رووداو دیجیتاڵ
ئەمجارە نەوت یەخەی بازاڕی ئاوی گرتووە؛ لە هەرێمی کوردستان تینوێتی تێچوویەکی زیاتری دەوێت، بەڵام کێشەکە نە لە سەرچاوەکانی ئاوە و نە لە کارگەکانی پاڵاوتن، بەڵکو هەموو هۆکارەکە لەناو دەبەیەکی پلاستیکیدا کۆبووەتەوە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بۆرسە جیهانییەکاندا، نرخی مادەی خاوی پلاستیک لە وڵاتانی چین و ئێران بە رێژەی 45٪ بەرزبووەتەوە. خاوەن کارگەکان دەڵێن، ئێستا تێچووی بەرهەمهێنان 50٪ زیادی کردووە؛ چونکە جگە لە پلاستیک، نرخی کارتۆن و گواستنەوەش روویان لە هەڵکشان کردووە.
سەرەڕای بەردەوامیی جووڵەی بازرگانی، سێبەری جەنگ و ئاڵۆزییەکان وایکردووە کاڵا هاوردەکراوەکان لە دەروازە سنوورییەکانەوە بە نرخێکی گرانتر بگەنە دەستی کڕیار. یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانیش پشتڕاستی دەکەنەوە کە تێچووی گواستنەوەی کاڵاکان بەشێوەیەکی بەرچاو گران بووە.
لەمەودوا تێچووی تینوێتی بۆ هاونیشتمانییان گرانتر دەکەوێت؛ ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، ئاوی دەبە تەنیا ئاو نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە نرخی گرانبوونی نەوت و سێبەری ئەو جەنگانەی بەرۆکی ناوچەکەیان گرتووە.