رووداو دیجیتاڵ
دادپزیشکیی ئێران دەڵێ، لە ساڵێکدا زیاتر لە 19 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە. زۆرترین گیانلەدەستدان لە پارێزگای تاران بووە.
ئەمڕۆ شەممە 13ی حوزەیرانی 2026 دادپزیشکیی ئێران ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی لە وڵاتەکە بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکە، لە 21-03-2025 تاوەکو 21-03-2026، واتە لە یەک ساڵدا 19 هەزار و 540 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
لەو ژمارە لە گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە، 15 هەزار و 660 کەسیان لە رەگەزی نێر و سێ هەزار و 880 کەسەکەی دیکە لە رەگەزی مێ بوون.
دادپزیشکیی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، هۆشیار نەبوونی شۆفێران، لێخوڕینی بێباکانە، خراپیی رێگەوبان لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو هەموو رووداوە بوون.
زۆرترین مردن بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی تاران بە هەزار و 565 کەس، فارس بە هەزار و 543 کەس و سیستان و بەلووچستان بە هەزار و 390 کەس بووە.
کەمترینیش لە پارێزگاکانی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بە 192 کەس، کۆهگیلۆیە و بویەرئەحمەد بە 222 کەس و قوم بە 278 کەس بووە.



.jpg&w=3840&q=75)
