رووداو دیجیتاڵ
"ئاگاداربن هات" ئەمە پەیامی دانیشتووانی قەزای خەبات و ناحیەی خازرە، بۆ خزم و کەس و ناسیاوانیان لە نێو شاری هەولێر و دەوروبەری، کە درۆن بەرەو شاری هەولێر بەڕێوەیە، بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن.
هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەت بۆ سەر شاری هەولێر بۆ 11ـەمین شەو لەسەر یەک بەردەوام بوون، زۆرترین هێرشەکانیش لە سنووری ئیدارەی سۆران بوون.
لە سێبیران درۆنێک کەوتە خوارەوە
کاژێر 1:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقاندنەوەی درۆنێک ئاسمانی کۆمەڵگەی سێبیرانی سەر بە شاری هەولێری رووناک کردەوە، پارچەی درۆنەکان کەوتنە سەر بانی ماڵی هاونیشتمانییەک بە ناوی شاخەوان عومەر سوڵتان، کە لەو کاتەدا لە ماڵ نەبوون.
شایەتحاڵێک کە بە گوتەی خۆی دەستبەجێ گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە، بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند "گوێم لە دەنگێک بوو، یەکەم کەس بووم گەیشتمە شوێنەکە، وێنەم گرت، دەنگی دوو تەقینەوە لەسەر ماڵەکە هات."
🔴درۆنەکە لە ئاسمان دەتەقێندرێتەوە؛ سەیری ئەو دیمەنە بکەن لە سنووری هەولێر تۆمار کراوە کاتێک سیستمی بەرگری بەرپەرچی هێرشی درۆنێک دەداتەوە pic.twitter.com/M8y6C5yt1o
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 10, 2026
"ئاگاداربن هات"
بە گوتەی دانیشتووانی کۆمەڵگەکە ئەو درۆنانە لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەواوە ئاراستەی هەولێر دەکرێن.
هاونیشتمانییەکی کۆمەڵگەی سێبیران بە رووداوی گوت: "خزم و کەسمان هەیە لە خەبات و خازر، کە درۆنەکە دێت ئاگادارمان دەکەنەوە، ڤیدیۆی درۆنەکەیان بۆ ناردین."
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، شوێنی هاوێشتنی ئەو درۆنانە دیارە، کە ژیانی ئەوانی تاڵ کردووە و ناهێڵن منداڵەکانیان بنوون، بۆیە داوا دەکات رێگری لەو کەسانە بکرێت کە درۆنەکان ئاراستە دەکەن.
هەرچەندە هەفتەی رابردوو محەممەد شیاع سوودانی، بەرپرسانی هەواڵگریی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی دەشتی نەینەوای لە کارەکانیان دوورخستەوە بە پاساوی ئەوەی زانیارییەکانیان نەبوونەتە رێگر لە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو رێکارە نەبووە هۆی کۆتاییهێنان بەو هێرشانە.
درۆنێک لە سنووری شاری هەولێر کەوتەخوارەوە و شایەتحاڵێک دەڵێت: ئاگری لێ بەرزدەبووەوە، دوای کەوتنی دوو جار تەقییەوە pic.twitter.com/1hlbehaaTB
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 10, 2026
کۆمەڵگەی سێبیران دەکەوێتە تەنیشت فڕۆکەخانەی هەولێر، زۆربەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانیش دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەکە. نورهات هەرکی، کە دانیشووی کۆمەڵگەکەیە بە رووداوی گوت: "بەردەوام درۆن و پارچەی درۆن و مووشەک لە دەوروبەرمان دەکەونە خوارەوە، بۆیە ژیانمان لە مەترسیدایە."
سێ درۆن لە نزیک ماڵی پەرلەمانتارێکی پارتی خرانە خوارەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی سەرکەندی خەیلانیان لە سنووری قەزای هەریر سێ درۆن خرانە خوارەوە.
سەعدی خەیلانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی و موختاری گوندەکە بە رووداوی راگەیاند، درۆنەکان دوای کاژێر 12ی شەو خرانە خوارەوە، ژمارەیان سێ درۆن بوو لەلایەن سیستەمی بەرگریی لە ناوچەکە خراونەتە خوارەوە.
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، سەعدی خەیلانی گوتی: "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیان نەبووە."
لە سنووری هەولێر درۆنێک کەوتووەتەخوارەوە و بەپێی زانیارییەکان بە 'خانوویەکی چۆڵ کەوتووە و زیانی گیانی نەبووە' pic.twitter.com/DRRs6jxTR2
