رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە دەروازەی شاری کەرکووک لەسەر شەقامی گشتیی سلێمانی لە نێوان بارهەڵگرێکی چیمەنتۆ و 20 ئۆتۆمبێلی دیکە، 6 کەس گیانیان لەدەستدا و 27 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، عامر نووری شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی روویدا و بارهەڵگرێک خۆی کێشاوە بە زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێلی دیکەدا".
بە گوتەی عامر نووری، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا 6 کەس مردن و 27ـی دیکەش بریندارن بوون. گوتیشی: "بارهەڵگرەکە هی گواستنەوەی چیمەنتۆی وشک بووە و دوای ئەوەی خۆی بە 15 ئۆتۆمبێلەکەدا کێشاوە، ئاگری گرتووە".
هەر لە دوای رووداوەکە، تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن تاوەکو رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بکەن.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، گوتی: "سێ ژن و پیاوێک و منداڵێکن."
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی کەرکووک، برینی 3 لە بریندارەکان "مەترسیدارە"، دوو برینداریش نەشتەرگەری بۆ کراوە.
لە رووداوەکە 4 کەس ئەندامێک یان چەند ئەندامێکی جەستەیان شکاوە، 2 کەسی دیکەش بەهۆی سووتانی ئۆتۆمبێلەکان جەستەیان سووتاوە.
