رووداو دیجیتاڵ راوێژکارێکی رێبەری ئێران دەڵێ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێران داوە، بەڵام بە ئاشکرا رایناگەیێنێت. جێگری سەرۆکی ئەمریکاش ئەوە رەتدەکاتەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 13-06-2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری ئێران بۆ کاروباری سەربازی سەبارەت بە دانوستاندن و یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی تاران و واشنتن پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێران داوە. موحسین رەزایی ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرەڕای رەزامەندبوونی، ترەمپ بە ئاشکرا پرسی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران راناگەیێنێت. پەیامەکەی راوێژکاری رێبەری ئێران لەکاتێکدایە، شەوی هەینی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش سەبارەت بە نێوەڕۆکی یاداشتەکەی لێکتێگەیشتن لەنێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتن، هیچ پارەیەکی ئێران بە بلۆککراوی نامێنێتەوە. هاوکات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئێران هیچ پارەیەک وەرناگرێتەوە و ''تەنیا بە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن یان دانیشتنێک، هیچ سەرچاوەیەکی دارایی نادرێتەوە بەو وڵاتە.'' بەگوتەی جەی دی ڤانس، یاداشتەکەی لێکتێگەیشتن بە شێوەیەک نووسراوە کە نیگەرانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەپێشینەن و ''ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بە بەرژەوەندیی ئابووریی ئەوان و سەرجەم ناوچەکە دەبێت.'' کەی یاداشتەکە واژۆ دەکرێ؟ دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی و رایگەیاند، ئەگەری هەیە رێککەوتنەکە تاوەکو رۆژی دووشەممە یان لەو رۆژەدا واژۆ بکرێ. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەموو کاتێک نزیکترە. لەلایەکی دیکەوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کە وڵاتەکەی نێوەندگیری سەرەکیی نێوان واشنتن و تارانە، لە ئێکس نووسیویەتی: "گەیشتووینەتە دەقێکی رێککەوتوو بۆ پەیماننامەی ئاشتی،" ئاماژەی بەوەش کرد ئیسلامئاباد ئێستا لەگەڵ هەردوو لا کار لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو دەکات. هەرچەندە لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەستێکی لەرزۆک لەنێوان واشنتن و تاران راگەیێندراوە، بەڵام چەندین جار بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانەوە درزی تێکەوتووە.