رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) دەڵێ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە 5 مووشەک هێرش کراوەتە سەر چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
ئەمڕۆ دووشەممە 14-9-2026 دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، کاژێر 03:10ـی بەرەبەیانی بە 5 مووشەک هێرش کرایە سەر چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێ، 3 مووشەک ئاراستەی زڕگوێزەڵە لە پارێزگای سلێمانی کراون، مووشەکێک لە نزیک گوندی گورگەچیا سەر بە ناحیەی سیروان لە پارێزگای هەڵەبجە کەوتووەتە خوارەوە. مووشەکێکی دیکەش لە نێوان گوندەکانی داری زاین و میراسی خواروو لە قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی کەوتووەتە خوارەوە.
ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە لە هێرشەکاندا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، هاوکات داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لەپێناو پاراستنی سەلامەتییان لە دوای هێرشەکان لە شوێنەکان نزیک نەبنەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، بە 983 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون.



