رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لەکاتی دروێنەدا عەرەبی هاوردە کێشە بۆ جووتیارانی کورد دروست دەکەن، ئەم ساڵ لە سنووری پردێ کێشە بۆ جووتیاران دروستکراوە و رێگری کراوە لە دروێنەکردن، بەڵام نوێنەرێکی جووتیاران دەڵێت، جارێ دروێنە لە ناوچەکانی دیکە دەستیپێنەکردووە بزانن رێگری دیکە دەکرێت یان نا.
ساتع ناسیح، یەکێک لە نوێنەرانی جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ، عەرەبی هاوردە بە پشتیوانی سوپای عێراق رێگرییان لە جووتیارانی کورد کرد کە دروێنە بکەن لە گوندی گورزەیی ناحیەی پردێ".
ساڵانە لە کاتی دروێنەدا جووتیارانی کورد رێگریان لێدەکرێت، بەتایبەت لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان، تۆپزاوا و گوندەکانی ئەو سنوورە.
نوێنەرەکەی جووتیاران گوتی: "تاوەکو ئێستا دروێنە لە تۆپزاوا و سەرگەڕان دەستیپێنەکردووە و نازانین وەکو پار کێشە دروست دەبێت یان نا".
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کێشەیەی لە گوندی گورزەیی دروستبووە بابەتی خاوەنداریی زەوییە، کە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە".
ساڵانە عەرەبە هاوردەکان لەسەر بنەمای گرێبەست یان تاپۆی دەسەڵاتی پێشووتری عێراق بۆ زەوییەکان، خۆیان بە خاوەنی زەوی جووتیارانی کورد دەناسێنن و بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی پێیانە سکاڵا دژی جووتیارانی کورد و بەشێکی جووتیارانی تورکمان تۆمار دەکەن.
