رووداو دیجیتاڵ
فەسڵە یووسف، پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی کورد لە پەرلەمانی سووریا رایدەگەیێنێت، بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لە شاری دیمەشق، بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشدار دەبێت و هەوڵ دەدات بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی سوێندی یاسایی بخوات.
فەسڵە یووسف، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی رۆژاڤای کوردستان کە دڵبخوین دارا پێشکێشی دەکات، قسەی کرد و گوتی: ئامانجیی سەرەکیی ئەو وەک پەرلەمانتار، بەرگریکردنە لە مافە رەواکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا.
ئەو گوتی: "دۆزی کورد دۆزێکی ستراتیژی و سیاسییە و دەبێت لە ژێر چەتری پەرلەماندا و لەرێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت."
سەبارەت بە ژمارەی پەرلەمانتارە کوردەکان کە تەنیا 8 کەسن، فەسڵە یووسف ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ژمارەکە کەمە، بەڵام ئەوان دەتوانن دەنگی کورد لە دیمەشق بەرز بکەنەوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە بۆ سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکان، جۆرێک لە هاوئاهەنگی و هاوپەیمانێتییان لەگەڵ هەندێک بەربژێری عەرەب کردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەسڵە یووسف ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی سووریا لە قۆناخــێکی هەستیاردایە و پێشبینی دەکات لەو 7 پەرلەمانتارەی کە بڕیارە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەستنیشان بکرێن، نوێنەری کوردیشیان تێدا بێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: فەسڵە خان بەخێربێیت. پیرۆزبایی سەرکەوتنت لێ دەکەین، خۆشحاڵم کە دەبینم ژنە سیاسییەکی کورد بووەتە پەرلەمانتار.
فەسڵە یووسف: سوپاس. سوپاس بۆ تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەم دەرفەتە. ئەم سەرکەوتنە لە هەموو گەلی کورد پیرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم سەرکەوتنە لە داهاتوودا خزمەت بە دۆزی گەلی کورد بکات.
رووداو: چەند پرسیارێکی جیاوازم هەیە. بۆ نموونە، سبەی لە (دیمەشق) لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا بەشدار دەبیت؛ یەکەم داواکاری و یەکەم قسەت لە ناو پەرلەمانی سووریادا چی دەبێت؟
فەسڵە یووسف: بێگومان یەکەم داواکاری و ئامانجمان مافی گەلی کوردە. بەڵام کاتێک لە دەزگایەکی دەوڵەتی سووریادا کار دەکەین، بێگومان ئێمە کوردین و سووریاییشین؛ وەک چۆن بۆ دۆزی کورد کار دەکەین، ئاواش بۆ هەموو سووریا بە گشتی کار دەکەین. بەرگری لە مافی گەلی کورد و هەموو خەڵکی سووریا و هەموو پێکهاتەکان دەکەین تاوەکو هەمووان ئازاد بن و خاوەن ماف و رۆڵی خۆیان بن.
رووداو: فەسڵە خان، شتێکی دیکەم بە بیردا هات؛ سبەی ئەگەر سوێندی یاسایی هەبوو، بە کوردی سوێند دەخۆیت یان بە عەرەبی؟
فەسڵە یووسف: بەڕاستی لە بەرنامەمدایە کە هەم بە کوردی و هەم بە عەرەبی سوێند بخۆم. بێگومان دەبێت بە عەرەبی بێت چونکە پێکهاتەی عەرەبیش لەوێن، بەڵام ئەگەر ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێت، بە کوردی و عەرەبی پێکەوە سوێند دەخۆم.
رووداو: بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچیتە ناو پەرلەمان یان بەم جلوبەرگەی ئێستاوە؟
فەسڵە یووسف: بۆ یەکەم دانیشتن، بێگومان بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچم.
رووداو: زۆر باشە، جلوبەرگی کوردی زۆر لە تۆ دێت. فەسڵە خان، ژمارەی کوردەکان 8 پەرلەمانتارە؛ لەسەر ئەمە چی دەڵێیت؟ لە کاتێکدا هەندێک لایەن بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردبوو.
فەسڵە یووسف: بەڵێ، وەک دەزانن دۆخی سووریا ئێستا لە قۆناخــێکی هەستیار و دژواردا تێدەپەڕێت.
