رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی زۆر لە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشتەجێی پارێزگای هەولێرن، داوا دەکەن کارتی سووتەمەنییان بۆ وەرگرتنی بەنزین بە نرخی حکومی بۆ کارا بکرێت. لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێریش دەڵێت، چاوەڕێی بڕیاری پارێزگان بۆ کاراکردنی کارتەکانیان.
ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە سنووری پارێزگای هەولێر نیشتەجێن، بەدەست گرانیی نرخی بەنزینەوە دەناڵێنن. هاونیشتمانییەکی تەمەن 62 ساڵی خەڵکی رۆژهەڵات کە دانیشتووی ناحیەی بەحرکەیە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کارتێکی ئەلیکترۆنیمان هەیە، بەڵام تەنیا بۆ گازی ماڵان کار دەکات؛ کاتێک دەچینە نۆرەی بەنزین، پێمان دەڵێن کارتەکەتان لە سیستەمدا نییە و چالاک نەکراوە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، کە بەهۆی کارانەکردنی کارتەکانیانەوە ناچارن بەنزین بە نرخی بازاڕ بکڕن، کە هەر لیترێکی بە 1800 دینارە. ئەو دەڵێت: "بۆ 30 لیتر بەنزین دەبێت 72 هەزار دینار بدەین، لە کاتێکدا ئەگەر بە کارت و بە نرخی حکومی بێت تەنیا 30 هەزار دینارمان دەچێت؛ واتا 42 هەزار دینار زیاتر دەدەین، کە ئەمە بۆ ئێمەی پەنابەر و بێدەرەتان زۆر قورسە."
سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە دەسەڵاتی پارێزگادایە.
لێپرسراوی لیژنەی پشکنین گوتی: "ئەو کارتە ئەلیکترۆنییانەی لای کوردانی رۆژهەڵاتە، لە بنەڕەتدا بە رەزامەندیی تایبەت بۆ گازی ماڵان جێگیر کراون؛ هەر کاتێک بڕیار لە پارێزگاوە بۆ ئێمە دەرچوو کە بۆ بەنزینیش بەکاربێت، ئێمە دەستبەجێ لە سیستەمدا چالاکی دەکەین."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)