رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لەدەستدانی نزیکەی 2,500 مێگاوات کارەبا، توانیویانە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی دیکە، بەرهەمهێنان بۆ 1,550 مێگاوات بەرز بکەنەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێشتر بەرهەمهێنان بۆ 1,000 مێگاوات دابەزیبوو و تەنیا 4 کاژێر کارەبا دەدرا، بەڵام ئێستا توانیمان کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ نێوان 6 بۆ 8 کاژێر بەرز بکەینەوە و لە هەندێک شوێن دەگاتە 9 کاژێریش."
سەبارەت بە رۆڵی موەلیدە ئەهلییەکان، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە دا، موەلیدەکان ئاگادار کراونەتەوە بۆ پڕکردنەوەی کەمیی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی. بەڵام گوتیشی، "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، هەندێک لە خاوەن موەلیدەکان پابەند نەبوون یان کێشەی تەکنیکییان هەبووە."
ئەو گوتەبێژە دەڵێ، کارپێکردن و چاودێریکردنی موەلیدە ئەهلییەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی وەزارەتی کارەبادا نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکانەوە. تاوەکو ئێستاش وادەیەکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر و ئاساییبوونەوەی تەواوەتیی رەوشی کارەبا نییە.
قسەکانی ئومێد ئەحمەد ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-11-2026 لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان:
رووداو: کاک ئومێد زۆر سوپاس کە لەگەڵمانی، با من بەو پرسیارە دەست پێبکەم: کەی دۆخی کارەبا سەقامگیر دەبێتەوە؟
ئومێد ئەحمەد: لە راستیدا لەسەر هەموو ئەو رێکارانەی کە پێویست بوون بۆ گەیاندنی کارەبا و خزمەتگوزاریی کارەبا بە هاوبەشەکانمان، بەردەوام بووین. ئەو پلانەی بەردەوام کارمان لەسەر توانای بەرهەمهێنان و کارکردن لەناو تۆڕەکەوە دەکرد، پرۆسەی چاکسازی بە تایبەتی و خۆئامادەکردن بۆ زستان لەناو ئەمانەدا هەبوون، کە بەداخەوە بەهۆی ئەو هێرشەی سەر کۆرمۆر، ئەو گازەی کە پێویست بوو بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان بە تەواوەتی راگیرا. ئەمە کاریگەریی هەبوو لەسەر لەدەستدانی زیاتر لە دوو هەزار و 300 تاوەکو دوو هەزار و 500 مێگاوات. بەپێی ئەو کاتە، ئەو گازەی کە لەبەردەست بوو، توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە سێ هەزار مێگاواتیشی هەبوو.
ئەگەر لەو کاتەدا پێویستییەکانی ئێمە ئەوە بووایە کە یەکەکانمان لە کاردا بن، بەڕاستی ئەوانەی کە شارەزان لە بەڕێوەبردنی سیستەمی کارەبا، مەترسییەکانی ئەم حاڵەتە باشتر تێدەگەن و دەزانن وەک لە هاوبەشانی کارەبا، کە بۆ ئەوان گرنگە خزمەتگوزاریی کارەبایان پێبگات، یاخود خەڵکی دەرەوەی سیستەمی کارەبان. لەدەستدانی راستەقینە، ئەوەیە کە پێی دەڵێن شەتداون [کوژانەوەی گشتی]ـی وێستگەکە لە کۆرمۆر، کە دەبێتە هۆی حاڵەتێکی نائاسایی؛ ئەوەش جۆرێک لە پشێوی لە سیستەمی کارەبادا دروست دەکات کە لەگەڵ نەمانی گازەکە ئەگەر زۆر بەدوای یەکدا کوژانەوەی کارەباش رووبدات، دەیکاتە کوژانەوەی سەرتاسەری و گشتی.
بەڵام بە هەوڵ و هیمەتی هاوڕێکانمان لە تیمی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم [ـی کوردستان] و کۆنترۆڵی شارەکان، ئێمە توانیمان هەرچۆنێک بێت ئەو گازەی کە رۆیشتووە و ئەو بەرهەمەی کە بەدوایدا دێت، نەهێڵین سیستەمەکە لەگەڵ خۆی رابکێشێت و دووچاری حاڵەتێک ببینەوە، چونکە ئەگەر خوا نەخواستە کوژانەوەی گشتی رووی بدایە، ئەو هەزار مێگاواتەی کە مابووەوە بە 72 کاژێریش ئاسایی نەدەبووەوە، چونکە هەموو ئەو کێشانە لە نەمانی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان دروست دەبن. چەند جارێک حاڵەتی لەم شێوەیە روویداوە. بۆیە ئەوەی گرنگ بوو ئەوەیە کوژانەوەی گشتی رووینەدا. ئەوە خاڵێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە و توانیمان سیستەمەکە رابگرین.
بەڵام دەبینین کە ئەو بەرهەمەی مابوو زۆر کەم بوو، جۆرێک لە ناهاوسەنگی لە بەرهەمهێنان و لە ئاستەکانی ڤۆڵت و ناجێگیریی فریکوێنسی دروست کرد. کە ئەمەش هەر بە بەردەوامی ئێمە لەژێر هەڕەشەی کەوتندا بوو، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان کۆنترۆڵی بکەین و پلانمان دانا بۆ ئەوەی هەرچی زووە، هەم بۆ پاراستنی سیستەمەکە و هەم بۆ گەیاندنی کارەبای زیاتر و خزمەتگوزاریی کارەبای زیاتر بە هاوبەشەکانمان بە لانیکەمی ئەوەی لەبەردەستدایە، توانیمان ئەو یەکانە بخەینە گەڕ کە لە دەرەوەی سیستەمی گازی کۆرمۆرن، وەک وێستگەی گازیی خورمەڵە. بەڵێ، لە کاتێکدا کۆرمۆر سفر بوو، لە خورمەڵە بە سوپاسەوە زۆر بەخێرایی هاتن بەدەمەوە و داوامان لێکردن، یەکەیان هەبوو لە چاکسازی، بۆیان گەڕاندینەوە.
هەروەها لە دهۆک یەکەیەکمان خستە کار؛ وێستگەیەکمان هەبوو لە وێستگەی خەباتی هەڵمی کە بە ئێچ ئێف ئۆ (HFO) کار دەکات، ئەویش هەر لە سەروبەندی چاکسازی بوو، چونکە وەک گوتم بۆ وەرزی زستان سەرقاڵی چاکسازی بووین. داوامان لێکردن و توانیان لە دوای 24 کاژێر ئەویش بگەڕێننەوە. یەکەیەکمان لە دوکان و لە دەربەندیخان وەک سەرچاوەی ئاوی کارپێکرد. بە هەموو ئەمانە توانیمان هەزار مێگاواتەکە بکەین بە هەزار و 500 بۆ هەزار و 550 مێگاوات. واتە دەتوانین بڵێین هیچ زێدەڕۆییەکی تێدا نییە و توانیمان لە ماوەی 24 بۆ 48 کاژێردا کە رەنگە حاڵەتێکی پێوانەیی بێت، توانای بەرهەمهێنان بە رێژەی 50٪ بەرز بکەینەوە. ئەمە لە کاتێکدا بەو توانای بەرهەمەی کە هەمانە، ئەمەش لە کاتێکدا تۆ تەواوی سەرچاوەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبات لە کێڵگەی کۆرمۆر کە سەرچاوەی سەرەکییە، لەدەست داوە.
رووداو: باسمان کرد وەڵامی کۆمێنتی ئەو هاونیشتمانییانە بدەینەوە. کاک هەڵمەت دەڵێت: ئێستا رۆژانە چەند کاژێر کارەبا دەدرێت؟
ئومێد ئەحمەد: پرسیارێکی بەجێیە. لە راستیدا چونکە هاوبەشانی کارەبا و هاونیشتمانییانمان پێویستیان پێیەتی، ئێمە بەوەی لەبەردەستماندایە چیمان پێ دەکرێت؟ ئەمە لایەنی زانستییە؛ تۆ ئەو بەرهەمەی کە لەبەردەستتە لەگەڵ خواستەکەت، تۆ چەندت پێویستە؟ ئێمە ئەوەی لەبەردەستماندایە هەزار و 550 مێگاواتە، لە کاتێکدا لە تەواوی ئەو هەزار و 550 مێگاواتە، 50 مێگاواتی لێ دەر بکە بۆ هەندێک شوێنی گرنگی کارگەکان و هەندێک شوێنی دیکە کە هەر دەبێت بڕە کارەبایەکی کەمی تێدا بێت. واتە هەزار و 500 مێگاواتی تەواو دەدرێت بە هاوبەشان لە هەرێمی کوردستان، کە ئەم ژمارەیە لەچاو خواستی ئەم ساتەوەختە، بۆ ئەوەی روون بێت، کورتهێنانەکەی 60٪ـە، واتە ئەوەی هەمانە 40٪ـی پێداویستییەکانە.
ئێمە لەم دۆخەی ئێستا کە پێشتر رامانگەیاندبوو بەو بڕە هەزار مێگاواتە چوار کاژێر کارەبامان پێدەدرا، لەبەرئەوەی ناهاوسەنگی لە ڤۆڵتییەکاندا هەبوو، هەندێک شوێن هەبوو کارەباکەی بە نۆرەی خۆی بوو، بەڵام نەیدەتوانی وەریبگرێت لەبەرئەوەی حاڵەتێکی ناهاوسەنگ و نائاسایی دروست ببوو. بەڵام لە راستیدا ئێمە لە دوای زیادکردنی ئەو بڕە مێگاواتە، توانیمان کاتەکانی پێدانی کارەبا بۆ نێوان شەش بۆ هەشت کاژێر بەرز بکەینەوە. بەڵێ، لە هەموو شارەکان لە خراپترین دۆخدا [پێدانی کارەبا لە رۆژێکدا] شەش بۆ هەشت کاژێرە، لە هەندێک شوێنیش گەیشتووەتە نۆ کاژێر. خشتەکە ئێمە داینانێین، ئێمە وەک وەزارەت و کۆنترۆڵی هەرێم ئەم وزەیە دابەش دەکەین بەسەر شارەکاندا، شارەکان بۆ خۆیان خشتە دادەنێن و دەیگونجێنن بەپێی ئەوەی بتوانن هاوسەنگییەک و دادپەروەرییەک دروست بکەن لەناو هەموو فیدەرەکان و هەموو شوێنەکان.
رووداو: باشە، پرسیارێکی دیکە ئەگەر ببینین، هاونیشتمانییەک دەڵێت: بۆچی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد ناکەن؟
ئومێد ئەحمەد: من لە سەرەتاوە باسم کرد، ئێمە گوتمان ئەو ژمارەیەی کە زیادمان کرد زۆر بەپەلە بوو، ئەمە گوشارێکی زۆری خستە سەرشانی خۆمان. بە تایبەتی ئێمە لە کاتێکدا تووشی حاڵەتەکە بووین کە لای جەنابتان و لای هەموو لایەک ئاشکرایە ئێمە لە 85٪ـی کوردستان 24 کاژێر کارەبامان هەبوو لەو وەرزەدا، واتە لە دەستپێکی مانگی 11ـەوە. دەتوانم بڵێم کوردستان، بە ناوچەکانی دەرەوەی پرۆژەی رووناکیش، کارەبای باشی هەبوو کە نزیک بوو لە 20 کاژێر لە رۆژێکدا. بۆیە تێگەیشتنمان هەیە بۆ ئەوەی کە لەپڕ حاڵەتێکی وا هاتووەتە پێشەوە، بۆ هاوبەشان سەختە. سەروەختێکی زۆر بوو موەلیدەکان کوژابوونەوە و هیچ ئامادەکارییەک بۆ ئەو حاڵەتە نەکرابوو.
بۆیە بەپەلە ئەوەی لەبەردەستماندا بوو بە توانا و زیاتر لە توانای خۆمان بە وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، هەموو راسپێردراون بەوەی کە جۆرێک لە هاوئاهەنگیی زیاتر لە جاران هەبێت و گوشارێکی زیاتر بکەین بۆ ئەوەی توانای بەرهەم زیاد بکەین. ئێمە لای خۆمانەوە دڵنیایی دەدەین لەوەی کە چیمان پێ بکرێت لە توانای بەرهەمهێنان زیادی دەکەین بەپێی ئەو توانا و سەرچاوەیەی لەبەردەستدایە، بۆ ئەو سەرچاوانەی وزەی کارەبا کە بتوانین بە جۆرێکی دیکە کاریان پێ بکەین، واتە لە دەرەوەی کێڵگەی کۆرمۆر هەرچی سەرچاوەیەکی دیکەمان هەیە بە تەواوەتی لە کاردان.
رووداو: زانیاریی هەیە کە کۆمپانیای دانەگاز دەڵێ دەست بە کارەکان ناکەمەوە تاوەکو گەرەنتیی ئەمنیم پێ نەدرێت، ئەمە راستە؟
ئومێد ئەحمەد: خۆی لە راستیدا ئەو بابەتەی کە ئەوان باسی دەکەن کە گەرەنتیی ئەمنییە، لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی کارەبایە. ئێمە خەڵکی تەکنیکین و ئەوانیش وەک پرۆسەیەکی تەکنیکی. هەموو وێستگەیەک و هەموو دەزگایەک پێویستی بە جۆرێک لە گەرەنتیی ئەمنی هەیە، بە تایبەتی لەوێ کە بە دڵنیاییەوە ئەوەی پێویستە. بەڵام ئەم شتە لە ئیرادەی ئێمەدا نییە وەک وەزارەتی کارەبا.
ئێمە وەک زانیاری لە هەوڵداین، جەنابی وەزیر بەردەوام لەسەر هێڵە لەگەڵ پسپۆڕەکانیان و لەگەڵ لایەنی حکومەتی فیدراڵیش کە ئەوانیش بۆ خۆیان ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەکانن. بە دڵنیاییەوە بەپێی دەرەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەوان و ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ کۆمپانیای دانەگاز دەکرێن، هەوڵەکان چڕ دەکرێنەوە. بەڵام تاوەکو ئەم ساتە و بۆ ئەوەی بە دروستی قسە بکەین، ناتوانین بڵێین چ رۆژێک دەست پێدەکاتەوە. ئێمە وەک وەزارەتی کارەبا هەمیشە داتا و زانیاری و ئەو لێدوانانەی کە دەیدەین، تاوەکو تەواو دڵنیا نەبین، قسەی لەسەر ناکەین.
رووداو: کاک ئومێد کۆمێنتێکی دیکە هاتووە، یەکێک لە کۆمێنتەکان دەڵێت: لەسەر پارە وەرگرتن، ئەم مانگە پارە چۆن وەردەگرن؟
ئومێد ئەحمەد: ئەمجارە ئێمە سەیری دەکەینەوە. بەڕاستی دۆخی کارەبا جارێ لەلای ئێمە لەناو حاڵەتێکی نائاسایی و دۆخێکی شڵەژانی سیستەمەکەدایە و بارودۆخێکی زۆر زۆر سەختە. رەنگە ئەو راگەیاندنکارانەی سەردانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم دەکەن لە هەولێر، بزانن کە کارمەندەکانی ئێمە و ئەو ستافەی کە لەوێیە، بەڕاستی ئەرکەکانی بەدواداچوون بۆ سیستەمەکە و پارێزگاریکردن لە سیستەمەکە چەند قورس بووە. وەک وەزارەتیش لە هەوڵەکان بەردەوامین لە دابینکردنی گازوایل، لە دابینکردنی سووتەمەنی، لە قسەکردن لەگەڵ لایەنی دانەگاز و لایەنی حکومەتی فیدراڵ.
رووداو: لە دارەتوو و رۆشنبیری پرسیار کراوە، دەڵێن: سێ فیدەر هەیە، یەک فیدەر کار دەکات و مانگانە پارە دەدەن، ئەم قسەیە راستە؟
ئومێد ئەحمەد: بۆ نموونە ئەو شوێنە لە سێ فیدەر دووانی دەتوانێت کار بکات و بە نۆرە پێی دەکەن، ئەگەر دابەشی سێی بکەیت هەشت کاژێر دەکات، هەشت کاژێرەکە بۆی هەیە ئەو هاوبەشانەی لەوێن لەسەر ئەو فیدەرانەی دەچێتە ئەوێ بێ کارەبا بن، بەڵام بە دڵنیاییەوە موەلیدە ئیشی کردووە. ئەمە دروستە و حاڵەتی وا هەیە تاوەکو ئۆڤەرلۆدەکە [بارگرانییە لەڕادەبەدەرەکە] چارەسەر دەبێت. بەداخەوە من لە دەستپێکدا باسم کرد، ئێمە سەرقاڵی ئەو کارانە بووین، بڕوامان وابوو کە گرفتەکانمان ئەو گرفتە تەکنیکیانەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێن؛ وەکو لایەنی ئۆڤەرلۆد و هاوسەنگکردنەوەی سیستەمەکە، چاکسازی لەسەر تۆڕی 400 و 132 کەی ڤی، وێستگەکانی 132 کەی ڤی. رەنگە جۆرێک لە خاوبوونەوە هەبێت، بەڵام ئێمە چاکسازیی خۆمان دەکەین، ئیدارەی سیستەمی خۆمان دەدەین و دڵنیاشین لەوەی کە هەر کاتێک گاز بگەڕێتەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، یەکەکانی بەرهەمهێنان و وەزارەتی کارەبا و تیمەکانی چاکسازی و کۆنترۆڵەکان هەموویان لەسەر هێڵن و ئامادەن. ئەو گەڕەکانە ناڵێم کە لەنێو چاکسازیدا بوون، چونکە بابەتی ئۆڤەرلۆدی فیدەر و شتەکانی دیکە هەر لەوێ نییە، بەڵکو لە چەند شوێنێکی دیکەش هەیە و کاری لەسەر دەکرێت. بە دڵنیاییەوە بۆ زستان لۆدی زیاتریشی دەکەوێتە سەر، بۆیە پێویستە کە چارەسەر بکرێت.
رووداو: هەردی تەها نووسیویەتی: گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر لە مانگی حەوتەوە کارەبای 24 کاژێریی نییە.
ئومێد ئەحمەد: ئەو ناوچانەی هەولێر کە لە دەرەوەن [لە پرۆژەی رووناکی] دوو هۆکاریان هەبوو؛ هۆکارێکیان ئەو حاڵەتەیە کە باسمان کرد؛ ئەویش بابەتی ئۆڤەرلۆد، ناهاوسەنگی لە فیدەرەکان و هێڵەکان. ئەوە گرفتی ڤۆڵتیە و کورتهێنانی کارەباشی هەندێک جار دروست دەکرد. بۆ نموونە یەکە دەردەچوو و گرفتی تەکنیکی دروست دەبوو. هەموو ئەمانە پێکەوە ئێستا لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت، واتە کاری لەسەر کراوە و بە بڕوای من ئەگەر گازەکە بگەڕێتەوە، ئەوانە چارەسەر دەبن.
رووداو: ئێستا داوا لە موەلیدەکان کراوە بۆشایی کارەباکە پڕ بکەنەوە، بەڵام لە هەندێک شوێن دەگوترێت موەلیدەکان پابەند نابن.
ئومێد ئەحمەد: خۆی ئەمە بابەتێکە زووتر قسەم لەسەر کردووە. وەزارەتی کارەبا وەک دامەزراوە پەیوەندیی نەبووە بە کارپێکردنی موەلیدەکانەوە؛ بێ گوێدانە ئەوەی کارەبا 24 کاژێر بووبێت یان کەمتر بووبێت، یاخود کارەبا گرفتی تێدا بووبێت، یان تەنانەت لە بارودۆخی قەیرانانیشدا بووبێت. ئێمە وەکو وەزارەتی کارەبا دوور و نزیک پەیوەندیمان بەو بابەتەوە نەبووە. کارپێکردنی موەلیدەکان لە چوارچێوەی یەکە ئیدارییەکاندا بووە؛ پارێزگاکان و قایمقامیەتەکان سەرپەرشتییان کردووە و رێککەوتنیان کردووە لەگەڵ موەلیدەکان. بەپێی زانیاریی ئێمە، هاوڕێکانمان لە کۆنترۆڵی شارەکان، موەلیدەکان هەموویان ئاگادار کراونەتەوە لە رێگەی سەندیکا و لیژنەی خۆیانەوە. هەندێک هەیە تاوەکو ئەم ساتە پابەند نییە، هەندێکیش هەیە گرفتی هەیە؛ بۆ نموونە موەلیدەکەی پێویستی بە چاکسازی هەبووە، ئێستا رەنگە لە یەک دوو رۆژدا ئەوانیش گرفتەکانیان چارەسەر بکەن.
رووداو: ئایا فرۆشتنی کارەبای هەرێمی کوردستان بە عێراق، کاریگەری لەسەر کاژێرەکانی ناوخۆ نەبووە؟
ئومێد ئەحمەد: نەخێر، لەبەرئەوەی ئێستا ناردنی ئەو کارەبایەش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق راگیراوە و هیچ کارەبایەک نانێردرێت.
رووداو: هاونیشتمانییەک نووسیویەتی: ئێمە پێوەرمان میکانیکییە و پارەمان بە خەمڵاندن بۆ دێتەوە.
ئومێد ئەحمەد: نا، ئەگەر میکانیکی بێت حەقی نییە بە خەمڵاندن بێت. ئەوەی وەک پرۆسەیەک کە ئێمە ئاگامان لێی بێت لەناو وەزارەتی کارەبادا، خەمڵاندن بۆ حاڵەتێک دەبێت کە کەسەکە هیچ سەرچاوەیەکی پێوەری وزەی نەمابێت، واتە سەرچاوەیەک نەمابێت بۆ پێوانی وزەکەی بە شێوەیەکی دروست. ئەو کاتە بۆ نموونە کەسێک دەردەکەوێت ساڵێک لە ماڵەکەیدایە یان لە شوێنی کارەکەیەتی و پێوەرەکەی تەواو نییە، ئەو وزەیەی بەکاری هێناوە نازانرێت و سەرچاوەیەکی پێوانەی دروست نەبووە، بەپێی ئەوە پسووڵەی بۆ دەکرێتەوە. بۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە پێشتر چۆن کارەبای خەرج کردووە، نەوەک خەمڵاندنی هەڕەمەکی. بەڵام بەو شێوەیەی کە بۆ نموونە ئەو کاتەی پێوەرەکەی دروست بوو و هەموو شتێک باش بوو، مانگانە 30 هەزار دیناری بۆ هاتووەتەوە و دواتر بۆ چەند مانگێک زۆر لەوە زیاتری بۆ هەژمار بکرێت، ئەوە ناکرێت و تەواو.
رووداو: بەڕێز ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت.
ئومێد ئەحمەد: زۆر سوپاس بۆ ئێوە.


