەیە. دەزانێت ئەمریکییەکان لێرەن، فەرەنسییەکان لێرەن، ئەمە لێرەیە، ئەوە لێرەیە. چەند هێڵێکی سووری هەیە ئێران، روونە هێڵە سوورەکانی چین. ئێمە ئەو هێڵانە نەبەزێنین، ئێران لە ئێمە نادات، هاوڕێکانی ئێران لە ئێمە نادەن. من لەم زووانە خۆم لە ئێران بووم، بەڕاستی ئامانجی سەرەکیی رۆیشتنی من بۆ ئێران ئەوە بوو کە دانیشین بە دوورودرێژی وتووێژ لەسەر ئەم شتانە بکەین، تا چۆن بتوانین کوردستان نەوک چەند شوێنێک لە راگەیاندن باسی کرد، ناوچەی سلێمانی! نەخێر، کوردستان بپارێزین لەم دۆخە ئەگەر جارێکی دیکە شەڕی ئێران و ئەمریکا دەستیپێکردەوە بە شەڕی سەربازی.
ئێران پێش شەڕ پێی گوتین چی دەکات. مرۆڤ نییە نەزانێت، ئێران گوتی هورمز وا لێ دەکەم، چ وڵاتێک یارمەتیی ئەمریکا بدات لێی دەدەم. ناڵێم راستە ئەو سیاسەتە، بەڵام ئێران دەستی خۆی ئاشکرا کرد، گوتی من وا دەکەم. ئیشی ئێمە ئەوەیە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەو، بە جۆرێک سیاسەت بکەین کە ئەو ئاگرە بەر ئێمە نەکەوێت، روونە.
بۆ من دەتوانم هەفتەیەک لە تاران بم، دوو هەفتە دوای ئەوە لە واشنتن بم؟ زۆر ئاسانە. من پار لێرە گوتم، عێراق و بە گشتی کورد، بەتایبەت کورد، دەبێت رۆڵێکی باش ببینێت لەم بابەتەدا. ئێمە جێگەی متمانەی هەردوو لایەنین، ئێمە جێگەی متمانەی هەردوو لاین. خەڵک هەیە لەم کوردستانەدا، کە بەشەر نییە لە دونیا زیاتر رێزی لێ بگرن لەو کەسانە، ئەمانە با لەسەر بابەتەکە بن، ئەمانە با یارمەتیدەری پرۆسەکە بن. هەندێکمان لەناو پرۆسەکە بووینە، هەندێکمان یارمەتیدەر بووینە، بەس من پێم وایە پێکەوە باشترین شت دەتوانین یارمەتیدەری پرۆسەکە بین.
پرسیار: لەسەر ئەمریکا، باسی فەرمووت لە واشنتنیشیت و لە تارانێشیت، پێم وایە لەم سەردەمەدا دۆخێکی وەها ئاڵۆزە ئەمریکا لە هەموو دەرگایەک دەدات و ئێرانیش لە هەموو دەرگایەک دەدات کە چارەسەر بدۆزێتەوە. ئێوە هیچ دەورێکتان بینیوە لەوەی کە لێکنزیکبوونەوە رووبدات؟
بافڵ تاڵەبانی: جارێ من وا نابینم ئەگەر رای منت دەوێت. ئەمریکا و ئێران خەڵکیان هەیە لەنێوانیاندا و هێڵی فەرمییان هەیە بۆ پەیوەندییەکانیان. خەڵک زۆر شتیان بۆ دەبات، من پێم وایە زۆرجار ئەو شتانەی کە بۆیان دەبەن یارمەتیدەر نین چونکە دۆخەکە رەنگە ئاڵۆز بکات. بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئێمە توانیمانە لە چەند شوێنێکی زۆر زۆر گرنگ هاوکاریی چەند چوونەپێشەوە بووینە لەنێوان ئەمریکا و ئێران. زۆر حەز دەکەم بە وردەکارییەوە بۆتان باس بکەم بەس بۆ خوایە هەر دووکیان لە من زوویر دەبن و کاک قوباد دەمخنکێنێت!
پرسیار: لە بنیاتنانی ئاشتیدا، باس نەکردنی هەتا کاتی خۆی پێدەگات لەوانەیە باشتر بێت، بە هیوای ئەوەی کە لە رۆژێکی تردا بتوانیت باسی بکەیت. بێینەوە بۆ بەغدا، لایەنە ئابوورییەکەی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو پەیامی گرنگی هەیە، یەکەم دەڵێت دەمەوێت ئابووریی عێراق گەورەتر بکەم، دووەم دەڵێت دەمەوێت دەرگای کەرتی تایبەت بکەمەوە وەکو شەریک. لە ئێستادا عێراق قەیرانی ئابووری و دارایی هەیە، هورمز داخراوە و نەوت ناردنە دەرەوە داخراوە. ئێستا دەرفەتە عێراق هەندێک بڕیار بدات کە رێگە بکاتەوە لەگەڵ وڵاتانی تردا نەوت بنێرێتە دەرەوە و ئابوورییەکەی فراوان بکات. جەنابت وەکو سەرکردەیەک لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەم سیاسەتە ئابووری و داراییە، تێڕوانینتان چۆنە؟ چی بە بەغدا دەڵێن لەسەر ئەم پەیامە؟
بافڵ تاڵەبانی: پرۆژەیەک هەیە، جەنابی سەرۆکوەزیران لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان باسی کردووە. بەڵام با فێڵ لە خۆمان نەکەین، بابەتی هورمز کێشەیەکی زۆر زۆر گەورەیە، چونکە ئەمڕۆ بمانەوێت و نەمانەوێت، عێراق لەسەر نەوت دەژی. چاوەڕێی زۆر پێشکەوتنی ئابووری مەکەن تا بابەتی هورمز چارەسەر نەبێت. دەبێت من راستگۆ بم لەگەڵتان. ئەوەی من بزانم لەم چەند مانگەدا 14 وڵاتی جیاواز پارەی خۆیان دابەزاندووە، ئەمە کێشەیەکە دووبارەی دەکەمەوە لە هەموو دونیا هەیە. دڵنیا بن کە عێراق ئەمڕۆ کە دراوسێی ئێرانە و لە ناوەڕاستی شەڕەکەدایە و ئابوورییەکەی لەسەر نەوت دەژی، دڵنیابە ئەمە کاریگەرییەکەی باش نییە و باشیش نابێت. شتێک نییە کە بتوانیت بە پەلە، لە مەسەلەی تەکنەلۆجیا و ئەم شتانە، ئەمە هەمووی کاتی دەوێت. هیچی شتێک نییە لەم ساڵ و دوو ساڵەدا سوودەکەی ببینیت.
پرسیار: یەکێک لە کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە ئەوە بوو کە لە کاتێکدا عێراق بە چاوی ترسەوە تەماشای سووریای دەکرد، بەڵام لەم قەیرانەدا دەرکەوت سووریا هەلە بۆ ئەوەی بە تانکەر نەوت بنێردرێتە دەرەوە و بۆریی نەوتی نوێ بکرێتەوە. تێڕوانینی بەڕێزتان بۆ سووریا و لایەنە کوردییەکەی، ساڵی پار ئامۆژگاریت بۆ برا کوردەکان لەوێ ئەوە بوو کە با شەمەندەفەرەکە بەجێتان نەهێڵێت و لە شەمەندەفەرەکەدا بن، لەم ساڵەدا چۆنە؟
بافڵ تاڵەبانی: تۆزێک بەجێهێشتن، یەک تۆز بەجێهێشتن بەڵام زوو فریاکەوتن. بەڕاستی مەسەلەی کوردی سووریا، من یەک شتان پێ دەڵێم، ئەوەی کە دەیانەوێت لە ئێمە، ئێمە ئامادەین، چۆن هەر ئامادە بووینە، هەر ئامادە دەبین. بەیانی هەڤاڵێکم دێت لەوێ دادەنیشێت، ئەو پرسیارە لە ئەو بکە زۆر جوانتر وەڵامت دەداتەوە، زۆر بە وردەکاریی دیکە.
پرسیار: وەکو ساڵی پار گەشبین بوویت بەوەی کە سەرکردایەتیی سووریا دەیەوێت بەرەو ئاراستەیەکی باشی وڵاتەکە بڕوات؟
بافڵ تاڵەبانی: ئێستاش گەشبینم، حەز دەکەم تۆزێک پەلە بکەن. حەز دەکەم تۆزێک پەلە بکەن، بەڵام ئێستاش رەشبین نیم.
پرسیار: تورکیا، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە یەکێتی لە ماوەیەکدا پەیوەندیی باش بوو، پەیوەندیی کز بوو، ئێستا پەیوەندیی یەکێتی زۆر باشە؟
بافڵ تاڵەبانی: دەیبینیت!
پرسیار: دەکرێت بەرەو کوێی دیکە بڕوات؟
بافڵ تاڵەبانی: دەبێت پەیوەندییەکە ئاسایی بێتەوە، تا راددەیەک ئاسایی بووەتەوە. تەسەووری ئەوە دەکەم کونسوڵخانە بکرێتەوە لەوێ، تەسەووری ئەوە دەکەم پەیوەندییەکە باش بێتەوە، هەردوکمان باشتر لە یەکتری تێبگەین. سیاسەتی ئێمە لەگەڵ تورکیا ئەوە بووە کە ئەوەی پێی دەڵێن کێشەی کورد و بابەتی پەکەکە و هەڤاڵەکانمان لە شاخ، ئەمە بە دیالۆگ و دیپلۆماسی چارەسەر دەکرێت. تورکیاش گەیشتووەتە ئەو قەناعەتە و زۆر باش چووەتە پێشەوە. ئێمەش هاوکارین و هاوکار دەبین و پشتیوانی ئەم پرۆسەیەین. وەکو گوتم لە ئێرانیش باسی ئەوەمان کرد کە پرۆسەیەکی نزیک لەوە دەستپێبکەین بۆ هەڤاڵەکانمان لە ئێران، ئەمەش پرۆسەیەکە ئێمە دەستمان پێکردووە و ئامادەشین. پرۆسەیەکی دوورودرێژ دەبێت بەس سەرکەوتوو دەبێت.
بابەتی تورکیا، ناڵێم لێکتێنەگەیشتن هەبوو، کێشەی تریش هەبوو بەڕاستی. هەندێکی حەقی ئێمە بوو، هەندێکیشی بەخوا حەقی تورکیا بوو، بەس باشتر لە یەکتری تێگەیشتووین و ئەمڕۆ پێویستمان بە یەکترییە. کێشە زۆر زۆرە لە ناوچەکەمان، مەترسی زۆر زۆرە، کاتی ئەوە هاتووە کە ئێمە شتە بچووکەکان لادەین و تەرکیز بخەینە سەر شتە گەورەکان.
پرسیار: ئەو پەیوەندییە باشە گەیشتووەتە ئەوەی کە تورکیا پێشوازی لە رۆڵی ئێوە بکات؟ مەبەستم بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیایە؟
بافڵ تاڵەبانی: دڵنیام پێشوازی لە رۆڵی ئێمە دەکات، بەڵێ بە زیادەوە، لە هاوئاهەنگین بۆ زۆر شت.
پرسیار: بێمە سەر ئەمریکا، ئەمریکا ئێستا دەڕوانێتە عێراق وەکو دەرفەتێکی ئابووری، بەڕێزت باسی لایەنە ئەمنییەکەت کرد کە مەترسی نییە ئەمریکا بیەوێت بێتەوە ئێرە. پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا، لە عێراقدا رای جیاوازی لەسەرە؛ ئەوەی دەڵێت لەگەڵی نییە، ئەوەی دەڵێت داگیرکارییە. سەرکردایەتیی کورد لە بەغدا بە چی تێدەگات؟
بافڵ تاڵەبانی: مەبەستت ئەوانەیە کە تێگەیشتوون لە دونیا یان ئەوانەی کە تێنەگەیشتوون؟
پرسیار: بەوانەی کە تێنەگەیشتوون، بافڵ تاڵەبانی چییان پێ دەڵێت لەسەر پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا؟
بافڵ تاڵەبانی: دەزانیت چییان پێ دەڵێم؟ دەڵێم سەیری حیزبێک بکەن کە لە چوارچێوەی عێراقی گەورەدا یەک حیزبە کە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەردوو لا هەبێت و سوود لە هەردوو لا بکات. عێراقیش دەبێت وا بکات مامۆستا! عێراق دەبێت پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەک هەبێت، پەیوەندییەک بێت بۆ ئەوان باشە، زۆر باشە، بۆ من باشە؟ با وا بکات. عێراق، ئەمڕۆ حەز بکەن یان حەز نەکەن، زلهێز هەیە لە ناوچەکە کە یەکێکیان ئێرانە کە دراوسێی ئێمەیە، زلهێزێک هەیە لە هەموو دونیا کە ناوی ئەمریکایە. وازی لێ بهێنە باشە یان خراپە؛ بۆ نەیکەیت؟ بۆ پەیوەندیت نەبێت لەگەڵ ئەو دوو زلهێزە کە هەردووکیان دێن دەڵێن من پەیوەندیم دەوێت لەگەڵ تۆ، من دەمەوێت بازرگانیت لەگەڵ بکەم، من دەمەوێت یارمەتیت بدەم لە رووی ئەمنییەوە، بۆ نەیکەیت؟ کە توانییان پێم بڵێن بۆ نەیکەن، ئەوسا من موناقەشەیان لەگەڵ دەکەم بۆ بیکەن باشە. شتێکت بۆ باس بکەم: باسی تۆم باراکت کرد، ئێران نەتوانێت لەگەڵ ئەمریکا رێککەوێت ئەمجارە، قەت رێکناکەوێت! بە شانازییەوە قسەم لەگەڵ چەند برادەرێک کردووە لە ئەمریکا کە بەشێکن لە دانوستاندنەکان و گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە دڵیان پاکە و دەیانەوێت رێککەون. نەتوانن لەگەڵ ویتکۆف و کوشنەر و ئەمانە رێککەون، قەت رێکناکەون. بەڵام، هەمان شت بە ئەمریکییەکان دەڵێم، نەتوانن لەگەڵ جەنابی پزیشکیان و لەگەڵ عێراقچی و لەگەڵ ئەمانە رێککەون، قەت رێکناکەون، چونکە هەموویان بەنزیکەیی هەمان قسە دەکەن. من هەندێک جار بێزار دەبم، دادەنیشم لەلای ئەمان قسەکانیان ئەوەندە باشە، دەچمە لای ئەوان قسەکانیان ئەوەندە باشە، بیر لەوە دەکەمەوە فێڵێکیان لێ بکەم، داوەتیان بکەم بۆ نانخواردنێک و فڕێیان بدەمە ژوورێک پێکەوە، دەرگاکە دابخەم و بەجێیان بهێڵم! دڵنیا بە ئەوە بکەن بە چوار پێنج کاژێر دەگەنە چارەسەر. ئێمە لە ئێران بووین هەموومان بینی، ئەمنی، سەربازی، سیاسی، حکومی، پەرلەمانی، هەموومان بینی. لە ئەمریکاش خۆشبەختانە لەگەڵ هەموو لایەک قسە دەکەین. وەڵڵا دەرفەتە، دەرفەتێکی زێڕینە. من لە شتێک نیگەران بووم، کە ئێرانییەکان بیانەوێت بە زۆر بگەنە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دوای هەڵبژاردنەکان. بۆم دەرکەوت ئەوە سیاسەتەکەیان نییە. پێم وایە ئەمە بۆ ئەمریکییەکانیش تازە بوو. گوتیان: "کاکە ئێمە دەبێت ئێستا رێککەوین لەگەڵ ئەمریکا." ئەمە تازە بوو بۆ من دکتۆر، زۆر تازە بوو. گوتم چۆن؟ گوتیان سەیرکە: ترەمپ خۆی دەڵێت من پیاوی بازرگانیم، ئێستا ئەو رێککەوتنی پێویستە و ئێمەش پێویستمانە. ئێمە زیاتر سوود دەکەین، ئەوانیش زیاتر سوود دەکەن. چاوەڕێی هەڵبژاردنەکە بکەن، چی روودەدات؟ دوو شت روودەدات: یان ترەمپ دەیباتەوە یان دەیدۆڕێنێت. بیباتەوە، پەلەی چییە رێککەوێت لەگەڵ ئێران؟ بۆچی پێویستە سازش بکات لە چەند مەوزووعێکدا؟ بیدۆڕێنێت، خەتای ئەوانە، خەتای ئەوان بێت یان نەبێت خەتای ئەوانە، چونکە ناچارە رێککەوێت لەگەڵیان. کەواتە هەموو لایەک تێگەیشتوون، پێویستیان بە پاڵێکی بچووکە. دڵم زۆر خۆش بوو کە لە ئێران هاتمەوە، کە قسەم لەگەڵ ئەو هەڤاڵانە کرد. زۆر لەو شتانەی لە راگەیاندن باس دەکرێت، برادەران من بۆتان روون دەکەمەوە وا نییە. دەڵێن یەکڕیز نین، هەموویان هەمان قسەیان دەکرد؛ دەڵێن دەستە چەپەکە نازانێت دەستە راستەکە چی دەکات، وەڵڵا وا دەزانێت تەسەووری ناکەن! بڕیارێک بدرێت، ئەو بڕیارە دەڕوات.
پرسیار: کاک بافڵ، هیوادارم ئەم گەشبینییە درێژەی هەبێت و بە کردار لە رۆژانی داهاتوودا ئاشتیی باش ببینین...
بافڵ تاڵەبانی: با یەک قسەی دیکە بکەم ئەگەر مۆڵەتم بدەیت، پەیامێکی تایبەتم هەیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، دەبێت؟
پرسیار: فەرموو، زۆر سوپاس.
بافڵ تاڵەبانی: هەڤاڵانی ئازیزی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ حیزبایەتییەکە باس ناکەم، باسی چەند کەسێک دەکەم. چەند کەسێک هەیە لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوڕێی خۆمی دەزانم. چەند کەسێک هەیە لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستان هاوڕێی باوکم بوونە، هاوڕێی دایکم بوونە، هاوڕێی کاک کۆسرەت بوونە، هاوڕێی بەڕێزەکانی نێو یەکێتی بوونە کە ئێمە شانازییان پێوە دەکەین. دڵنیا بن لەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نە دەیەوێت بێ ئێوە حوکم بکات، نە پێی دەکرێت. ئێمە ئامادەین بۆ هەموو جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێوە. دەرفەتە بۆ ئێمە، باوەڕم پێبکەن دەرفەتە. هەموو دونیا ئاڵۆزە، سەیری پەیوەندیی ئێمە بکەن لە بەغدا، سەیری پەیوەندیی خۆتان بکەن لە بەغدا، ئەو دوو گرووپە بکەین بە یەک، عێراق بەڕێوەدەبەین، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانین بگۆڕین. کێشەکانمان بچووکن، هیچی وا نییە. وەرن با دانیشتنەکان دەستپێبکەینەوە، بە فەرمی، بە نییەتێکی باش. دڵی ئێمە پاکە و هاوبەشیمان دەوێت. زۆر سوپاس.


