رووداو دیجیتاڵ
عەجاج بە دەنگە بەرزەکەی و کێبڵەکەی دەستییەوە لە گۆڕەپانی نێوەڕاستی گرتووخانەی نوگرە سەلمان، کەوتبووە گیانی ئەو گەنجانەی بەپێوە وەستابوون، پیاوێکی 66 ساڵان لێی هاتە دەنگ: "بۆ لێیان دەدەیت؟ تاوانیان چییە؟"
ئەو کەسە ئەڵڵا کەرەم میر ئەحمەد، یەکێک لە گیراوانی نوگرەسەلمان بوو. دەنگەکەی، عەجاج و دارودەستەکەی بە پڕتاو بە ئاراستەی خۆیدا برد، بە کێبڵ بەربوونە گیانی و بووە یەکەم شەهیدی دەستی جەللادەکەی نوگرەسەلمان.
ئەڵڵا کەرەم لەگەڵ دوو کوڕ و کچێکی لە 9ی ئابی 1988 لە ئۆردوگاکانی ئێرانەوە بە فێڵێک گەڕانەوە دیوی باشووری کوردستان، لەوێوە سەربازانی سوپای پێشوو دەستگیریان دەکەن و لە 16ی هەمان مانگ دەیانبەنە گرتووخانەی نوگرە سەلمان.
سەلمان ئەڵڵاکەرەم تەمەنی 23 ساڵ بووە ئەو کاتەی لەگەڵ باوکی راپێچی نوگرەسەلمان کراوە، ئەو بە رووداوی گوت: "کە عەجاج لە باوکمی دا، لەهۆش خۆی چوو، دوای 24 کاژێر گیانی لەدەستدا و بردمە دەرەوەی گرتووخانە بە خاکم سپارد، بەڵام بیرم نەماوە ئێستا شوێنەکە کوێیە".
چیرۆکی ئەڵڵا کەرەم لە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی لە 5ی ئایار، هۆڵی دادگاییکردنەکەی هەژاند، ئەیاد کاکەیی، پارێزەرى دۆسیەکە بە رووداوى گوت:" ئەڵڵا کەرەم یەکەم شەهیدى دەستى عەجاج بووە لەنێو هەڵەبجەییەکان"
لە دانیشتنەکەدا عەلی عارف دانیشتووی هەڵەبجە، وەک شایەتحاڵێکی رووداوەکە لەبەردەم دادوەر گوتی: "لەبەرچاوی هەمووان عەجاج لە ئەڵڵا کەرەمی دا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا".
