رووداو دیجیتاڵ
دادوەری یەکەمی دادگای باری کەسێتیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ساڵانە نزیکەی 500 داواکاریی جیابوونەوە زیاد دەبێت و دەڵێت، 70%ـی ئەو هاوسەرگیرییانەی لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە دەکرێن، لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا بە جیابوونەوە کۆتاییان دێت.
رۆژی دووشەممە، 16ـی ئابی 2026، دادوەر سۆران ئیبراهیم، دادوەری یەکەمی دادگای باری کەسێتیی سلێمانی، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، ئامار و زانیاریی نوێی لەبارەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە سلێمانی ئاشکرا کرد.
"کارەساتی هاوسەرگیریی پێشوەختە"
دادوەر سۆران ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد، دیارترین هۆکاری جیابوونەوە هاوسەرگیریکردنی کچانە لە خوار تەمەنی 18 ساڵی و رایگەیاند: "بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵانی 2023 تاوەکو 2025، نزیکەی 70%ـی ئەوانەی پێش تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیرییان کردووە، لە ماوەی یەک تاوەکو دوو ساڵدا جیابوونەتەوە. تەنیا ئەمڕۆ لە کۆی مامەڵەکانی هاوسەرگیری، پێنج کچیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە."
جیاوازیی تەمەن؛ کچێکی 24 ساڵ و پیاوێکی 80 ساڵ
دادوەرەکە نموونەی دەگمەنی جیاوازیی تەمەنی لەنێوان هاوسەرەکاندا خستەڕوو و گوتی: "حاڵەتمان هەبووە کچێکی لەدایکبووی ساڵی 2002 هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی لەدایکبووی ساڵی 1946 کردووە، واتە جیاوازیی تەمەنیان 56 ساڵ بووە. هەرچەندە ئەم حاڵەتانە دەگمەنن، بەڵام هاوسەرگیریی خوار 18 ساڵ رووی لە زیادبوونە."
ئامارەکان چی دەڵێن؟
بەگوێرەی گوتەکانی دادوەری یەکەمی دادگای باری کەسێتیی سلێمانی، سکاڵاکان بەگشتی روویان لە زیادبوونە، لە ساڵی 2023ـدا: 8,168 سکاڵا هەبووە. لە ساڵی 2025ـدا: 9,169 سکاڵا تۆمارکراون. نزیکەی 40%ـی کۆی سکاڵاکان داوای جیابوونەوەن. ساڵانە نزیکەی 500 داواکاریی جیابوونەوە زیاد دەبێت، بەڵام رێژەی هاوسەرگیری بەو شێوەیە زیاد نابێت.
هاوسەرگیری لەگەڵ بیانییەکان؛ لە چینەوە بۆ سلێمانی
دیاردەیەکی دیکە کە دادوەر سۆران ئاماژەی پێ دا، زیادبوونی هاوسەرگیریی "کورد و بیانی"ـیە، کە زۆربەیان لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە یەکدیان ناسیوە. دادوەرەکە گوتی: "دوو کوڕی چینی هاتوونەتە سلێمانی و هاوسەرگیرییان لەگەڵ دوو کچی کورد کردووە، هەروەها کچ لە وڵاتانی وەک پاکستان، رووسیا و فەرەنساوە هاتوون و شوویان بە کوڕی کورد کردووە. بەپێچەوانەشەوە، کوڕی ئەمریکی و ئەڵمانی هاتوون و کچی کوردیان خواستووە."
لەبارەی مەرجەکانی ئەم هاوسەرگیرییانە، دادوەرەکە روونی کردەوە کە دەبێت بیانییەکان پشکنینی خوێن و رەزامەندیی ئەمنییان هەبێت و ببنە موسڵمان، چونکە گرێبەستەکان بە شێوازی ئیسلامی دەکرێن.
هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوە بە بڕوای دادوەر سۆران، بریتین لە: نەگونجاندن و ناپاکی، زیانپێگەیاندن و نەخۆشی، کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات و هاوسەرگیریی پێشوەختە (خوار 18 ساڵ).
دادوەری یەکەمی دادگای باری کەسێتیی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دۆخە پێویستی بە پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی یاسایی هەیە، چونکە رێژەی جیابوونەوە لەنێوان تەمەنە بچووکەکاندا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.


