رووداو دیجیتاڵ
هێشتا چارەنووسی سەتان منداڵ نادیارە کە لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی 1988دا لە خێزانەکانیان دابڕان. 8 کەس بە خێزانەکانیان شادبوونەتەوە، بەڵام مەزەندە دەکرێ نزیکەی 400 منداڵی دیکە لەلایەن خێزانەکانی ئێرانەوە بەخێوبکرێن.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی منداڵە ونبووەکان دەکات، لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی رووداودا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 76 خێزان بە فەرمی داوای دۆزینەوەی 119 منداڵیان کردووە، چونکە هەندێک خێزان زیاتر لە منداڵێکیان ونبووە.
بە گوتەی لوقمان عەبدولقادر، دوای کیمیابارانەکە نزیکەی 400 منداڵی بێسەرپەرشتی هەڵەبجە لەلایەن دامەزراوەی خۆشبژێویی ئێرانەوە درانە خێزانە ئێرانییەکان.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و لوقمان عەبدولقادر
رووداو: تا ئێستا چەند منداڵی ونبوو دۆزراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ خێزانەکانیان؟
لوقمان عەبدولقادر: رۆژی 25-5 رۆژی جیهانیی ونبووانە و بەداخەوە پارێزگای هەڵەبجەش لە دوای تاوانی کیمیابارانەکەوە بێبەش نەبووە لەو ئازارەی دوای 38 ساڵ، هێشتا دایکان و باوکان لە چاوەڕوانیی منداڵەکانیاندان. تاوەکو ئێستا 8 کەس دوای تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە کەسوکاریان شادبوونەتەوە، هەرچەندە 2 لەو کەیسانە هێشتا لە دادگەن و لە چاوەڕوانیی بڕیاری کۆتاییدان، بەڵام خۆشبەختانە ئەوانی دیکە بێ کێشە لەنێو خێزانەکانیان دەستیان بە ژیانێکی نوێ کردووەتەوە.
رووداو: هیچ کەسێک هەیە خەڵکی هەڵەبجە بێت و گومانی لەوە هەبێت منداڵی ونبووی هەڵەبجە بێت و تاوەکو ئێستا رێکارەکانی نەگرتبێتەبەر؟
لوقمان عەبدولقادر: بەڵێ، بەو پێیەی ئێمە لە کەیسەکانی دیکەدا رۆڵی سەرەکیمان هەبووە، لە رێگەی ئەو پەیوەندییانەوە خەڵک پەیوەندیمان پێوە دەکات. ئێستا 2 کەس داوایان کردووە پشکنینیان بۆ بکرێ و دی ئێن ئەیان لەگەڵ ئەو خێزانانەدا بەراورد بکرێ کە منداڵیان ون بووە. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆردێک لە چەند وەزارەتێکی پەیوەندیدار دروستکرا کە هەر وەزارەتێک رۆڵی کاریگەری لە سۆراخکردن و دۆزینەوەی منداڵەکاندا هەبوو، ئەمەش جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشی بوو. بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەو بۆردە زیاتر لە 2 بۆ 3 ساڵە دروست کراوە و تاوەکو ئێستا لەڕووی کردارییەوە نەیتوانیوە لە نزیکەوە پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاری منداڵە ونبووەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەدا هەبێت و ئەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەی کەیسەکانی دیکە بڕەوێنێتەوە. دەتوانم بڵێم ئەو بۆردە گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام لەڕووی کردارییەوە هێشتا لە ئاستی ئەو خواستەدا نییە کە کەسوکاری منداڵە ونبووەکان چاوەڕێی دەکەن.
رووداو: چەند خێزان داواکارییان پێشکێش کردووە بۆ دۆزینەوەی منداڵەکانیان؟
لوقمان عەبدولقادر: بەڵێ، ئامارمان لەبەردەستە. پێشتر لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لیژنەیەک بۆ منداڵە ونبووەکان هەبوو، کە لەژێر چاودێریی پارێزگار بوو و ئێمەش ئەندام بووین تێیدا. ئەو میراتگرانەی هاتنە بەردەم دادگا، گوتەیان لێ وەرگیرا و ئەو بەڵگە و نیشانانەی لەسەر رووخسار و جەستەی منداڵەکانیان هەبوون، کرانە دۆکیۆمێنت. 76 خێزان هاتنە نێو کەیسەکەوە و داوای 119 منداڵیان دەکرد، چونکە هەندێکیان زیاتر لە منداڵێکیان لەو تاوانەدا ون ببوو.
ئێمە دوو ئاماری جیاوازمان هەیە. یەکێکیان ئەوەیە کە ساڵی 1988، لە سەردانێکی مەیدانیمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڕێز فارووقی زەوارە، کە ئەو کاتە بەرپرسی مانگی سوور بوو لە هەورامان، ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە 300 منداڵی هەڵەبجە بێ دایک و باوک بوون و دراونەتە دامەزراوەی خۆشبژێوی. دامەزراوەکە لە ئێران ئەو منداڵانە لەخۆ دەگرێ کە دایک و باوکیان نییە.
ئامارێکی دیکەمان لەبەردەستە کاتێک پیاوێک لە شاری سنە بە ناوی ئاغای بلووریان منداڵێک بۆ بنەماڵەی جەعفەری وەردەگرێ و دەڵێت: "من چوومە شوێنێکی تایبەت کە بۆ ئەو منداڵانە دابین کرابوو، 48 منداڵی هەڵەبجەی لێ بوو و من یەکێکیانم هەڵگرت." بۆیە بەپێی ئەم دوو بەڵگەیە، نزیکەی 400 منداڵی هەڵەبجە لە رێگەی دامەزراوەی خۆشبژێوییەوە لە ئێران دراونەتە خێزانە ئێرانییەکان.
ئەم کەیسە زیندووە. کەمتەرخەمییەکە لە خۆمان و لە حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە بووە. ئەو کاتە توانیمان بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ببینین و ئەوانیش رێنوێنییان کردین کە چۆن سۆراخی منداڵەکان بکەین. بەڵام کاتێک وەک شاندێک لە هەڵەبجەوە چووینە بەغدا، کە کەسانی ئایینی و قایمقامی ئەو کاتەمان لەگەڵ بوو، داوامان کرد لە پەرلەمانی عێراقەوە یاسایەک ئاراستەی پەرلەمانی ئێران بکرێ بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێ فایلەکانی ئەو دەزگایەی سەرپەرشتیی منداڵەکان دەکات بکرێتەوە، بەڵام پەرلەمانی عێراق وەڵامی داواکارییەکەی نەداینەوە.