رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێ، كۆی ئاوی کۆگاکراوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە نزیكەی 7 ملیار مەتر سێجا. ئاماژە بەوەش دەکات، لە كۆی 25 بەنداوەكە "تەنیا سێ بەنداو ماون سەرڕێژ بن، كە یەکێکیان پڕبوونی مسۆگەرە."
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە 04-04-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كۆی گشتی ئاوی كۆكراوەی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە نزیكەی 7 ملیار مەتر سێجا، "ئەوەش بڕێكی ئێجگارە باشە. ئێستا تەنیا بەنداوەكانی دووكان، دەربەندیخان و گۆمەسپان ماون سەرڕێژ بن. 22 بەنداوەكەی دیكە سەرڕێژ بوون."
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، بەنداوی دووكان ئێستا 4 ملیار و 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، كە دەكاتە 65% توانای ئاوی گلدراوەی بەنداوەکە و رۆژانەش 30 سانتیمەتر ئاوەكەی زیاد دەكات.
ئەوەی کە پەیوەندی بە بەنداوی دەربەندیخانەوە هەیە، رەحمان خانی گوتی، 2 ملیار و 350 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدایە کە دەکاتە 92%ی توانای ئاوی گلدراوەی.
بابەتی پەیوەندیدار
کوردستان28/04/2026
وەزارەتی ئەوقاف: جەژنی قوربانی پیرۆز 26 یان 27ی ئایار دەبێت
کوردستان28/04/2026
دوو کەس لە پارێزگای ورمێ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
ئاماژەی بەوەش کرد، کەشەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەم ساڵ بەنداوەکە سەرڕێژ دەبێت.
وەک رەحمان خانی گوتی، بەنداوی گۆمەسپانیش 90 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت و ئێستا 24 ملیۆنی تێدایە، كە دەكاتە 25%ی بەنداوەكە. ئاماژەی بەوەش کرد، "بەنداوی گۆمەسپان ئەم ساڵ سەرڕێژ نابێت. دووكانیش هێشتا دیار نییە سەرڕێژ دەبێت یان نا."
لە هەرێمی كوردستان 25 بەنداوی گەورە و بچووك هەن. بەنداوەكانی دووكان و دەربەندیخان گەورەترینەکانن.
بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانی وەك یەكەم بەنداو لەسەر ئاستی عێراق دروستكرا و بە گەورەترین بەنداوی هەرێمی كوردستان دادەنرێت.
بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمریكی دروستكرا و 2 ملیار 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت.
