رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە تەقەی لە کارمەندانی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی (پشتێنەی سەوزایی) هەولێر کردبوو. لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ کارمەندی کۆمپانیاکە بریندار بوون.
رۆژی یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی دروستبوونی ئاڵۆزی لە سنووری ناحیەی بەحرکە لە هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێ: "سەبارەت بە دروستبوونی کێشە و ئاڵۆزی و رێگریکردن لە کۆمپانیای جێبەجێکاری دروستکردنی پرۆژەی (پشتێنەی سەوزایی) شاری هەولێر کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی بەحرکە، لە لایەن چەند هاووڵاتییەکی ئەو سنوورەوە رێگری لە کارمەندانی کۆمپانیاکە کرا و هێرش کرایە سەریان".
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە هێرشەکدا سێ لە کارمەندانی کۆمپانیاکە بریندار بوون.
لەبارەی رێکارە یاساییەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە، ئاسایشی هەولێر گوتی: "ئەو تۆمەتبارەی تەقەکەی کردووە بە ناوی ( م ، ت ، ت ) لە لایەن هێزەکانمانەوە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە."
پڕۆژەی (پشتێنەی سەوزایی) بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی بازنەیی 150 مەتری، بە پانیی دوو کیلۆمەتر و درێژیی 92 کیلۆمەتر بە داری زەیتوون و فستق سەوز دەکرێ.




